fbpx
Shadow Shadow

کامێراکانی هاتووچۆ بوونەتە هۆی کەمکردنەوەی ڕێژەی گیانلەدەستدان؟ [تایبەت]

19:48 یه‌ك شه‌ممه‌ 22 ئه‌یلول 2019
article image

ناس کورد- شەهرام عەزیز

 

بەشێکی زۆر لە شۆفێران ڕەخنە لە دانانى کامێراکانی هاتووچۆ  لەنێو شەقام و رێڕەوەکانى هاتووچۆ دەگرن و تەنانەت زۆرێکیان ئەو کارە بە “پارە کێشانەوە لە خەڵک” ناو دەبەن، بەڵام بەگوێرەی ئامارەکان لە دوای دانانی ئەو کامێرایانە، گیانلەدەستدان بە ڕووداوەکانی هاتووچۆ بەڕێژەیەکی بەرچاو، کەمیکردووە.

.

لەساڵی 2014ەوە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ دانانی کامێرای لە شەقامەکان بۆ تۆمارکردنی خێرایی ئۆتۆمبێل جێبەجێکرد، بەڕێوەبەری هاتووچۆی هەرێمیش ئاماژە بەوە دەکات، ڕێژەی %70ی هۆکاری ڕووداوەکانی هاتووچۆ تیژڕەوی شۆفێرانە.

.

 

بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەرێم، لەساڵی 2010دا کە لەو کاتەدا کامێراکانی هاتووچۆ بوونیان نەبوو، 838 کەس بە ڕووداوەکانی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 12 هەزار کەسیش برینداربوون، بەڵام چەند ساڵێک دوای دانانی کامێراکانی هاتووچۆ و لەساڵی 2017دا ژمارەی گیانلەدەستدان بە ڕووداوەکانی هاتووچۆ بۆ 689 کەس دابەزیوە، واتە 149 کەس کەمتر بە ڕووداوەکانی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە، کە دەکاتە ڕێژەی %17.

.

هەر بەگوێرەی ئامارەکان، ساڵی رابردوو (2018) ڕێژەکە زیاتر دابەزیوە و نزیکەی 570 کەس بە ڕووداوەکانی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە، واتە بەراورد بە ساڵی 2017 ئاماری گیانلەدەستدان 119 کەس کەمیکردووە، هەروەها بەراورد بە ساڵی 2010 لە ساڵی 2018دا 268 کەس کەمتر بە ڕووداوەکانی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە، کە دەکاتە ڕێژەی %31.

.

ڕزگار عەلی، بەڕێوەبەری گشتى هاتووچۆی هەرێم لەو بڕوایەدایە کامێراکانی هاتووچۆ بوونەتە هۆی ئەوەی شۆفێران زیاتر پابەندی یاساکانی هاتووچۆ بن و بە ناس کوردی ڕاگەیاند :”پابەندبوون بە ڕێنماییەکانی هاتووچۆوە بەتایبەتی تێنەپەڕاندنی خێرایی یاسایی دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتووچۆ، بەوپێیەی زیاتر لە %70ی ڕووداوەکانی هاتووچۆ کە گیانلەدەستدانی لێدەکەوێتەوە بەهۆی تیژڕەوی شۆفێرانەوەیە”.

.

وتیشی، کامێراکانی هاتووچۆ بوونەتە هۆی ئەوەی شۆفێران زیاتر پابەندبن و بەخێرایی زۆر نەڕۆن، زۆرکات ئەگەر ڕووداویش ڕووبدات، بەڵام ئەگەر شۆفێرەکە خێراییەکی زۆری نەبێت، ئەوا بە کەمی ڕووداوی گیانلەدەستدانی لێدەکەوێتەوە.

.

هەرچى بەڕێوەبەرى هاتووچۆى شارى سلێمانییە پاراستنى گیانى شۆفێران بە پێشینەى کارەکانیان دەزانێت و رەتیشیدەکاتەوە دانانى کامێراکان بۆ کێشانەوەى پارە بێت لە شۆفێرەکان و وتى “ئێمە گیانی شۆفێرانمان لا گرنگە و دیاریشە کە تاڕادەیەکی باش کامێراکان بوونەتە هۆی کەمکردنەوەی ڕووداوەکان، با شۆفێرانیش ئەو خێراییەی دیاریکراوە تێینەپەڕێنن، بزانن کەس پارەیان لێدەسێنێت؟”.

.

فەرەیدون عومەر، بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی بەپێویستیزانى کامێرا جێگیرەکانیش بخرێنەوە کار و بە ناس کوردی وت : “ئەگەر کامێرا جێگیرەکان بکەونەوە کار و زیاتریش بکرێن، ئەوا زۆر زیاتر پلانەکە سەرکەوتوو دەبێت و ڕووداوەکان کەمتر دەبنەوە، چونکە کامێرا گەڕۆکەکان ناتوانرێت لەزۆر شوێندا دابنرێت”.

.

روونیشیکردەوە، بەهۆی کێشەی تەکنیکی و دواتریش کێشە لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکە، کامێراکان کار ناکەن و دیاریش نییە کەی دەتوانرێت بخرێنەوە کار.

.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل