fbpx
Shadow Shadow

هەنگاوەکان دەستیان پێکردووە

“کارەبا دەبێت بە 24 کاتژمێر و نرخیش ناگۆڕێت”

17:42 سێ شه‌ممه‌ 15 تشرینی یه‌كه‌م 2019
article image

ناس کورد-هەڤاڵ فەتاح

 

وەزارەتى کارەباى حکومەتى هەرێمى کوردستان، دانانى پێوەرى زیرەک بەسەرەتاى دابینکردنى 24 کاتژمێر کارەباى نیشتیمانى بە هاوڵاتییان دادەنێت، بەبێ ئەوەى نرخى ئەو وزەیە گۆڕانکارى بەسەردا بێت.

.

ماوەى چەند مانگێکە وەزارەتەکە دەستیکردووە بە دانانى پێوەرەکە، بە ئامانجى نەهێشتنى زیادەڕەویی کارەبا و باشکردنى ئەو خزمەتگوزارییە.

.

ئومێد محەمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتى هەرێم، تایبەت بەناس کوردی ڕاگەیاند “لە ئێستادا دەستکراوە بە دانانی پێوەری زیرەکی کارەبا بۆ هەموو هاوبەشەکانمان، پڕۆژەکەش ماوەیەکە لەلایەن وەزارەتی کارەباوە دەستیپێکراوە و سەرەتاش لە ناوچە پیشەسازییەکان و شوێنە گەورەکان دەستیپێکردووە”.

.

وتیشی “پڕۆژەکە پڕۆژەیەکی ستراتیژییە، ڕێگە چارەیەکی زانستیە بۆ بنبڕکردنی گرفتەکانی کارەبا، هۆکاریشە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان لە پێدانی کارەبا، نەهێشتنی زیادڕەوییەکان، کۆکردنەوەی داهات و دۆزینەوەی گرفتەکان لەهەرشوێنێک بێت لە کاتێکی کەمدا”.

.

دانانی سیستمەکە بەسەر پێنج زۆندا دابەشکراوە و لە ئێستادا لە زۆنی یەکەم لە دهۆک و زۆنى دووەم لە سلێمانی دەستپێکردووە، دواتریش لە زۆنەکانی هەولێر و هەڵەبجە و گەرمیان دەستپێدەکات و لەماوەی 18 مانگدا تەواودەبێت.

.

وتەبێژەکەی وەزارەتی کارەبا، ئەوەشی خستەڕوو، ئەو پێوەرە زیرەکە ڕاستەوخۆ دەبەسترێتەوە بە کۆنتڕۆڵی ناوەندی کارەباوە ئەوەش لە ڕێگەی تایبەتمەندی”جی پى ئێس”وە، ئەوەش وادەکات کێشەکانی تۆڕی کارەبا لە هەرشوێنێک بێت بەئاسانی لەلایەن تیمەکانی کارەباوە دەستنیشان بکرێت.

.

ئومێد محەمەد، ئاماژەی بەوەکرد، ئامانجی وەزارەتی کارەبا دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە و دانانی پێوەری زیرەکیش یەکەم هەنگاو بۆ ئەو مەبەستە.

.

کارکردنى سیستەمەکە بەجۆرێکە، بۆ رێگریکردن لە زیاد بەکارهێنانى کارەبا لەلایەن هاوڵاتییانەوە جۆزەیەک لەناو ماڵەکان دادەنرێت و لەکاتی زۆر بەکارهێناندا هەڵدەستێتەوە.

.

سەبارەت بەنرخەکانی کارەبا کە ئایا گۆڕانکارییان بەسەردا دێت؟، ئۆمید محەمەد، وتی “نرخەکان چۆن بوون هەروەک خۆیان دەمێننەوە گۆڕانکاریی بەسەردا نایەت، هەرگۆڕانێکیش لە نرخدا لەدەسەڵاتی وەزارەتی کارەبادایە”.

.

بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى کارەبا، لە ئێستادا ژمارەى هاوبەشەکانى کارەبا لە هەرێمى کوردستان ملیۆنێک و 570 هەزار هاوبەشە.

.

ئومێد محەمەد وتى “ئەم پێوەرە  کۆالێتی زۆربەرزە، بە پڕۆگرامی سۆفت وێر کاردەکات و چەندین تایبەتمەندی تێدایە و توانای وێنەگرتنیشی هەیە، حکومەت بە بێبەرامبەر بە سەر هاوبەشەکانیدا دابەشیدەکات”.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل