Shadow Shadow

کاریگەرییەکانی پێدانەوەی پاشەکەوت: چەند تێبینییەکی گشتیی

15:29 سێ شه‌ممه‌ 12 ئادار 2019
article image

پێش ئەوەی بۆچونی خۆم لەسەر پێدانەوەی موچە بڵێم، رونکردنەوەی چەمکێک یان دووان بە گرنگ دەزانم.(مةبةستم پاشةكةوتي پيشوتر نييه)

پارەیەکی زۆر بخەرە بازاڕەوە، نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان دەکات بە ئاسماندا. پارەیەکی زۆریش لە بازاڕ بکشێنەرەوە، نرخەکان دەشکێنێت. ئەوەی یەکەمیان پێی دەوترێت هەڵئاوسان (گرانیی)، کە پلە بە پلەیە. خراپترین جۆری هەڵئاوسان ئەوەیە کە ناسراوە بە توندە-هەڵئاوسان (التضخم المفرط hyperinflation. بۆ ئەوەی دووەم، ئەگەر پلەکەی زۆر توندبێت من دەستەواژەی بێبازاڕیی(Depression-الکساد) بۆ بەکاردەهێنم. ئەگەر پلەکەی خاوتربێت، پێیدەوترێت بازاڕکزیی، یان داکشانی ئابوریی(الرکود-recession). 
وەک چۆن فەلەکناسان تا ئێستا لە زۆر دیاردەی گەردونیی تێنەگەیشتون یان چارەسەریان بۆ نەدۆزراوەتەوە، پزیشکان لە زۆر نەخۆشیی تێنەگەیشتون یان چارەسەریان بۆ نەدۆزراوەتەوە، هەرواش ئابوریناسان وەڵامێکی پڕاوپڕیان نییە بۆ هۆکارەکانی نەخۆشیی قەیرانی ئابوریی و چارەسەرەکانیشیان بنبڕ نیین، سەرباری ئەوەی چارەسەری زانستییش پێشکەش بکرێت مەرج نییە گوێی لێبگیرێت(خۆتان دەزانن جێگاکردنەوەی زانست لەناو کۆمەڵگەدا ئاسان نییە!!). 
ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە ئایا پێدانەوەی پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەر قەیران چارەسەردەکات، قوڵتری دەکاتەوە، یان کاریگەرییەکی ئەوتۆی نابێت؟ لە پرسیارێکی لەم چەشنەدا، کات (زەمەن) گرنگە رەچاوبکرێت: کەی کێشە دەنێتەوە؟ کەی چارەی دەکات؟ 
وەڵامی پرسیاری یەکەم رونە: پێدانەوەی موچەی کارمەندی حکومەت چارەسەری قەیرانە قوڵەکەی هەرێم (رێژەی بێکاریی، هەژاریی، قەرزاریی، پاشەکشەی وەبەرهێنان، هتد)ناکات. خۆ ئەگەر بیکردایە، ئەبوو لەو وڵاتانەی کارمەند موچەکەی لە کاتی خۆیدا وەردەگرێت، قەیران روینەدایە. دەکرێت پێدانەوەی موچە تەنیا یەک کەرەستە بێت لە چارەسەری قەیرانەکە، بەڵام دەیان هەنگاوی تر دەبێت بنرێت بۆ ئەوەی هەم دەرچین لێی و هەم کە دوبارەبوەوە هێندە توند نەبێت. بەهەرحاڵ، وەک دەرمانی پزیشک، پێدانەوەی پاشەکەوت کاتی دەوێت تا کاریگەریی ئەرێنیی جێدەهێڵێت، ئەویش بەو مەرجەی نەخۆشەکەمان (کە حکومەت و حزبەکانیانن) گوێڕایەڵ بێت و بەردەوام بێت لەسەر جێبەجێکردنی پەیمان و پلانەکانی. 
هێندەی من تێبگەم، پاشەکەوت بەم نزیکانە (چەند مانگی داهاتوو) کێشەی گەورەش لە ئابورییەکەدا دروستناکات. ئەمەی خوارەوە پاساوەکانمن: 
یەکەم: کێشەی موچە تەنیا بڕینی پاشەکەوت نەبوو، بەڵکو دواکەوتنیشی بوو. هیچ مەرج نییە بۆ ئەمساڵیش تەواوی موچەی بڕیارلەسەردراو بگات بە فەرمانبەران. خەڵک لای کەم دەمودەست متمانە بە حکومەت ناکاتەوە و بگاتە بازاڕ و پارەکانی خەرج بکات (باسی کاریگەریی وەرزی بەهار ناکەم). تەنانەت دیواری متمانەی خەڵک و حکومەتی عێراقییش هێندە ئەستور نییە هانی بەکاربردن بدات. بڕی پێدانەوەی موچەکەش بە کۆ هێندە زەبەلاح نییە . 
دووەم: بەشێکی زۆر لە خەڵک قەرزارن، ئەولەوییەت دەدەن بە پێدانەوەی قەرزەکانیان. دوا کەس کە قەرزەکەی بە دەست دەگاتەوە، مەرج نییە متمانەی بە بازاڕی هەرێم هەبێت و بیخاتەوە بازاڕ. رەفتاری مرۆڤ دوای قەیران شتێکی کەمیش بێت دەگۆڕێت. 
سێیەم: حزبەکان و سیاسییەکانیان متمانەیان لە دەست داوە و قسەکانیان کاریگەریی لەسەر خەڵک کەمبۆتەوە. پەیمانی درەوشاوە چیتر بەم زوانە هانی خەڵک نادات روبکەنە بازاڕەکان و بە کەیفی خۆیان پارە خەرجبکەن.
چوارەم: ئێمە لە کینزەوە فێربوین کە هوروژمی پارە بۆ بازاڕ ئەوکاتە خراپە کە سەرچاوە ئابوریی و سروشتییەکان بێکار نەکەوتبن، گەیشتبنە بەگەڕخستنی تەواوەتیی (واتە full-employment). بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا سەرچاوەیەکی زۆر هەن بێکارن، نەخراونەتەگەڕ. بۆ نمونە، سەرەتا خانووە بەتاڵەکان پڕدەبنەوە، رەنگیشە یەک تۆز نرخ بجوڵێت بەڵام هێندە نا بەکاربەر بترسێنێت و پێی باشربێت لەگەڵ خەسوی تا ئەبەد شەڕە دەنوک بکات لەبری ئەوەی کرێێ بەرزتر بدات.

خاو(هێواش) بەرزبونەوەی رێژەیی نرخ بۆ گەشەی ئابورییەکە باشە. وەک چۆن وەرزش نەکەیت لەش تەممەڵ دەبێت، هەرواش ئەگەر نرخ تۆزێک بەرزنەبێتەوە، ئەوا فرۆشیاران تەممەڵ دەبن و بیر لە بەرهەمهێنان ناکەنەوە. 

بەڵام لەگەل زیادبونی خواستدا، خستنەڕوو پەرچەکرداری جیاوازی هەیە و تەواوی وێنەکە نە رونە و نە ئەشتوانیین لێرەدا باسی بکەین. بیر لە کەرتی پزیشکیی و خوێندن بکەرەوە. ئەوانەی کەمێک چارەسەری نەخۆشیی و جوانکاریی لەشیان دواخستبوو، ئێستا پارەی لەسەر خەرج دەکەن. ئەگەر کەرتی خوێندنی حکومەتیش وەک ئێستا دۆڕاو و شکستخواردوبێت، ئەوا دایکان و باوکانێکی تریش مناڵەکانیان دەنێرنە خوێندنی کەرتی تایبەت. بەگریمانەی بەردەوامیی ئەم دۆخە، مادام خواست لە پڕا زیاددەکات و خستنەڕوو بە هەمان خێرایی وەڵام ناداتەوە، ئەوا نرخی خزمەتگوزاریی لەم دوو کەرتەدا (بەتایبەت جوانکاریی) لە چەند مانگی داهاتوودا بەرزدەبێتەوە، پسپۆڕان و خاوەنکارەکانیان زیاتر قازانج دەکەن. دواتر ئەگەر قازانجەکەیان خستەوە بوارەکە، رەنگە نرخ دابەزێتەوە، یان لە شوێنێکی نزمتردا بگیرسێتەوە. 
راستییەکەی وردبونەوە لە پەیوەندیی حکومەت بە خواست و خستنەڕوەوە و کاریگەرییان لەسەر نرخ و قازانجی خاوەنکار ئاڵۆزە، توێژینەوەی قوڵ و رشتەی دورودرێژی دەوێت. ئەمەش یانی ئەوەی باسەکەی منیش زۆر دیوی رون نەکردۆتەوە. 
ئایا هاوشانی پێدانەوەی موچە چییتر لەسەر حزبەکان و حکومەت پێویستە؟ زۆر شت، کە لە تەحەمەولی ئەم باسەدا نییە. بەڵام لەبیرمان بێت کە ئەگەر هەڵئاوسان روبدات، ئەوا موچە و موچەخۆران بەرپرس نیین.

 
 
 
 
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل