fbpx
Shadow Shadow

کاتێک واشنتن سزات دەدات و تارانیش پاداشتت دەکات

11:18 یه‌ك شه‌ممه‌ 29 ئه‌یلول 2019
article image

ناس بیروڕا – موشریق عەباس

.

نابێت حکومەتى عێراق تەنها تەماشاکەر بێت لە سزادانی عێراقییەکان لەلایەن وەزارەتى گەنجینەداری ئەمریکاوە بە تۆمەتی جیاواز، پێویستە لێکۆڵینەوەی جدی لە ناوخۆی عێراقدا بکات لەبارەى جۆر و وردەکاریی ئەو تۆمەتانە بە تایبەت ئەوانەى پەیوەندییان بە هاوکاریکردن و کارکردن لەگەڵ ئەو دامەزراوانەدا هەیە کە ئەمریکا بلۆکی کردوون، هەتاوەکو دەگاتە تۆمەتەکانی گەندەڵی و دزین و یاریکردن بە پارەى ئاوارەکان کە سەرکردە سیاسی و خاوەن بانک و گەورە بازرگانەکانى تێوەگلاوە.

.

بۆیە پرسیارەکە ئەوەیە، بۆچی دامەزراوە عێراقییەکان تەنها تەماشاکەرن؟ بێدەنگی لەبارەى ئەو دۆسیەیە زۆر مەترسیدارە و تەنها دوو خوێندنەوەش هەڵدەگرێت کە سێیەمی نییە، یەکەم ئەوەیە کە حکومەت دانیناوە بە تێوەگلانی ئەو کەسانە لەو تۆمەتانەى کە ڕووبەڕوویان کراوەتەوە، بۆیە ئەگەر ئەوەش ڕاست بێت ئەوە دەبێت بەغدا هەنگاو بنێت بەتایبەت لە دۆسییەکانى گەندەڵی و پێویستە ڕێکارە یاساییە عێراقییەکان بگرێتەبەر دوای ئەوەى بەڵگەی پێویستى لە وەزارەتى گەنجینەداری ئەمریکا وەرگرت، خوێندنەوەی دووەمیش ئەوەیە کە حکومەت باوەڕی بە بێتاوانی ئەو کەسانە هەیە لە تۆمەتەکانى ئەمریکا و لەم حاڵەتەشدا، پێویستە هەنگاو بنێت بۆ ڕێگریکردن لە تۆمەتبارکردنی هاوڵاتیانی عێراق بە تۆمەتی ناڕاست.

.

وتارەکە بە عەرەبی بخوێنەوە: عندما تعاقبك واشنطن.. وتكافئك طهران!

.

لە هەردوو حاڵەتەکەشدا، حکومەتى عێراقی دەتوانێت لیژنەیەکی باڵا پێکبهێنێت بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون یان بۆ وەرگرتنی بەڵگەى پێویست لە وەزارەتى گەنجیداری ئەمریکا یان نیشاندانی بەڵگەى پێویست بۆ بێتاوانکردنی ئەو کەسانەى شیاوی سزادان نین.

.

لەگەڵ ئەوەى هەندێک لە سزاکانى ئەمریکا بۆسەر عێراقییەکان پاڵنەری سیاسییان هەیە، بەڵام کاردانەوەى کەسانی تێوەگلاو لە سزاکان جۆراوجۆرن بەشێوەیەک دورە لە تێڕوانینی ئەمریکییەکانیش، خەندە و خۆشی بەشێک لەو کەسانەى سزادراون ڕاستەقینەن و ساختە نین، هەموو کەسێک لە عێراق دەزانێت کە سزا داراییەکانى ئەمریکا هەرچەندە توند و سەخت بن و بتوانن جموجوڵی هەندێ سیاسی و گەورە بازرگانەکان پەک بخات بە تایبەت لەڕوی جموجوڵی بازرگانی دەرەوە، بەڵام لە بەرانبەردا باڵنانی ئەو کەسانەیە بەرەو باوەشێکی گەرم و سۆزداری ئێرانییەکان.

.

کاتێک یەکێک لە توەگلاوەکان دەڵێت: “پاداشتی تاران گەورەترە لە سزای واشنتن” ئەوە بە جدییەتی، چونکە ئێران زۆر ئامڕازی هەیە بۆ پاداشتکردنی هاوپەیمانەکانى بە شێوەی دارایی یان سیاسی یان ئاسایش کە وا دەکات سزاکانى ئەمریکا بۆسەریان جۆرێک بێت لە پاداشت، بۆیە کێشەى ئەمریکییەکان تەنها لەوەدا نییە کە 16 ساڵە نەیانتوانیوە هاوپەیمان بۆ خۆیان دروستبکەن، بەڵکو پاڵپێوەنانی زۆرێک لە بێلایەن و هێز و کەسایەتییە نیشتمانییەکانە بەوەى ببنە دوژمنێکی ئاشکرا لێی.

.

لەوانەیە هۆکاری هەندێک لە سزادانی عێراقییەکان لەلایەن ئەمریکاوە پەیوەندییان بە عێراقەوە نەبێت، بەڵکو زۆربەى پەیوەندی بە سوپای پاسدارانی ئێران و جموجوڵی بازرگانی و دارایی و ئەو کەساییەتییە نائێرانییانە هەیە کە هاوکارییان دەکەن، بەڵام مامەڵەکردنەکە لە عێراق گریمانەیەکی تر دروستدەکات کە ئەویش ئەوەیە یان لەگەڵ من ببە یان دوژمنم ببە، چونکە ئەو جۆرە سزایانە ئاسانکاری دەکات بۆ ڕادەستکردنی زۆرێک لە بەرژەوەندییەکانى عێراق بە ئێران، ڕێک وەک ئەوەى لە ساڵی 2003 ئەنجامدرا کاتێک پشتگیری و هاوکاری ئەو ڕێکخراو و حزب و کۆمپانیایانە درا کە دروشمی تائیفییان هەڵگرتبوو.

.

سەرباری گۆڕانکاری و هەڵبەز و دابەزی هەڵوێستەکانى واشنتن لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی تر، دۆستە داراییەکانى تاران لەم قۆناغەدا زیاترن و تێوەگلاون، نەک لەبەر ئەوەى “پاداشتی ئێران کاریگەرترە لە سزاکانى ئەمریکا” بەڵکو بەهۆی ئەوەى “سزاکانى تاران قورستر و سەختترە لە پاداشتی واشنتن.”

.

بۆیە کە دەڵێین پێویستە بەغدا دەستێوەردان بکات لە بە کۆتایی گەیاندنی دۆسییەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتى گەنجینەداری ئەمریکا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە داراییەکانى عێراقە، چونکە دیمەنەکە پێویستى بە شیکردنەوەیەکی ورد و درێژ هەیە لە تێڕوانینی عێراقیەوە، هەروەها بەهۆی ئەوەى سزاکان بەم شێوازەى ئێستایەوە خەڵکانى زیاتر بەرەو ئێرانییەکان پاڵدەنێت جا بەدەستى خۆیان بێت یان ناچار بن.

.

کێشەى عێراق ئاڵۆزە، بۆیە هاندانی دەوڵەت بە ئاڕاستەى توانست و بەدەستهێنانی سەربەخۆیی لە بڕیاری سیاسیی ئەرکی لەپێشینەی هەمووانە بە واشنتن و تارانیشەوە، چونکە درەنگ یان زوو هەردووکیان پێویستیان بە دەوڵەتێکى ڕاستەقینە هەیە نەک تەنها قەباغ بۆ پاراستنی هاوسەنگییەکانی ناوچەکە بە تایبەت کە لە ئێستادا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیشتووەتە ئەوپەڕی ئاڵۆزی و بارگرژی.

وشە كلیلەكان:

Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل