fbpx
Shadow Shadow

15 ڕۆژ بەسەر بڕیارەکەی کابینەی پێشوو تێپەڕیوە

کابینەی نوێ بڕیاری کابینەی پێشووی لەبارەی دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت جێبەجێنەکرد

17:00 دوو شه‌ممه‌ 26 ئاب 2019
article image

ناس کورد- شەهرام عەزیز

ئەو وادەیەی حکومەتی هەرێم بۆ ڕادەستکردنی چەکی بێ مۆڵەت لەلایەن هاوڵاتییانەوە دیاری کردبوو، 16ى بەسەردا تێپەڕیوە، بەڵام تائێستا بڕیارەکە نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و تاوانەکانیش بە چەکی بێ مۆڵەت بەردەوامییان هەیە.

,

لە بەرواری 10ی شوباتی 2019، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم، ماوەى شەش مانگى دیارى کرد بۆ ئەو هاوڵاتییانەى کە چەکى بێ مۆڵەتیان هەڵگرتووە، دەبێت یان مەڵەت دەربکات یان چیتر بۆیان نییە چەکى بێ مۆڵەت هەڵگرن، هاوکات وەزارەتى ناوخۆ بڕیاریدا دەستبەسەر هەموو جۆرە چەکێکی قورس و مامناوەندیشدا بگرێت.

,

ئەمڕۆ کە بەروارى 26ی ئابی 2019یە، 15 ڕۆژ بەسەر ئەو وادەیەدا تێپەڕێوە و هەفتانەش چەندین ڕووداوی تەقەکردن و کوشتن و تاوان بەچەکی بێ مۆڵەت ئەنجام دەدرێن، بەڵام بڕیارەکەى وەزارەتى ناوخۆ نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەهۆی ئەوەی لە کابینەی پێشوودا هیچ میکانیزمێکی جێبەجێکردنی بۆ دیارینەکرابوو، بەوتەی بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی ناوخۆش ئەو پرسە ڕادەستی پۆلیس و ئاسایش کراوە.

,

عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر کە ئاگاداری ئەوە نەبوو، کە وادەی مۆڵەتەکە تەواو بووە، بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “لە کابینەی پێشوودا کاتێک بڕیارەکەدرا، هیچ میکانیزمێکی جیبەجێکردنی بۆ دیارینەکرابوو، بۆیە هیچ کەس تائێستا پابەندی بڕیارەکە نەبووە و نەتواندراوە وەک خۆی جێبەجێبکرێت”.

,

بەڕێوەبەرى پۆلیسی هەولێر وتیشی، لە کابینەی نوێدا و لە ئێستادا سەرقاڵی دانانی میکانیزمێکن و کاریشیان بۆ کردووە، بۆ ئەوەی بیخەنە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام تائێستا بە دیاریکراوی نازانن کەی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

,

“هەرکات میکانیزمەکە تەواو بوو، دووبارە شەش مانگ مۆڵەت دەدرێت، بە هاوڵاتیان کە بچن و چەکە بێ مۆڵەتەکانیان تۆمار بکەن و چەکە قورس و مامناوەندەکانیشیان ڕادەستی پۆلیس و ئاسایش بکەن، بەپێچەوانەوە دوای ئەوەی خۆیان دەستبەسەر هەموو جۆرە چەکێکی بێ مۆڵەتدا دەگرن”، بەڕێوەبەرى پۆلیسی هەولێر واى وت.

,

,

 

 

 

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل