fbpx
Shadow Shadow

سیاسه‌تی

کابینەکەى عەلاوى کورد کۆدەکاتەوە؟ [تایبه‌ت]

19:35 یه‌ك شه‌ممه‌ 09 شوبات 2020
article image

ناس کورد-

بڕیارە سەرۆکایەتى هەرێم و سەرۆکى فراکسیۆنە کوردییەکانى پەرلەمانى عێراق کۆببنەوە، بەمەبەستى یەکخستنى هەڵوێستى کورد و دروستکردنى یەکڕیزیى لە باره‌ی چەند پرسێک، لەناویاندا بەشداریکردن لە کابینەکەى محەمەد عەلاوی، راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق.

.

لەدواى ڕاسپاردنییەوە بۆ پێکهێنانى حکومەت، تا ئێستا محەمەد تۆفیق عەلاوى لەگەڵ کورد کۆنەبووەتەوە و دیار نییە پشکى کورد لە کابینەکەى چۆن دەبێت، له‌كاتێكدا تا کۆتایی ئەم مانگە مۆڵەتى لەبەردەستدایە بۆ پێکهێنانى كابینه‌كه‌ی.

.

جەمال کۆچەر، سەرۆکى فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانى عێراق بە ناس کوردى ڕاگەیاند، بڕیارە رۆژى سێشەممە نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، لەگەڵ سەرۆکى فراکسیۆنە کوردیەکانى پەرلەمانى عێراق کۆببێتەوە.

.

وتیشى “گرنگترین ئەو پرسانەی کە لە کۆبوونەوەکە قسەیان لەسەر دەکرێت پشکی کوردە لە کابینەکەی عەلاوی و دۆخی ئەمنی عێراقە، لەگەڵ یەکخستنی هەڵوێستی کورد بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان و پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا”.

.

بەوتەى جەمال کۆچەر، پرسێکى دیکەى کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی دۆخی ئەمنی عێراقە، “چونکە تێکچونی سەقامگیری عێراق کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر دۆخی گشتی هەرێمی کوردستان، بۆیە حکومەتی هەرێم ئەو پرسەی بە هەند وەرگرتووە”.

.

کورد لەم خولەى پەرلەمانى عێراقدا لەزۆربەى پرسەکاندا یەک هەڵوێست نەبووە، جگە لە پرسی تایبەت بە دەرکردنى هێزە بیانییەکان لە عێراق کە سەرجەم فراکسیۆنەکان دەنگیان پێنەدا، لەکاتى بەشداریکردنیشى لە حکومەتەکەى عادل عەبدولمەهدى هێزە کوردییەکان بەتایبەتى پارتى و یەکێتى ململانێی زۆریان کرد لەسەر پۆستەکان.

.

پێدەچێت کورد بیەوێت ئەمجارە هاوهەڵوێست بێت و بەیەک دەنگ داواى پشکەکانى بکات لە کابینەکەى عەلاوى، بەڵام بەهۆى ناکۆکى لایەنەکانەوە لەسەر بەشێک لە پرسەکان بەتایبەتى ناکۆکییەکانى پارتى و یەکێتى پێناچێت گەیشتن بەو ئامانجە کارێکى ئاسان بێت.

.

جەمال محەمەد شکور پەرلەمانتارى یەکێتى لە پەرلەمانى عێراق بە ناس کوردى وت “بەداخەوە ئێستا تاکڕەوى دەبینرێت لەناو فراکسیۆنەکاندا، دەبێت حساب بۆ هەموو لایەنەکانى تر بکرێت و فراکسیۆنەکان یەک بخرێن چونکە هەمومان دەزانین بارودۆخى عێراق چۆنە، بەو پەرتەوازەییە هیچمان بۆ نەکراوە و زۆر شتمان لەدەستداوە”.

.

ئەو پەرلەمانتارە له‌و بڕوایه‌دایه‌ ئەگەر کورد یەکڕیز نەبێت ناتوانێت دەستکەوتەکانى بەدەستبهێنێت و کێشەکانى هەرێم و بەغدا چارەسەر ناکرێت، بەتایبەتى کێشەى کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان، “بارودۆخى ئەو ناوچانە خراپە و کورد تەعریب دەکرێت و ماڵ وحاڵى خۆیان جێدەهێڵن و بارودۆخیان خراپە و زەویەکانیان داگیر دەکرێت، ئەگەر یەکگرتوو نەبین زۆر شتى تریشمان لەدەست دەچێت، هیوادارین ئەمجارە ماڵى کورد یەک بخرێت”.

.

تائێستا دیارنییە ئەمجارە کورد بەچ شێوەیەک بەشدارى کابینەکەى محەمەد عەلاوى دەکات، لەکاتێکدا لەکابینەکەى عادل عەبدولمەهدیدا خاوەنى سێ وەزارەت بوو.

.

فارس عیسا، نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە بەغدا دوێنێ به‌ “ناس کورد”ى ڕاگەیاندبوو، هەر کوتلەیەکى کورد چاوى لە قازانجى خۆیەتى، بەڵام ئەگەر کورد هەموى پێکەوە بێت قازانجى زیاتر دەبێت.

.

باسى لەوەشکردبوو، “ئێمە وەکو کورد کەمتر لە مافى خۆمان قبوڵ ناکەین، ئێستا سێ وەزارەتمان هەیە و مافى ئێمە لەوە زیاترە و هەوڵى زیادکردنى دەدەین، لە سێ وەزارەت کەمتر قبوڵناکەین کە دەبێت یەکێکیان سیادى بێت”.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل