fbpx
Shadow Shadow

سیاسه‌تی

ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ ده‌روازه‌كانی هه‌رێم نزیكده‌بێته‌وه‌.. ده‌زگا ته‌ندروستیه‌كان چی ده‌كه‌ن؟ 

22:21 چوار شه‌ممه‌ 19 شوبات 2020
article image

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

به‌هۆی گه‌یشتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا به‌ وڵاتی ئێران و گیانله‌ده‌ستدانی دوو هاووڵاتی ئێران به‌هۆی ڤایرۆسه‌كه‌وه‌، ئاماده‌كارییه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی بۆ به‌رگرتن به‌ ڤایرۆسه‌كه‌ بۆ ناو هه‌رێم چڕتر كردۆته‌وه‌ و وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم ئاشكرای ده‌كات “هاووڵاتیانی ئەو وڵاتانەی کە نەخۆشی کۆرۆنایان تێدا بڵاوبووەتەوە، بەئاسانی ناتوانن بێنە ناو خاکی هەرێمەوە”. 

.

 

محه‌مەد قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان، بەناس کوردی، ڕاگەیاند :” بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە نەخۆشی کۆرۆنا وەزارەتی تەندروستی بە هاوکاری دامودەزگاکانی حکومەت کۆمەڵێک ڕێکاری تەندروستی توندی گرتەوەتە بەر، بە تایبەتی لەدەروازە سنورییە زمینییەکان و ئاسمانییەکان”.

.

لەبارەی میکانزم و چۆنێتی بەره‌نگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، وتەبێژەکەی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان، رونیكرده‌وه‌ :”لەدەروازە سنورییەکان و فڕۆکەخانەکان لیژنەی تەندروستی تایبەت هەن و ڕێوشوێنی تایبەت بە خۆپاراستن لە نەخۆشییەکە گیراوەتە بەر، هەر کەسێک لە دەرەوەی سنورەکانی هەرێمی کوردستان بیەوێت بێتە ناو خاکی هەرێمەوە بە تایبەتی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتانەی کە نەخۆشییەکەی تێدا بڵاوبووەتەوە پشکنینی تایبەتی بۆ دەکرێت بە ئامێری تایبەت”.

.

وتیشی :”ئەگەر هەر حاڵەتێکیش جێگەی گومان بوو ئەوا حاڵەتەکە لە شوێنی تایبەت کە بۆ ئەو نەخۆشییە ئامادەکراوە  لە خاڵە سنورییەکان بۆ ماوەی 14 ڕۆژ ڕادەگیرێت، دواتر دوای دڵنیابوون لەوەی کە ئەو کەسە هەڵگری ڤایرۆسەکە نییە ڕێگەی پێدەدرێت بێتە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە”.

.

ئێوارەی ئەمڕۆ (چوارشەممە)، دوو حاڵەتی توشبوو بە نەخۆشی کۆرۆنا لەلایەن وەزارەتی تەندروستی وڵاتی ئێرانەوە ڕاگەیاندرا، هەرپاش ڕاگەیاندنی ئەو دوو حاڵەتە بە ماوەیەکی کەم، لە ڕاگەیاندراوێکی دیکەدا ئێران گیانلەدەستدانی هەردوو حاڵەتەکەی ڕاگەیاند، کە دوو هاووڵاتی شاری قوم بوون.

.

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێم ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ حكومه‌تی هەرێمی کوردستان بودجەیەکی فریاگوزاری بەمەبەستی ڕوبەڕوبونەوەی نەخۆشی کۆرونا بۆ وەزارەتی تەندروستی تەرخانکردووە و لە ڕۆژانی داهاتودا ئەو پارەیە دەچێتە هەژمارەی وەزارەتی تەندروستییەوە. 

.

 

لە سەرەتای ئەم ساڵەوە نەخۆشی کۆرۆنا لە وڵاتی چین سەریهەڵدا بەهۆی تەشەنەی ڤایرۆسەکەوە تائێستا زیاتر لە دوو هەزار کەس لەو وڵاتە گیانیان لە دەستداوە و زیاتر لە 70هەزار کەسیش گیرۆدەی ڤایرۆسەکە بوون، بە گوێرەی ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ژمارەی ئەو کەسانەی کە لەدەرەوی وڵاتی چین توشی نەخۆشییەکە بوون بەرزبووەتەوە بۆ زیاتر لە 900 کەس  و تائێستا دوو کەسیش لەدەرەوەی سنوری وڵاتی چین گیانیان لە دەستداوە. 

.

نەخۆشی کۆرۆنا، ڤایرۆسێکی ترسناک و کوشندەیە و لەم ماوەیەدا لە زۆر وڵات بڵاوبووتەوە، وەک سعودیە، هەروەها هەندێک حاڵەت لە قەتەر، ئیمارات، ئوردن، فەڕەنسا و بەریتانیاش تۆمارکراون و لە گواستنەوەی کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیكە زۆر خێرایە، بۆیە ئێستا بە یەکێك لە مەترسیدارترین نەخۆشییەكان له‌سه‌ر ئاستی جیهان دادەنرێت.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل