fbpx
Shadow Shadow

ژنان چۆن كێشه‌كانیان له‌گه‌ڵ كه‌سوكارى پیاوه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن؟

18:29 یه‌ك شه‌ممه‌ 22 ئه‌یلول 2019
article image

ناس کورد-

هیچ كه‌سێك ناتوانێت بە یەکجارەکى له‌كێشه‌ خێزانیه‌كان ڕزگارى ببێت، به‌ڵام به‌گرتنه‌به‌رى چه‌ند ڕێگایه‌ك كه‌ كارامه‌یى و زیره‌كیان تێدا بێت له‌ڕووى كۆمه‌ڵایه‌تى و سایكۆلۆژییه‌وه، ژنه‌كان ده‌توانن به‌سه‌ر زۆر كێشه‌ى تایبه‌ت به‌ كه‌سوكارى پیاوه‌كانیان‌ زاڵ بن و له‌كۆتایشدا براوه‌ى پرسه‌كه بن و به‌وه‌ش په‌یوه‌ندییه‌كى ئارام و جێگیرتر له‌ماڵى ژنه‌كه‌دا دروست ده‌بێت، ئه‌مه‌ى خواره‌وه‌ش چه‌ند ڕێگایه‌كى مامه‌ڵەكردنن له‌گه‌ڵ ئه‌و بارودۆخه‌دا:

.

كاره‌كان به‌ده‌ستى خۆتن

.

سه‌ره‌تا ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانیت ئه‌وه‌ى ته‌نها ده‌توانێت ناكۆكیه‌كانت چاره‌سه‌ر بكات ته‌نها خۆتیت، خۆت ده‌توانیت سنوره‌كان دابڕێژیت و هه‌ر خۆشت ده‌توانیت نه‌خێر بۆ ئه‌وانه‌ دانێیت كه‌ ئازارت ده‌ده‌ن، له‌هه‌موو گرفتێكدا سه‌ر و دڵى هاوسه‌ره‌كه‌ت مه‌گره‌، ناچارى مه‌كه‌ ڕووبه‌ڕووى خێزانه‌كه‌ى بوه‌ستێته‌وه‌، ئومێد له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵمه‌چنه‌ ئه‌وانى تر ئازارت بده‌ن، ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تى ئه‌وه‌ نه‌ماوه‌ته‌وه‌ دور بكه‌وێته‌وه‌ له‌ناكۆكیه‌كانى خێزانه‌كه‌ى، ده‌توانیت به‌كه‌مى سه‌ردانیان بكه‌یت به‌ڵام ڕێگه‌ له‌هاوسه‌ر و منداڵه‌كانت مه‌گره‌.

.

بێده‌نگى بژارده‌یه‌كى خراپە

.

بێده‌نگى به‌رده‌وامى هه‌ندێك كه‌س به‌شێوه‌یه‌كى ئازاربه‌خش له‌سه‌ر كرده‌وه‌ى ده‌وربه‌ریان كه‌ ده‌توانن بێ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ى ڕێگرى له‌كرده‌وه‌ى خراپی ئه‌وانى تر بكه‌ن، ئه‌وا زیانمه‌ند ده‌بێت، هه‌ڵوێسته‌كان بخه‌ره‌ ته‌رازو و ئاوه‌زه‌وه‌، ڕوداوه‌ بچوكه‌كان له‌بیر بكه‌، به‌ڵام بڕیارى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وانه ڕابگه‌یه‌نه‌ كه‌ بێڕێزى به‌وانى تر ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌شت له‌بیر بێت تێكه‌ڵكردنى كرده‌وه‌یه‌كى هه‌رزه‌كارانه‌ به‌ كێشه‌ سه‌ره‌كیه‌كانى ژیان زیان به‌ هه‌ڵوێسته‌كانت ده‌گه‌یه‌نێت.

.

سنورى كه‌سێتى

.

ڕوونكردنه‌وه‌ى سنورى كه‌سێتى و پابه‌ندبووون پێوه‌ى له‌سه‌ره‌تاى دروستبوونى په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا، ناكرێت لێى ڕابكرێت، ئه‌وه‌ش بۆ دورخستنه‌وه‌ى كۆمه‌ڵیك كێشه‌ له‌داهاتوودا، به‌وه‌ش ده‌توانیت ڕووبه‌ڕووى هه‌ر گرفتێك ببیته‌وه‌ له‌لایه‌ن ئه‌وانى تره‌وه‌، پابه‌ندبونت به‌و كاره‌وه‌ وا له‌به‌رامبه‌ره‌كەشت ده‌كات له‌وه‌ تێبگات و به‌كارێكى ئاسایی به‌لایه‌وه‌ سه‌یربكرێت به‌تێپه‌ڕبوونى كات. ده‌شتوانیت ئه‌وه‌ به‌زاره‌كیش ڕونبكه‌یته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى گرێیه‌كیش له‌لاى به‌رامبه‌ره‌كه‌ت دروست نه‌بێت له‌كاتى سه‌رهه‌ڵدانى ڕوداوێكى كتوپڕدا.

.

یه‌ك ئامانج به‌چه‌ند زمانێكى جیاواز

.

به‌ ده‌ربڕینى چه‌ند وشه‌یه‌كى جیاواز ده‌توانیت ڕێگاكان كورتبكه‌یته‌وه‌ و به‌ربه‌سته‌ سه‌خته‌كانیش بشكێنیت، له‌برى ئه‌وه‌ى به‌كه‌سوكارى پیاوه‌كه‌ت بڵێیت “پێمخۆش نیه‌ هه‌موو كات خێزانه‌كه‌م له‌ماڵه‌كه‌ى ئێوه‌دا كۆببێته‌وه‌” ده‌توانیت بڵێیت “پێمخۆشه‌ له ڕێستورانت و چێشتخانه‌ و ناوچه‌یه‌كى دڵڕفێندا پیاسه‌یه‌ك بكه‌ین بۆ حه‌وانه‌وه‌ى منداڵه‌كان “.

.

پیاوه‌كه‌ت ڕامه‌كێشه‌ ناو شه‌ڕە‌كانه‌وه‌

.

ڕاكێشانى پیاوه‌كه‌ت به‌ره‌و ناو كێشه‌ى كه‌سوكاره‌كه‌ى بێ بایه‌خه‌، خۆت به‌گرفته‌كانى ئه‌وان مه‌به‌سته‌ره‌وه‌ و هیچ شتێك له‌سه‌ر ناكۆكیه‌كانى نێوانیان مه‌گوازەره‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى خۆت و هاوسه‌ره‌كه‌ت نه‌بنه‌ خاوه‌ن كێشه‌كان، به‌پێى توانا هه‌وڵى چاره‌سه‌رى ڕاسته‌وخۆ له‌نێوانیاندا بده‌.

.

تایبه‌تمه‌ندێتى هاوسه‌ران

.

بەگوێرەى توێژینه‌وه‌یه‌ك كه‌ ده‌زگایه‌كى ئامارى ئیتاڵیا ئه‌نجامیداوه‌، دووربوون له‌ماڵى خه‌زورانه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌ك بێت ئۆتۆمبیلى پێویست بێت بۆ هاتووچۆكردنى نێوانیان، زیاتر ده‌رفه‌تى پاراستنى چه‌ند تایبه‌تمه‌ندێتیه‌كى نێوان ژن و پیاوه‌كه‌ ده‌ڕەخسێنێت و به‌وه‌ش گرفته‌كان كه‌متر سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن.

.

ئاماده‌گى پیاو

.

له‌كاتى دروستبوونى كێشه‌ له‌نێوان ژن و كه‌سوكارى پیاوه‌كه‌دا، پێویسته‌ ژنه‌كه‌ له‌دانیشتنى كه‌سوكارى پیاوه‌كه‌دا به‌بێ هاوسه‌ره‌كه‌ى ئاماده‌ نه‌بێت، ئه‌وه‌ش له‌به‌ر گرژنه‌بوونه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌ئاماده‌ نه‌بوونى پیاوه‌كه‌یدا.

.

له‌مشتومڕى سیاسى دووربكه‌وه‌

.

له‌و مشتومڕە‌ سیاسیانه‌ ‌دوربكه‌وه‌ كه‌ كێشه‌ ده‌خاته‌ نێوان خۆت و هاوسه‌ره‌كه‌ته‌وه‌، به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر هه‌ندێك پرس كه‌ كه‌سه‌ به‌ته‌مه‌نه‌كان بۆچونێكى تایبه‌تیان له‌سه‌رى هه‌یه‌، ئینجا تۆش بۆت نییه‌ به‌شێوه‌یه‌ك ڕایه‌كى پێچه‌وانه‌ ده‌رببڕیت كه‌ ده‌رووبه‌ره‌كه‌ت هه‌ست بكه‌ن دژایه‌تیان ده‌كه‌یت یاخود له‌بیروباوه‌ڕە‌كه‌یان كه‌م ده‌كه‌یته‌وه‌.

.

 كینه‌ له‌دڵ مه‌به‌

.

هه‌وڵبده‌ هیچ له‌دڵتدا مه‌هێڵه‌ره‌وه‌ به‌رامبه‌ر پیاوه‌كه‌ت، هیچ كه‌سێك نمونه‌ى نیه‌ ته‌نانه‌ت تۆش، ناكۆكیه‌كانیش به‌شێكن له‌ژیان و هه‌ر دروست ده‌بن، گرنگ ته‌ندروستى ده‌روونیته‌ چۆن ده‌یپارێزیت، بۆ گه‌یشتن به‌و قۆناغه‌ش پێویسته‌ گوزارشتكردن له‌بێزارییه‌كانت به‌شێوه‌ى نه‌رم و جوان ده‌ربڕیت.

.

 

ڕێز له‌پیاوه‌كه‌ت بگره‌

.

له‌به‌رچاو كه‌سوكاره‌كه‌ی‌ ڕە‌خنه‌ له‌پیاوه‌كه‌ت مه‌گره‌، هه‌رچه‌نده‌ تۆیان زۆر خۆشبوێت، به‌ڵام ڕێگه‌ت پێناده‌ن گاڵته‌ى پێى بكه‌یت یاخود به‌شێوه‌یه‌كى توند له‌به‌رچاویانه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووى ببیته‌وه‌، به‌ڵكو پێویسته‌ هه‌وڵه‌كانى به‌به‌رچاویانه‌وه‌ به‌رزبنرخێنێت بۆ ئه‌وه‌ى سه‌ر‌نجى كه‌سوكارەکە‌ى بۆلاى خۆت ڕابكێشیت.

.

نه‌رم و نیانبه‌

.

هه‌وڵبده بەو ‌ڕێگەیە‌ى حه‌زیان له‌چى بوو تۆش حه‌زت له‌وه‌ بێت له‌كه‌سوكارى پیاوه‌كه‌ت نزیك ببه‌ره‌وه‌، ده‌شتوانیت سود له‌خوێندنه‌وه‌ى كتێبى (خۆشه‌ویستى پێنج زمانى هه‌یه) وه‌ربگریت بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت زیاتر به‌زمانى خۆشه‌ویستیه‌وه له‌گه‌ڵیاندا بدوێیت و په‌یوه‌ندییه‌كانت له‌گه‌ڵیان په‌ره‌ پێبده‌یت، نه‌رمونیانى ده‌توانێت زۆر كێشه‌ى توند و ناكۆكى چاره‌سه‌ر  بكات كه‌ ڕە‌نگه‌ په‌نابردن بۆ ئامڕازه‌كانى تر ئه‌و ئه‌نجامه‌یان نه‌بێت.

.

 

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل