fbpx
Shadow Shadow

هەواڵی ڕاستەوخۆ

کازم فاروق: ئەو داتایانەی ڕادەگەیەندرێت ڕاستەقینەن یان دیوێکی شاراوەیان هەیە؟

ڕێگایەکی نوێ بۆ ئاشكراکردنی توشبووانی کۆرۆنا لە هەرێم گیراوەتەبەر

15:53 یه‌ك شه‌ممه‌ 22 ئادار 2020
article image

ناس کورد-

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان لە ڕێژەی ئەنجامدانی پشکنینەکاندا حکومەت بە کەمتەرخەم ناودەبات و وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیش دەڵێت، ڕێگەیەکی نوێی ئاشکراکردنی توشبووانی ڤایرۆسەکەیان گرتووەتەبەر و لە هەموو هەرێمدا پشکنین لە شوێنە گشتییەکان ئەنجامدەدەن.

کازم فاروق، سەرۆکی فراکسیۆنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان لە نوسینێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەی فەیسبووک پرسیویەتی، “ئایا لە ھەرێمی کوردستان ژمارەی توشبوان بە کۆرۆنا چەندە؟ ئایا ئەو داتایانەی کە رادەگەێندرێت راستەقینەیە؟ یان دیوێکی شاراوەی ھەیە؟”

ئاماژەی بەوەشکردووە: “ژمارەی ئەو کەسانەی تا ئێستا لە ھەرێمی کوردستان پشکنینیان بۆکراوە (بەپێی بەیاننامەکانی وەزارەتی تەندروستی) دوو هەزار و 477 کەسە، واتە بە تێکڕایی 120 پشکنین لە رۆژێکدا، بەڵام بۆ نمونە لە وڵاتێکی وەکو کۆریای باشور رۆژانە بە تێکڕایی پشکنین بۆ 10 ھەزار ھاوڵاتی دەکرێت”.

“لە کوردستان ژمارەی پشکنینەکان لە ئاستی پێویستدا نیە و حکومەت لەم لایەنەوە کەمتەرخەمە، بەم شێوەیەی ئێستا بەداخەوە زۆرێک لە توشبوان لەناو خەلکدا بە نەناسراوی دەمیننەوە و خوانەخواستە ئەگەر هەیە خەلکی زیاتر تووشببن”، کازم فاروق وادەڵێت.

 

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە حکومەت ھەر لە سبەینێوە دەستبەجێ ھەر پارێزگایەک دابەش بکات بە چەند زۆنێکەوە و چەندین تیمی تەندروستی گەڕۆک دروست بکات بۆ پشکنینی ھاوڵاتیان لە سەرجەم شارو شارۆچکە و قەزا و ناحیەکان و ژمارەی پشکنینەکانی کۆرۆنا لە رۆژێکدا زیادبکات بۆ ئاستێکی کاریگەرتر، هەروەها سوود لە توانای تاقیگە ئەهلییەکانیش وەربگرێت لەژێر چاودێری فەرمانگە تەندروستییەکاندا ئەوانیش پشکنین بۆ هاوڵاتییان ئەنجام بدەن، چونکە پشکنین تاکە رێگەیە بۆ ناسینەوەی توشبوان و جیاکردنەوەیان و رێگەگرتن لە توشبونی خەڵکی زیاتر.

هاوکات لەوبارەیەوە، محەمەد قادر خۆشناو بۆ ناس کورد ڕونیکردەوە: “لەئێستادا سیاسەتێکی پشکنین جێبەجێدەکەین و تەنها پشکنین بۆ گومانلێکراوان ناکەین، بەڵکو لە شوێنە گشتییەکانیش پشکنین دەکەین و ئەو کارەمان لەسەرجەم ناوچەکانی هەرێم دەستپێکردووە”.

وتیشی: “مەبەست لەوکارە ئەوەیە کە کاتێک لە شوێنێکی گشتیی کەسێک تۆماردەکرێت بە توشبووی ڤایرۆسەکە ئەوا ئەو توشبووە نمونەیەکە بۆ ئەو ناوچەیە کە توشبووی زیاتری تێدایە و ڕێکاری دیکە دەگیرێتەبەر پاش ئەوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەر بۆ نمونە ئەو توشبووەی سەنگەسەر لەڕێگەی ئەو پشکنینەوە دەرکەوت توشبووی ڤایرۆسەکەیە و بەهیچ شێوەیەک گومانلێکراو نەبووە.

ئەمە لەکاتێکدایە، ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا لە هەرێم ڕوو لە هەڵکشانە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت داوای زیاتر پابەندبوونی هاووڵاتیان دەکەن بە ڕێنماییەکان و مانەوەیان لە ماڵەوە.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل