fbpx
Shadow Shadow

ڕێکخەری گۆڕان ناوی کاندیدی جێگری سەرۆکی هەرێمی ڕەوانەی نێچیرڤان بارزانی کردووە

14:44 سێ شه‌ممه‌ 13 ئاب 2019
article image

ناس کورد – تایبەت

عومەری سەید عەلی ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ناوی کاندیدی حزبەکەی بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم یەکلاکردووەتەوە و ڕەوانەی نێچیرڤان بارزانی کردووە.

.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ناس کوردی ڕاگەیاند، عومەری سەید عەلی لە نێوان محەمەد تۆفێق ڕەحیم ئەندامی دەستلەکارکێشاوەی خانەی ڕاپەڕاندن و مستەفای سەید قادر وەزیری پێشووی پێشمەرگە کە ململانێی وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمیان دەکرد، مستەفای سەید قادری کاندیدکردووە.

.

سەرچاوەکەی ناس کورد ئاماژەی بەوەکرد، پێش دەستپێکردنی پشووەکانی جەژنی قوربان، گۆڕان بە فەرمی ناوی کاندیدەکەی ڕەوانەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردووە.

.

سەرچاوەکەی ناس کورد وتیشی: “ئاشکرا نەکردنی ناوی کاندیدەکەی گۆڕان بە فەرمی پەیوەندی بە کەمکردنەوەی کاردانەوەی محەمەد تۆفێق ڕەحیمەوەیە.”

.

لەوبارەوە محەمەد تۆفێق بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “کاندیدی پۆستەکە یەکلا کراوەتەوە و ئەویش هیچ کاردانەوەیەکی نابێت و ئاسایی بابەتەکە وەردەگرێت.”

.

هەروەها وتیشی: “بۆ پۆستەکە کاندید نەکراوم و هیچ زانیارییەکم نیە کێ کاندیدکراوە.”

.

محه‌مه‌د تۆفیق ڕە‌حیم، ته‌نها كاندیدى بزوتنەوەی گۆڕن بوو کە به‌فه‌رمى سیڤى بۆ پۆستى جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم پێشكه‌شى حزبه‌كه‌ى كردبوو، بەڵام له‌لایه‌ن عومه‌رى سه‌ید عه‌لى سکرتێری ئەو حزبەکەوە ڕە‌تكراوه‌ته‌وه.

.

پێشتر جڤاتی نیشتیمانی و گشتی بزوتنەوەکە دەسەڵاتی یەکلاکردنەوەی کاندیدەکانی گۆڕانی دایە دەست ڕێکخەری گشتی.

.

محەمەد تۆفێق ڕەحیم، لە سەروبەندی گفتوگۆ ناوخۆییەکانی گۆڕان بۆ دیارییکردنی پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم دەستی لە خانەی ڕاپەڕاندنی ئەو حزبە کێشایەوە و ڕایگەیاند: بەهۆی تەواوبوونی ماوەی یاسایی خانەکەوە دەستی لەکارکێشاوەتەوە.

.

پێچەوانەی زانیارییەکان، شۆڕش حاجى ئه‌ندامى خانه‌ى ڕاپه‌ڕاندنی بزوتنەوەکە، ڕە‌تیكرده‌وه‌ ناوى كاندیده‌كه‌یان بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم یه‌كلا كرابێته‌وه‌ و به‌ناس كوردى ڕاگه‌یاند:” به‌م نزیكانه‌ كاندیده‌كه‌مان ئاشكرا ده‌كه‌ین.”

.

دیاریکردنی کاندیدی پۆستەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ناو حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێم کێشەکانی بزوتنەوەکەی تۆختر کردەوە.

.

محه‌مه‌د تۆفیق ڕە‌حیم، پێشتر لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگه‌یاندبوو، ئه‌گه‌ر کاندیدبوونەکەی له‌لایه‌ن ڕێكخه‌رى گشتى حزبه‌كه‌یەوە ڕەتبکرێتەوە ده‌بێت هۆكاره‌كه‌ى ڕونبكه‌نه‌وه‌.

.

ناس كورد ئه‌وه‌شى زانیوه‌ محه‌مه‌د تۆفیق دوو پێشنازى خستووه‌ته‌ به‌رده‌م به‌رپرسانى حزبه‌كه‌ى، یان بۆ پۆستى جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم دیارى بكرێت، یان له‌هه‌ڵبژاردنى مانگى ئه‌یلولى داهاتوودا كه‌ بۆ دیارییکردنی ئه‌ندامانى خانه‌ى ڕاپه‌ڕاندن و ڕێكخه‌رى گشتى ئەنجام دەدرێت وه‌كو ڕێكخه‌رى گشتى هه‌ڵبژێردرێت.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل