fbpx
Shadow Shadow

ڕێکخراوێک: ئەمساڵ زیاتر لە نیوەى خوێندکاران دەبێت بە پارە بخوێنن و 10 هەزار کورسی کەمیکردووە

23:07 سێ شه‌ممه‌ 10 ئه‌یلول 2019
article image

ناس کورد-

ڕێکخراوی قوتابیانی کوردستان ڕایگەیاند، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێم لە پلانی خۆیدا بۆ ئەمساڵی خوێندن کە 51 هەزار 933 دەرچووی پۆلی 12ی ئامادەیی هەیە، تەنها 24 هەزار و 784 کورسی خوێندنی بە خۆڕایی دابینکراوە و زیاتر لە نیوەی قوتابیان دەبێت بە پارە بخوێنن.

لە ڕاگەیەنراوێکدا کە ئەمڕۆ دووشەممە، 10ی ئەیلولی 2019، بۆ هەر سێ سەرۆکایەتى و وەزارەتى خوێندنی باڵای ناردووە دەڵێت، “لە زانکۆ حکومیەکان بە هەردوو بەشی پارالێل و ئێوارانەوە 22 هەزار و 89 کورسی بۆ قوتابیان دابیکراوە و قوتابی بە پارە وەردەگیرێن.”

.

ڕێکخراوی قوتابیانی کوردستان پێی وایە “دابینکردنی ئەم ڕێژە زۆرەی کورسی خوێندن بۆ پارالێل و ئێواران بە درێژکراوەی پڕۆسەی بازرگانیکردن بە قوتابیانی دەرچووی پۆلی 12 و گەرمکردنی بازاڕی زانکۆ و پەیمانگا تایبەتەکان دەزانینن و بەتوندی ڕەتیدەکەینەوە.”

ڕاشیگەیاند، “داواکارین هەرچی زووە وەزارەت بە پلانی خۆیدا بچێتەوە و ڕێژەی کورسی خوێندنی بێ بەرامبەر بۆ نزیکی 40 هەزار کورسی بەرزبکاتەوە.”

.

ئاماژەى بەوەشکردووە، “بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو کورسی خوێندنی بێبەرامبەر نزیکەی 10 هەزار کورسی کەمیکردووە و کراوە بە کورسی خوێندنی بە پارە.”

دەشڵێت، “ئەم زیادکردنە ئاشکرایە لە کاتێکدایە کە ڕەوشی ئابوری هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان سەقامگیر نییە و بەپێی دەستوری عێراقیش خوێندنی بێبەرامبەر مافی هەموو تاکێکی عێراقییە.”

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل