fbpx
Shadow Shadow

كابینه‌كەى حکومەت هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه؟‌

ڕێو شوێنه‌ یاساییه‌كانى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى سه‌رۆكوه‌زیران چین؟ [تایبەت]

16:02 شه‌ممه‌ 30 تشرینی دووه‌م 2019
article image

 

ناس کورد-

په‌رله‌مانتار و یاساناسێكى كورد ئاماژە بەوە دەکات، ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ى عه‌بدولمه‌هدى پێویستى به‌ڕه‌زامه‌ندى په‌رله‌مان و سه‌رۆككۆمار نیه‌ و ئه‌و كاره‌شى واتا هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى كۆى كابینه‌كه و هاوکات چە‌ند یاساناسێكى ترى عێراقى له‌سه‌ر شێوازى په‌سه‌ندكردنى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ى عه‌بدولمه‌هدى ناكۆكن.

.

دوا به‌دواى كۆتایهاتنى كۆبونه‌وه‌كه‌ى  ئه‌مڕۆ (شه‌ممه‌، 30ى تشرینى دووەمى2019)ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق به‌سه‌رۆكایه‌تى عادل عه‌بدولمه‌هدى، له‌ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ ڕایگه‌یاند‌ “عادل عه‌بدولمه‌هدى داواى له‌پەرله‌مان كردووه‌ ڕێوشوێنى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ى بدۆزنه‌وه‌ و حكومه‌تیش به‌رده‌وام بێت له‌كاره‌كانى تا پێكهێنانى كابینه‌یه‌كى نوێ”.

.

ڕێو شوێنه‌ یاساییه‌كانى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى سه‌رۆكوه‌زیران چین؟

.

له‌باره‌ى ڕێوشوێنه‌ یاساییه‌كانى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى سه‌رۆكوه‌زیران و چۆنیه‌تى په‌سه‌ندكردنى، به‌هار مه‌حمود، ئه‌ندامى لیژنه‌ى یاسایى له‌ په‌رله‌مانى عێراق تایبه‌ت به‌ناس كوردى ڕاگه‌یاند “ده‌ستور باسى ورده‌كاری ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى سه‌رۆكوه‌زیرانى نه‌كردووه‌ بۆیه‌ ته‌مومژێكى تێدایه‌، یه‌كێك له‌ڕێگه‌ چاره‌كان ئه‌وه‌یه داواى ڕوونكردنه‌وه‌ له‌دادگا له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ بكرێت”.

.

وتیشى “بۆچوونى تایبه‌تیم ئه‌وه‌یه‌ مادام ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ بۆ هه‌ر كارمه‌ندێكى حكومه‌ت تا سه‌رۆك وه‌زیران مافێكه‌ پێویستى به‌ڕه‌زامه‌ندى په‌رله‌مان نیه، به‌ڵام ته‌نها له‌په‌یڕه‌وى ناوخۆى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیراندا هاتووه‌، سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ى پێشكه‌شى سه‌رۆك كۆمار ده‌كات”.

.

به‌هار مه‌حمود ڕوونیكرده‌وه‌، دواى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى سه‌رۆك وه‌زیران ماده‌ى81ى ده‌ستورى عێراق جێبه‌جێ ده‌كرێت، ئه‌و ماده‌یه‌ش باس له‌خاڵیبوونى پۆستى سه‌رۆك وه‌زیران ده‌كات، به‌پێى ئه‌و ماده‌یه‌ ده‌بێت سه‌رۆككۆمار بۆ ماوه‌ى 15 ڕۆژ بچێته‌ شوێنه‌كه‌ى و له‌و ماوه‌یه‌ش تێنه‌په‌ڕێت.

.

دواتر ماده‌ى 76ى ده‌ستور جێبه‌جێ ده‌كرێت ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ له‌ماوه‌ى ئه‌و 15 ڕۆژه‌دا سه‌رۆككۆمار كه‌ئه‌ركى سه‌رۆكى حكومه‌تیشى ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ ده‌بێت فراكسیۆنى زۆرینه‌ ڕابسپێرێت له‌ماوه‌ى 30 ڕۆژدا بۆ پێكهێنانى كابینه‌یه‌كى نوێ.

.

ڕاى جیاى پسپۆڕانى یاسایى عێراق له‌سه‌ر پرسى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌

.

شاره‌زایانى یاساى عێراقى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ناكۆكن كه‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى سه‌رۆكوه‌زیران پێویستى به‌ڕه‌زامه‌ندى هه‌یه‌ یاخود نیه‌تى، عه‌لى ته‌میمى، شاره‌زاى یاسایى عێراق به‌میدیاكانى وڵاته‌كه‌ى وتووە “ده‌بێت سه‌رۆكوه‌زیران ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ى پێشكه‌شى سه‌رۆككۆمار بكات و ئه‌ویش ڕه‌زامه‌ند بێت له‌سه‌رى”.

.

ئه‌و یاساناسه‌ ئه‌وه‌شى نه‌شاردووه‌ته‌وه‌ ئه‌و پرسه‌ به‌ڕوونى له‌ده‌ستوردا چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌.

.

به‌ڵام په‌رله‌مانتار و هەڵگرى دكتۆرا له‌یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان له‌و پرسه‌دا ڕاى جیاوازى هه‌یه‌، له‌باره‌ى پێویستى ڕه‌زامه‌ندى سه‌رۆككۆمار بۆ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى سه‌رۆكوه‌زیران به‌هار مه‌حمود وتى “من پێموانیه‌ پێویست به‌ ڕه‌زامه‌ندى سه‌رۆككۆمار بكات بۆیه‌ باس له‌وه‌ كراوه‌ ده‌بێت ئاڕاسته‌ى سه‌رۆككۆمارى بكات بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ماوه‌ى 15 ڕۆژدا شوێنى بگرێته‌وه‌”.

.

به‌هار مه‌حمود، جه‌ختى له‌وه‌ كردەوه‌ به‌و پێیه‌ى عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆكوه‌زیرانه و به‌پێى ده‌ستوریش سه‌رۆكوه‌زیران ده‌ستله‌كاربكێشێته‌وه‌ واتا سه‌رجه‌م كابینه‌كه‌ هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌.

.

پێشتریش تاریق حه‌رب، یاساناسى ناسراوى عێراق له‌باره‌ى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ى ڕایگه‌یاند، ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى عه‌بدولمه‌هدى پێویستى به‌ ڕه‌زامه‌ندى په‌رله‌مان نییه‌ و ده‌بێت له‌ماوه‌ى 15 ڕۆژدا سه‌رۆككۆمار كه‌سێك بۆ شوێنه‌كه‌ى ڕابسپێرێت.

.

گومان له‌ده‌ستنوسه‌كه‌ى عه‌بدولمه‌هدى ده‌كرێت!

.

دوابه‌دواى بڵاوكردنه‌وه‌ى ده‌ستنوسى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى  له‌میدیاكانه‌وه‌ كه‌ ئامادەى‌ كردووه‌ بیداته‌ پەرله‌مان، له‌لایه‌ن چالاكوانى مه‌ده‌نى عێراقیه‌وه‌ له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه‌ گومان له‌سه‌ر ئه‌وە كرا كه‌ ئه‌و ده‌ستوخه‌ته‌ هى عه‌بدولمه‌هدى نه‌بێت به‌ڵكو به‌زۆره‌ملێ كه‌سى تر نووسیویه‌تى به‌سه‌ریدا سه‌پێنراوه‌.

.

به‌هه‌مان شێوه‌ په‌رله‌مانتاره‌كه‌ى كوردیش گومانى له‌ڕاست و دروستى ئه‌و ده‌ستخوخه‌ته‌ هه‌یه‌ و له‌و باره‌وه‌ به‌هار مه‌حمود وتى”من گومانم له‌و ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌یه‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌ناوى ئه‌وه‌وه‌ بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ و گومان ده‌كه‌م ئه‌و ده‌ستوخه‌ته‌ هى ئه‌و نه‌بێت”.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل