fbpx
Shadow Shadow

ڕێواز فایه‌ق: تائێستاش دامه‌زراوه‌كانمان گیرۆده‌ى گه‌نده‌ڵین

17:59 دوو شه‌ممه‌ 09 کانونی یەکەم 2019
article image

ناس کورد-

لە ڕۆژى جیهانیى بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵیدا، سەرۆکى پەرلەمان ڕایگەیاندووە، تا ئێستاش دامەزراوەکانمان “گیرۆدەى گەندەڵى بوون” و داواش لە حکومەتى هەرێم دەکات، سه‌ربارى ئاڕاسته‌كردنى پڕۆژه‌یاساى چاكسازى بۆ په‌رله‌مانى كوردستان ئه‌ركى خۆى له‌ به‌رجه‌سته‌كردنى دروشمى ڕاگه‌یه‌ندراوى چاكسازى و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى به‌ پلان و ستراتیژ به‌جێبهێنێت.

,

لە ڕاگەیەندراوێکى سەرۆکایەتیى پەرلەمانى کوردستاندا هاتوە، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشه‌ممه 9ى کانونى 2019، ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەهۆى ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە وتارێکدا ڕایگەیاندووە: “گه‌نده‌ڵى دیارده‌یه‌كى فره‌ڕه‌هه‌ندى ئاڵۆزه ‌و كاریگه‌ریى نه‌رێنی له‌سه‌ر هه‌موو وڵاتێك هه‌یه‌، گه‌رچى كاریگه‌رییه‌كه‌ ڕێژه‌ییه،‌ به‌ڵام دامه‌زراوه‌ دیموكراسییه‌كان بنكۆڵ ده‌كات، گه‌شه‌ى ئابورى و كۆمه‌ڵایه‌تى دواده‌خات، ده‌بێته‌ مایه‌ى ناسه‌قامگیرییه‌كى تاقه‌ت پڕوكێن”.

,

سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان ڕاشیگەیاندووە: “هه‌رێمى كوردستان سه‌ربارى ئه‌وه‌ى كه‌ خاڵى و دابڕاو نییه‌ له‌ بوون و كاریگه‌رییه‌كانى گه‌نده‌ڵى له‌سه‌ر ئاسته‌ جیاوازه‌كان، هاوكات پێده‌چێت هێشتا ده‌ستمان به‌ گونجاوترین میكانیزم بۆ سزادانى گه‌نده‌ڵكاران نه‌گه‌یشتبێت، یان چه‌ك و ئامڕازه‌كانمان له‌ ئاستى خواستدا نه‌بوبێت، بۆیه‌ تائێستاش دامه‌زراوه‌كانمان گیرۆده‌ى گه‌نده‌ڵییه‌، كه‌ ئه‌ركى لێبڕاوانه‌ى خستوه‌ته‌سه‌ر هه‌مووان له‌ ده‌سه‌ڵات و دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كانه‌وه‌ تا ڕێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و ڕاگه‌یاندن و تاك و كۆمه‌ڵگه‌ش به‌ گشتى”.

,

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە، ڕێواز فایه‌ق باسى له‌ هه‌نگاوه‌كان بۆ ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵی و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رى هه‌نوكه‌یى و ستراتیژیی دوورمه‌ودا كردووە و ئاماژه‌ی به‌وه‌داوە: “خۆشبه‌ختانه‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌نگاوى یه‌كه‌مى تێپه‌ڕاندووه ‌و چ دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كان و چ حیزبه‌ سیاسییه‌كانیش به‌ ئاشكرا ڕایانگه‌یاندووه‌ كه‌ گه‌نده‌ڵى ڕۆچوه‌ته‌ نێو جومگه‌كانى فه‌رمانڕه‌وایی و ته‌نانه‌ت به‌شێك له‌ ڕێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نیشى گرتوه‌ته‌وه‌ و كه‌م تا زۆر له‌سه‌ر هه‌ندێ ئاست هه‌نگاوه‌كان ده‌ستى پێكردووه‌”.

,

“له‌ ڕوانگه‌ى باوه‌ڕبوونمان به‌وه‌ى كه‌ پیاده‌كردنى پێوه‌ره‌كانى حوكمى ڕه‌شید و لێپرسینه‌وه ‌و سزادان به‌تایبه‌ت ئه‌و پێوه‌ر و پڕه‌نسیپانه‌ى له‌ ڕێككه‌وتننامه‌ى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ بنه‌بڕكردنى گه‌نده‌ڵى هاتوون فاكته‌ر و ئامرازى بنه‌ڕه‌تین بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى، ده‌بێت بكرێته‌ ئیلهامبه‌خشى كارى ئاینده‌ییمان”، سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان واى وتوە.

,

ئاماژەى بەوەشکردووە: “له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ و سه‌ربارى پابه‌ندكردنى خۆمان له‌ په‌رله‌مان به‌ ڕه‌خساندنى زه‌مینه‌ى ته‌شریعیى گونجاو بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى له‌سه‌ر ئاسته‌ جیاوازه‌كان و پشتیوانیكردنى گشت هه‌نگاوه‌كانى چاكسازى كه‌م بن یا زۆر و هاندانى په‌رله‌مانتاران و لیژنه‌كان بۆ به‌دواداچوون و چاودێرى، پێمان وایه‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان سه‌ربارى ئاڕاسته‌كردنى پڕۆژه‌یاساى چاكسازى بۆ په‌رله‌مانى كوردستان ده‌بێت ئه‌ركى خۆى له‌ به‌رجه‌سته‌كردنى دروشمى ڕاگه‌یه‌ندراوى چاكسازى و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى به‌ پلان و ستراتیژ به‌جێبهێنێت”.

,

,

 

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل