fbpx
Shadow Shadow

"ئایا حەشدی شەعبی کەوتووەتە تەڵەکەوە؟"

ڕۆژنامەیەکی حزبوڵا: خۆپیشاندانەکانى بەغدا خوێناوی دەبن و هەوڵی کەنارخستنی حەشد دەدرێت

11:38 سێ شه‌ممه‌ 10 کانونی یەکەم 2019
article image

ناس کورد-

ڕۆژنامەى ئەخباری سەر بە حزبوڵای لوبنان هۆشداری داوە لە “دووبارەبوونەوەى ڕووداوە خوێناوییەکانی پردی سنەک لە خۆپیشاندانەکانى ئەمڕۆی بەغدادا” و دەڵێت، حەشدی شەعبی لە دۆخی “ئاڵۆزدایە و هەوڵی کەنارخستنی دەدرێت”.

.

ئەمڕۆ سێشەممە، 10ی کانونی یەکەمی 2019، ڕۆژنامەکە لە ڕاپۆرتێکیدا ئاماژەى بەوەکردووە کە  ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی تەحریری بەغدا خۆپیشاندانێکی گەورە ساز دەکرێت کە خۆپیشاندەران و مانگرتووان چەند ڕۆژێکە بانگەشەی بۆ دەکەن، ڕۆژنامەکە گومانی هەیە لەو لایەنانەى کە داوای خۆپیشاندان دەکەن و دەڵێت، “ئەوان دەزگا میدیاییە جیهانییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان بەکارهێناوە بۆ لێدانی ئێران و هاوپەیمانەکانى لە عێراق و دەیانەوێت حەشدی شەعبی تۆمەتبار بکەن بە کوشتنی خۆپیشاندەران و هێرشکردنەسەریان.”

.

دەشڵێت، “لەو چوارچێوەدا، قەیس خزعەلی، ئەمینداری عەسائیبی ئەهلی حەق پێیوایە خۆپیشاندانەکەى ئەمڕۆ بۆ گواستنەوەى ئاڵۆزییەکانە بۆ بەغدای پایتەخت وەک چۆن ئێستا چەند شارێکی باشوری گرتووەتەوە.”

.

ڕۆژنامەکە هۆشداری داوە لە دووبارەبوونەوەى ڕووداوەکەى پردی سنەک کە شەوی 6ی کانونی یەکەم نزیکەى 300 بۆ 400 چەکدار کە دەوترا سەر بە حەشدی شەعبی بن هێرشیان کردەسەر سەر خۆپیشاندەران و نزیکەى 40 خۆپیشاندەریان کوشت و دەیانی تریش برینداربوون.

.

ئاماژەى بەوەشکردووە، “بەشێک لە لایەنەکانى ناو حەشدی شەعبی دەیانەوێت قەیرانەکە بقۆزنەوە ئەگەر بە بێدەنگبوونیش بێت کە ئەوەش لەوانەیە حەشد بەرەو شەڕی ناوخۆیی ببات.”

.

ڕاشیگەیاندووە، ئەوەى ئەگەری گریمانەکەى زیادکردووە “دەرچوونی چەند بڕیارێک بوون لەلایەن سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەرەوە بۆ قەدەغەکردنی دەستێوەردانی هێزەکانى حەشد لە هەر دۆسییەکی ئەمنی وڵاتدا، هاوکات دەبێت هەموو هێزەکان بە فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بجوڵێنرێن و نابێت هیچ هێزێکی حەشد نزیکی گۆڕەپانەکانى خۆپیشاندان ببنەوە و دەبێت لە شوێنی خۆیان بمێننەوە.”

.

ڕۆژنامەکە باس لەوەش دەکات کە “هەندێک لە هێزەکانى حەشد پابەندی بڕیاری حزبەکانیان دەبن نەک سەرۆکى دەستەى حەشدی شەعبی کە ئەوەش ئەگەری شەڕی ناوخۆیی زیاتر دەکات.”

.

ڕۆژنامە ڕونیکردووەتەوە کە کێشەى سەرەکی “بوونی چەکە لە هەموو ماڵێکی عێراقی و ئامادەیە بۆ هەموو ڕوبەڕوبوونەوەیەک بە تایبەت دۆخی ئەمنی زۆر خراپە و هیچ هەماهەنگییەک لەنێوان هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەت و هێزەکانى تردا نییە، کە ئەوەش سیناریۆیەکی خوێناوی خراپ چاوەڕێی دەکات و هەموو هەوڵێک دەدرێت تاوەکو لایەنی سێیەم شیعە کە خۆپیشاندەران و ناڕازییەکانن بهێنرێنە ناو گۆڕەپانی شەڕ و بدرێن بە گژی حەشدا.”

.

ڕۆژنامەکە پرسیار لەبارەى هۆکاری ڕاکێشانی حەشد بۆناو یارییەکە دەکات و سێ هۆکار باس دەکات کە یەکەمیان “نەگونجان و شپرزەیی و یاخیبوونی چەند بەرپرسێکی حەشدە، دووەمیان نەبوونی هەماهەنگییە لەنێوان هێزەکان و سێیەمیشیان باس لە بوونی تەڵەیەک دەکرێت کە بۆ حەشد دانراوە تاوەکو بەهۆی ناکۆکی سەرکردەکانیانەوە بەرەو شەڕی ناوخۆیی ببرێن.”

.

لە کۆتاییدا باس لەوە دەکات کە هەر ئەگەرێک ڕووبدات، ئامانجی سەرەکی دورخستنەوەى حەشدی شەعبییە و کەنارخستنێتی بە تایبەت دوای ئەوەى وڵاتانی بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا داوایان لە عادل عەبدولمەهدی کرد کە حەشد لە گۆڕەپانی خۆپیشاندەران دوربخاتەوە.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل