Shadow Shadow

ڕۆژانە هەزاران تۆن خۆڵ و خاشاک لە هەرێم کۆدەکرێنەوە و هیچ ناوەندێکى ڕیسایکلینیش بوونى نییە

16:44 چوار شه‌ممه‌ 11 ئه‌یلول 2019
article image

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

پاش ئەوەی قائیمقامیەتی سلێمانی لە هەنگاوێكدا، بوە یەكەمین فەرمانگە له‌سه‌ر ئاستى عێراق و هه‌رێمى كوردستان كە بە شێوەیەكی پراكتیكی پاشماوەكانی خۆڵ و خاشاكى لێك جیا کردەوە، بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت تائێستا ناوەندەکانی دووبارە دروستکردنەوەی کەرستەکان لە خۆڵ و خاشاک (ڕیسایکلین) لە هەرێمی کوردستان بوونی نییە.

,

لەبارەى ڕێژەى ئەو خاشاکەى لە هەرێم ڕۆژانە فڕێ دەدرێت زەردەشت ڕەفیق، وتەبێژی شارەوانی سلێمانی، تایبەت بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “ڕۆژانە لە شاری سلێمانی هەزار تۆن خۆڵ و خاشاک لەلایەن شارەوانی سلێمانی کۆدەکرێتەوە، ئەو ڕێژەیەش لە بۆنەکان و ئاهەنگەکاندا بەرز دەبێتەوە بۆ هەزار و 200 تۆن”.

,

وتەبێژەکەى شارەوانى سلێمانى ئەوەشى وت: “لە ئێستادا پڕۆژەی ڕیسایکلین لە شاری سلێمانی چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بڕیاریشە لە ماوەی یەک ساڵدا ئەو پڕۆژەیە تەواوبکرێت، پڕۆژەکە دراوە بە کەرتی وەبەرهێنان و لەلایەن گروپی کۆمپانیاکانی فاروقەوە جێبەجێدەکرێت”.

,

سەبارەت بە گرنگى ئەو پرۆژەیە بۆ شارى سلێمانى، زەردەشت ڕەفیق ئەوەى خستەڕو، ئەو پڕۆژەیە دەبێتە هۆکاری کەمکردنەوەی ڕێژەی فڕێدانى خۆڵ و خاشاک لە ناوچەی تانجەڕۆ، وتیشی، چونکە ئەو ناوەندە ڕۆڵێکی گرنگی دەبێت لە پارێزگاریکردن لە ژینگەی شارى سلێمانى.

,

بە هەمان شێوەى پارێزگاکانى دیکە، پارێزگاى هەولێریش هیچ ناوەندێکى ڕیسایکلینى تێدا نییە، ئەوەش وێڕاى ئەوەى کە لە ساڵەکانى 2012 و 2017 کار بۆ دانانى ڕیسایکلین کراوە لەو پارێزگایە، ئەوانەش بە وتەى فەرمان خەلیل، بەڕێوەبەری شارەوانی و خزمەتگوزاری ژینگە پارێزی هەولێر.

,

فەرمان خەلیل تایبەت بە ناس کوردى ڕاگەیاند: “هۆکاری نەبوونی ئەوناوەندە دەگەڕێتەوە بۆ قەیرانی دارایی و ناسەقامگیری دۆخی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆى شەڕى داعشەوە، هەروەها شوێنی ناوەندەکەش کە بڕیار بوو لە سنوری نێوان هەولێر و ناحیەی گوێردا دروستبکرێت، هۆکارێکی دیکەی دواکەوتنی ئەو پڕۆژەیەیە، بەهۆى ئەوانەشەوە وەبەرهێنەرەکە پاشەکشەى لە پرۆژەکە کرد کە بڕی تێچووەکەی نزیکەی 15 ملیۆن دۆلار بوو”.

,

لەبارەى ئەو ڕێژە خۆڵ و خاشاکەى ڕۆژانە لەلایەن هاوڵاتییانەوە فڕێ دەدرێت، بەڕێوەبەری شارەوانی و خزمەتگوزاری و ژینگە پارێزی هەولێر وتى: “شارەوانی هەولێر ڕۆژانە زیاتر لە دوو هەزار و 300 تۆن خۆڵ و خاشاک کۆدەکاتەوە، ئەگەر میکانزمێک نەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتە ئەوا لە ساڵانی داهاتوودا دەبێتە گرفتێکی گەورە بۆ هاوڵاتییان”.

,

بەڕاى ژینگەپارێزان، فڕێدانی بڕێكی زۆر لە خۆڵ و خاشاك لە دەروازەی شارەکان، جگە لە پیسكردنی ژینگەی ناوچەكە، مەترسی گەورەشی بۆ تەندروستیی هاوڵاتییان هەیە، هۆکارێکیشە بۆ ناشرینکردنی سیمای شارەكان.

,

ئەمیر ئەتروشی، وتەبێژەی شارەوانی دهۆک تایبەت بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “لە پارێزگاى دهۆک هیچ  ناوەندێکی ڕیساکلین بوونى نییە، ئەوەی هەیە تەنها دوو ناوەندن کە کاری جیاکردنەوەی خاشاک دەکەن بەبێ ئەوەی چارەسەری بۆ بکەن، ئەو دوو ناوەندەش دەکەونە قەزای ئاکرێ و قەزای سێمێل”.

,

لە پارێزگاى دهۆکیش ڕۆژانە زیاتر لە 800 تۆن خۆڵ و خاشاک لەلایەن شارەوانییەوە کۆدەکرێنەوە.

,

,

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل