fbpx
Shadow Shadow

بەرواردى ڕێککەوتنەکانى تورکیا لەگەڵ ئەمریکا و ڕوسیا

ڕۆژئاواى کوردستان لەبەرداشى دوو ڕێککەوتندا

23:05 سێ شه‌ممه‌ 22 تشرینی یه‌كه‌م 2019
article image

ناس کورد –

 

چەند کاتژمێرێکى کەم پێش کۆتایی هاتنى ئاگربەستەکەى نێوان تورکیا و هەسەدە بەپێی ڕێککەوتنەکەى نێوان ئەنقەرە و واشنتن، ڕوسیا و تورکیا ڕێککەوتنێکیان لەسەر ڕەوشى سوریا و ڕۆژئاواى کوردستان ڕاگەیاند.

.

ڕێککەوتنەکە دواى شەش کاتژمێر کۆبوونەوەى نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا و ڤلادیمێر پۆتن سەرۆکى ڕوسیا لە شاری سۆچی ڕاگەیەنرا، لەکاتێکدا هێشتا رێککەوتنەکەى ئەنقەرە لەگەڵ واشنتۆن کۆتایی نەهاتووە.

ڕۆژئاواى کوردستان لەبەرداشى دوو ڕێککەوتندا

ڤلادیمێر پۆتن، سەرۆکی ڕوسیا ڕایگەیاند “لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئۆپەراسیۆنی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریامان تاوتوێکرد و پێکەوە ڕێککەوتین لەسەر دۆخی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا”.

.

وتیشى “کورد بەشیکن لە سوریا و نابێت لە دەستوری سوریادا پشتگوی بخرێن و دەبێت گرنگیان پێبدرێت”.

.

لاى خۆیەوە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند “بابەتی سەرەکی کۆبونەوەکەمان دۆخی سوریا و ئۆپراسیۆنەکەمان بو لەڕۆژهەڵات و باکور سوریا بوو، دواتر باسی پەیوەندی ئابوری و بازرگانی و تەکنەلۆجی سەربازییەکانمان کرد”.

.

وتیشی “هەردوولامان لەسەر دۆخی سوریا ڕێککەوتین هەر لە ئیدلبەوە تاوەکو باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و پێکەوە هەوڵ بۆ سەقامگیرکردنی ئاشتی لە سوریا دەدەین”.

ڕۆژئاواى کوردستان لەبەرداشى دوو ڕێککەوتندا

دوای کۆبونەوەکەی ئەو دوو سەرۆکەش، وەزیرانی دەرەوەی ڕوسیا و تورکیا رێککەوتنەکەی نێوان ڕوسیا و تورکیایان دەربارەی چارەسەری کێشەی سنوری سوریا خستەڕوو، باسیان لەوە کرد، ڕوسیا و تورکیا لە خاکی سوریادا ڕێگا بە هیچ پڕۆژەیەکی جیابونەوە و دابەشکاری نادەن.

.

بڕیارە ڕێککەوتنەکەى نێوان ڕوسیا و تورکیا لە پاش نیوەرۆى سبەینێوە بکەوێتە بوارى جیبەجێکردنەوە، سوپای ڕوسیا لە سەرجەم سنورەکانی ناوچەی ئارام جگە لە قامیشلۆ، گەڕانی سەربازی بەهاوبەشی لەگەڵ سوپای تورکیا ئەنجام بدەن.

.

سێرگى لاڤرۆڤ، وەزیرى دەرەوەى ڕوسیا وتى “هێزە کوردییەکان جگە لە قامیشلۆ لەناوچەکانى دیە دەکشێنەوە و سوپاى ڕوسیاش بۆ کارئاسانى کشانەوەکە بڵاوەى پێدەکرێت”.

.

بە گوێرەی رێکەوتنی نێوان هەردوو وڵات، دەبێت هێزە کوردییەکان لەماوەی 150 کاتژمێردا 30 کیلۆمەتر لە ناوچەکە دور بکەونەوە. لەدوای تەواوبونی 150 کاتژمێرەکە سوپای تورکیا و روسیا پێکەوە دەورییە بە قوڵایی 10 کیلۆمەتر لەسەر سنوری تورکیا ئەنجامدەدەن.

.

ئەمە دووەم ڕێککەوتنى تورکیایە لەبارەى بارودۆخى سوریاوە لەگەڵ دوو وڵاتى زلهێزى وەکو ڕوسیا و ئەمریکا، لەماوەى کەمتر لە هەفتەیەکدا، لەدواى ئەو ناڕەزاییە نێودەوڵەتییەى لەبارەى لەشکرکێشییەکەیەوە بۆ سەر ڕۆژئاواى کوردستان دروستبووە.

.ڕۆژئاواى کوردستان لەبەرداشى دوو ڕێککەوتندا

هەردوو ڕێککەوتنەکە لەچەند ڕوویەکەوە هاوبەش و لەچەند ڕوویەکى دیکەوە جیاوازن، لەوەدا هاوبەشن کە هەسەدە لە ناوچەى ئارام بکشێتەوە.

.

بەپێی ڕێککەوتنەکەى واشنتن و تورکیا، نەدەبوو تورکیا بچێتە کۆبانێ و منبج و قامیشلۆ، بەڵام لەڕێککەوتنەکەى نێوان ئەنقەرە و مۆسکۆ تەنیا قامیشلۆ هێڵراوەتەوە کە هەسەدەى تێدا بمێنێتەوە.

.

تا ئێستا ئەمریکا هەڵوێستى خۆى لەبارەى ڕێککەوتنەکەوە ڕانەگەیاندووە و دیارنییە ڕەتیدەکاتەوە یاخود پشتیوانى دەکات.

.

پێش راگەیاندنى ڕێککەوتنەکە بەرپرسێکى ئەمریکا بە ئاژانسى ڕۆیتەرزى ڕاگەیاندبوو، چاوەڕوانى ئەنجامى کۆبوونەوەى نێوان ئەردۆغان و پۆتن دەکەن، بۆ ئەوەى بزانن تورکیا چ هەنگاوێک دەنێت لە داهاتوودا.

.

جگە لە ئەمریکا، تا ئێستا هێزەکانى سوریاى دیموکرات و ئیدارەى خۆبەڕێوەبەرى باکور و ڕۆژهەڵاتى سوریاش هەڵوێستى خۆیان ڕانەگەیاندووە، لەکاتێکدا پێشتر بەشێکى  ڕێککەوتنەکەى ئەنقەرە و واشنتنیان قبوڵکرد، بۆ دروستکردنى “ناوچەى ئارام و ڕاگەیاندنى ئاگربەست”، هەر لەو چوارچێوەیەشدا ئەمڕۆ لە “ناوچەى ئارام” کشانەوە.

.

کەمال عاکف وتەبێژ بەناوى پەیوەندییەکانى دەرەوەى ئیدارەى خۆبەڕێوەبەرى باکور و ڕۆژهەڵاتى سوریا بە ئاژانسى هاوار نیوزى ڕاگەیاندووە “بەدواداچوون دەکەین بۆ ڕێککەوتنەکەى نێوان تورکیا و ڕوسیا و هەڵیدەسەنگێنین، دواتر هەڵوێستى خۆمان لەو بارەیەوە ڕادەگەیەنین”.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل