fbpx
Shadow Shadow

سیاسه‌تی

700 هێرش و نزیکەى سێ هەزار قوربانى

ڕفاندن؛ چەکى نوێی داعش بۆ پارە پەیداکردن [تایبه‌ت]

17:35 چوار شه‌ممه‌ 19 شوبات 2020
article image

ناس کورد-

 

هێرشى شانە نوستووەکانى داعش لەناوچە جیاجیاکانى عێراق، بەتایبەتى لەناوچە جێناکۆکەکان تادێت زیاتر دەبێت و ئەو رێکخراوە هەوڵدەدات لەرێگەى ڕفاندنى هاوڵاتیان و ئازادکردنیان بە پارە سەرچاوەى دارایی بۆ هێرشەکانى بدۆزێتەوە.

.

ڕاگەیاندنى سەرکەوتن بەسەر داعشدا لەلایەن حەیدەر عەبادییەوە، لەمانگى 12ى ساڵى 2017دا بەس نەبوو بۆ کۆتایی هێنان بەو رێکخراوە، بەڵکو چەند مانگێکى کەم دواى ئەو ڕاگەیاندنە هێرشەکانى داعش دەستیپێکردەوە.

.

لە ئێستادا داعش لەچەند ناوچەیەکى عێراق بوونى هەیە، لەباشورى موسڵ لەنیوان بەعاج لە موسڵ و راوە لە ئەنبار، لە چوارگۆشەى بێجى و عەلەم و رەشاد  وعەباسییە کە وەکو بەرەى دواوەى ئەو رێکخراوە دەبینرێت کە لەو ناوچانەوە هێرشدەکاتە سەر ناوچە جێناکۆکەکان.

.

ئەو ناوچانە لەساڵانى دەسەڵاتى داعشدا لەنێوان 2014 بۆ 2017، مۆڵگەى سەرەکى چەکدارەکانى ئەو رێکخراوە بوون، دواى کۆنتڕۆڵکردنەوەشیان هێزە عێراقییەکان نەیانتوانى زۆر تێیاندا بمێننەوە.

.

جگە لەوەى سروشتى ئەو ناوچانە کە بەشێکیان لەسەر سنورى عێراق و سوریان و کۆنتڕۆڵکردنیان تا ڕادەیەک ئەستەم بووە لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە بەدرێژایی ساڵانى ڕابردوو، لەهەمانکاتدا پێکهاتەى دانیشتوانى بەشێک لەناوچەکان لەبارن بۆ مانەوەى شانە نوستووەکانى ئەو ڕێکخراوە، بەو پێیەى بەوتەى بەشێک لە سەرچاوە سەربازییەکان هەندێک لە چەکدارەکان خەڵکى ناوچەکەن و شارەزای وردى سنورەکەن.

.

زۆرترین ناوچە کە داعش کردویەتیە ئامانج لە هێرشەکاندا، سنورى ناوچە جێناکۆکەکانە، کە لەدواى ڕووداوەکانى 16ى ئۆکتۆبەرەوە بە قوڵایی 40 کیلۆمەتر بۆشایی ئەمنى هه‌یه‌ و هیچ هێزێکى تێدا نییە.

ڕفاندن؛ چەکى نوێی داعش بۆ پارە پەیداکردن [تایبه‌ت]

.

ئەو سنورە پێشتر لەژێر کۆنتڕۆڵى هێزەکانى پێشمەرگەدا بوو، بەڵام دواى کشانەوەى پێشمەرگە هیچ هێزێکى تێدا جێگیرنەکرا و بووە شوێنێکى لەبار بۆ شانە نوستووەکانى داعش تا خۆیان رێکبخەنەوە.

.

هێرشەکانى داعش بەدرێژایی دوو ساڵى ڕابردوو، بەچەندین شێواز بوون، لەوانە هێرشکردنە سەر خاڵەکانى پشکنین، کاروانى ئۆتۆمبیلى سەربازى، رفاندنى خەڵک و ئازادکردنى بە پارە، چالاکییەکانیشى زیاتر لە شێوەى شەڕى پارتیزانیدا کە لە رێگەى چەند چەکدارێکەوە ئەنجامیداوە و دواتر گەڕاونەتەوە.

.

بەپێی ئەو ئامارانەى لە وەزارەتى پێشمەرگەوە دەست ناس کورد کەوتوون، لەساڵى 2018دا، کۆى ئەو هێرشانەى داعش کردویەتى لەناوچە جێناکۆکەکان 456 هێرش بووە کە 1704 کەس شەهید و بریندار و ڕفێنراو هەبووە، لەساڵى 2019دا 238 هێرش بووە، نزیکەى 1200 کەس شەهید و بریندار و ڕفێنراو هەبووە، لە دوو مانگى ئەمساڵدا زیاتر لە 48 هێرش ئەنجامدراوە.

.

دوایین هێرشى داعش لەسنورى ناوچە جێناکۆکەکان ئێوارەى دوێنێ (سێشەممە) بۆ سەر گوندێکى سنورى ناحیەى دوبز بوو لە پارێزگاى کەرکوک، کە بەهۆیەوە چوار کەس شەهیدبوون.

 

جەبار یاوەر، ئەمیندارى گشتى وەزارەتى پێشمەرگە بە ناس کوردى ڕاگەیاند “هێرشەکانى داعش زیاتر بووە و رۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت، هێزە عێراقییەکان توانایان نییە کۆنتڕۆڵى ئەمنییەتى ناوچەکان بکەن، ئەوەى بەرەنگاریى چەکدارەکان دەبێتەوە خەڵکانى ناوچەکە خۆیانن”.

.

زیادبوونى جموجۆڵ و هێرشەکانى داعش بۆ چەندین هۆکار دەگەڕێنرێتەوە، کە یەکێکیان پچڕانى پەیوەندى سەربازیی و نەبوونى هەماهەنگى نێوان وەزارەتى پێشمەرگە و وەزارەتى بەرگرى عێراقە لەدواى رووداوەکانى 16ى ئۆکتۆبەرەوە.

ڕفاندن؛ چەکى نوێی داعش بۆ پارە پەیداکردن [تایبه‌ت]

.

بەدرێژایی دوو ساڵى ڕابردوو چەندینجار هەردوو وەزارەتى پێشمەرگە و بەرگرى عێراق کۆبوونەوە بەمەبەستى دروستکردنەوەى هەماهەنگى لەنێوانیاندا، بەڵام نەگەیشتن بە ئەنجام، ئەوەش دەرفەتى جموجۆڵى زیاترى لەبەردەم داعشدا ڕەخساندووە.

.

جەبار یاوەر وتى “چەندینجار داوامان لە وەزارەتى بەرگرى عێراق کردووە لەو بارەیەوە، بەڵام وەڵاممان نادەنەوە، هیچ هۆکارێکیش بۆ ئەوە ناخەنە ڕوو، رەنگە هۆکارەکەى پەیوەندى بە دۆخى خۆپیشاندانەکان و دەستلەکارکێشانەوەى عادل عەبدولمەهدى و ناسەقامگیرییەوە هەبێت”.

.

هێرشە نوێیەکانى داعش ئاماژەیەکن بۆ هەوڵى ئەو رێکخراوە بۆ دوبارە خۆڕێکخستنەوەى، سەرەڕاى ئۆپراسیۆنە بەردەوامەکانى سوپاى عێراق و پێشمەرگە بۆ شکستهێنانى هەوڵەکانى ئەو رێکخراوە لەو بارەیەوە.

.

قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێم لەبارەى دوایین هێرشى داعشەوە لەسنورى دوبز لە پەیامێکدا ڕایگەیاند “ئەم پێشهاتە ئەمنیانە ئاماژەیەكی روونە لەسەر مەترسی پاشماوە و ژێرخانی ئەم رێكخراوە تیرۆریستییە كە كوشتن و بڕینی وەحشیگەرانە یەكێك لە ئامانج و شێوازەكانی كاركردنییەتی و پێویستی بەچاوكراوەیی و پلان و ئامادەسازیی بەردەوام و تۆكمە هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی”. 

.

داعش لەم چەند مانگەى دواییدا رێگەیەکى نوێی بەکارهێناوە بۆ دۆزینەوەى سەرچاوەى دارایی بۆ هێرشەکانى و رێکخستنەوەى ریزەکانى لەو ناوچانەى بەناوچەى پەراوێزى ئەمنى ناودەبرێن و دۆخیان ناسەقامگیرە، ئەویش رفاندنى خەڵک و ئازادکرنیانە بەرانبەر پارە.

.

لەم چەند مانگەدا داعش چەندین کەسى بەو رێگەیە بەتایبەتى لەناوچە جێناکۆکان رفاندووە و دواتر بە پارەیەکى زۆر ئازادیکردوون، کە دواترینیان لەچەند ڕۆژى ڕابردوودا بوو کاتێک ئەو رێکخراوە دواى شەش مانگ لە رفاندنیان دوو گەنجى دانیشتووى کفرى ئازادکرد، لەبەرانبەر بڕى 40 هەزار دۆلاردا بۆ هەریەکەیان.

.

سەرچاوەیەکى سەربازى لەسنورى ناوچە جێناکۆکەکان بە ناس کوردى ڕاگەیاند “ئەوە نوێترین رێگەى داعشە بۆ پەیداکردنى سەرچاوەى دارایی بۆ هێرشەکانى، لەو رێگەیەوە داعش بازرگانى دەکات”.

ڕفاندن؛ چەکى نوێی داعش بۆ پارە پەیداکردن [تایبه‌ت]

.

رێکخراوى داعش لەساڵانى نێوان 2014 بۆ 2017 لەرێگەى دەستبەسەرداگرتنى سامانى روبەرێکى فراوانى ناوچەکانى ژێر دەستى لە عێراق و سوریا سەرچاوەى دارایی پەیدا دەکرد، بەڵام دواى لەدەستدانى ئەو ناوچانە سەرچاوە داراییەکانى وشکبوون، هەرچەندە بەپێی خەمڵاندنێکى نەتەوە یەکگرتووەکان هێشتا ئەو رێکخراوە خاوەنى ملیۆنان دۆلارە.

.

سەرچاوەکە باسى لەوەکرد، پشێوى دۆخى عێراق و ناسەقامگیریی هۆکارى زیادبوونى هێرشەکانى داعشن، بەڵام ئەو رێکخراوە هێزى گەورەیان نییە لە ئێستادا و تواناى هێرشى بەرفراوانیان نییە.

.

زیادبوونى هێرشەکانى داعش هاوکاتە لەگەڵ هۆشدارییەکان لەبارەى زیادبوونى جموجۆڵەکانى ئەو رێکخراوە و هەوڵدان بۆ دوبارە رێکخستنەوەى ریزەکانى و سودوەرگرتن لە ناکۆکی و گرژیەکانى نێوان تاران و واشنتن لەسەر خاکى عێراق.

.

سەرەتاى ئەم هەفتەیە مەسرور بارزانى لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پێگەى “بیزنس ئینسایدەر” ڕایگەیاندبوو“ڕێکخراوى داعش تا ئێستاش هەڕەشەیەکى گەورەیە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، سەرەڕاى ڕاگەیاندنى تێکشکاندنى ئەو رێکخراوە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ و کوژرانى ئەبوبەکر بەغدادى خەلیفەى داعش”.

.

دەشڵێت “داعش تا ئێستاش بەهەموو هێزییەوە کاردەکات، سەرەڕاى لەدەستدانى زۆربەى هەژمونەکەیى و چەندین کەسى شارەزا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سەرکەوتوو بووە لە ڕاکێشانى کەسانى دیکەى شارەزا و بەسەربازگرتنى خەڵێکى زۆر و کۆکردنەوەى لەدەورى خۆى، نابێت ئەوە بەکەم سەیر بکرێت”.

.

وتیشى “تا ئێستاش داعش نزیکەى 20 هەزار شەڕکەرى هەیە لەتەواوى عێراق و سوریا”.

.

ئەوە لەکاتێکدایە، هاوینى ڕابردوو پنتاگۆن ڕایگەیاند، ژمارەى چەکدارانى داعش لەنێوان 14 بۆ 18 هەزار چەکداردایە، لەکاتێکدا لەساته‌وه‌ختی ڕاگەیاندنى خەلافەتەکەى و دەستبەسەرداگرتنى روبەرێکى زۆر لە عێراق و سوریا نزیکەى 10 هەزار چەکدارى هەبوو.

.

دیفید ستیرمان شیکەرەوەى سیاسی دیار دەڵێت “داعش تا ئێستاش لە عێراق و سوریا بوونى هەیە، سەرلەنوێ تواناى رێکخستنەوەى ڕیزەکانى هەیە دواى شکستەکان، زیادبوونى ژمارەى چەکدارەکانى هەڕەشەی گەوریە لە عێراق و سوریا، بەتایبەتى کە بارودۆخى گونجاو هەیە بۆ گەڕانەوەى، بەدیاریکراوى ئەگەر گرژیەکانى ئەمریکا و ئێران ڕێگرى دروستبکەن بۆ هەوڵى نێودەوڵەتى بۆ بەرەنگاربوونەوەى”.

.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل