Shadow Shadow

ڕاپۆرتێکی ئەمریکی: عێراق وەک بەرمیلێکی باروت وایە، ئیسرائیلیش پریسکی ئاگرەکەی بە دەستەوەیە

16:07 یه‌ك شه‌ممه‌ 25 ئاب 2019
article image

 

ناس کورد-

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ئەمریکی، ئوپراسیۆنە ناوبەناوەکانی ئیسرائیل لە عێراق، ئەگەری هەیە ببێت بە پریسکی هەڵگیرسانی شەڕێکی گەورە لە ناوچەکەدا، ئاماژەی بەوەشکردوە وەڵامنەدانەوەی هێرشەکان وادەکات ئیسرائیل زیادەڕەوی بکات لەو بارەیەوە.

.

ڕاپۆرتێکی، پێگەی ستراتفۆرى ئەمریکی، کە ئەمڕۆ (یەکشەممە،25ى ئابی2019)، بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات “لە ماوەی ڕابردوودا ئیسرائیل توانیویەتی هەڕەشەکانی خۆی جێبەجێ بکات، هەموو ئاماژەکانیش بۆ ئەوە دەچن، کە ئەو زنجیرە تەقینەوانەی کە دووچاری کۆگاکانی حەشدی شەعبی بوەوە لە ناوچەکانی ناوەڕاستی عێراق ئیسرائیلی لە پشتەوەیە”.

.

ڕاپۆرتەکە روونیکردۆتەوە” ئەگەر ئیسرائیل هێرشەکانی لە عێراق  زیاتر فراوان بکات، ئەوا حکومەتی عێراق هەوڵەکانی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی وڵاتەکەی نەبێت بە گۆڕەپانی شەری بە وەکالەت لە نێوان ئیسرائیل و ئێران”.

.

جەختیش دەکاتەوە، لەکاتی هەڵگیرسانی هەر شەڕێک، نەتەوە پەرستەعێراقییەکان و گروپە لایەنگرەکانی ئێران و گروپە سوننەکان، یان ڕووبەڕووی ئەمریکا یان ئێران دەبنەوە.

.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەى بەوە کردووە، دەسەڵاتدارانی عێراق دڵنیان  لەوەی  ئیسرائیل لە پشت تەقینەوەی چوار کۆگاکانی حەشدی شەعبییەوەیە، بڕواشیان وایە کە ئیسرائیل ستراتیژی شەڕی دژ بە ئێران لە سوریاوە گواستوەتەوە بۆ عێراق.

.

ستراتفۆر لە ڕاپۆرتەکەیدا،  دڵنیایى دەدات ئەگەرعێراق ببێت بە گۆڕەپانی شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و ئێران، ئەو گۆڕەپانە پانتاییەکی فراوانی دەبێت، بڵێسەی ئەو شەڕەش بەراورد بە سوریا تووندتر دەبێت، کاریگەری خراپیشی دەبێت لە سەر بەرژەوندییەکانی ئەمریکا لە عێراق  و پڕۆسەی ئاشتی لە ناوچەکەدا.

.

بەگوێرەى راپۆرتەکە، ساڵانێکی زۆرە ئیسرائیل، شەڕی سوریای بۆخۆی قۆستۆتەوە، دەیان جاریش پێگەکانی سوریا و ئێرانی لەو وڵاتە بۆردومانکردوە، بەڵام نەبووەتە هۆکاری هەڵگیرسانی شەڕێکی گەورە، بەڵام هێرشەکانی ئیسرائیل لە عێراق ئەگەری هەیە مەترسی گەورەی لێبکەوێتەوە لە ناوچەکە.

.

ڕاپۆرتەکە باسلەوە دەکات، حکومەتی عێراقی دڵنیایە تەقینەوەی کۆگاکانی چەک، ئیسرائیلی لە پشتەوەیە ، هەر بۆیە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاری خستنەخوارەوەی هەر فڕۆکەیەکی بێ مۆڵەتیدا لە ئاسمانی عێراق.

.

لەراپۆرتەکەدا هاتووە ، ئێران هەوڵدەدات بەشێک لە مووشەکەکانی لە عێراق حەشار بدات، بە تایبەتی دوای ئەوەی بەشێک لەو مووشەکانە لە سوریا دووچاری هێرشەکانی ئیسرائیل بوەوە، ئیسرائیلیش دەیەوێت،بەرەیەکی دیکە دژ بە ئێران دروست بکات لەبری بەرە تەقلیدییەکەی لە لوبنان لەگەڵ حیزبوڵڵا.

.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئیسرائیل مەرامی سیاسیشی، لە پشت هێرشەکانیەوە لە عێراق هەیە، چونکە بنیامین نەتنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و پارتی لیکۆد، مەترسییەکانی ئێران لە ئیسرائیل  و بەکارهێنانی خاکی  عێراق وەک گۆڕەپانێکی شەڕ، وەک کارتێک بەکاردەهێنن بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ  هەڵبژاردنەکانی 17ى ئەیلولی داهاتوو .

.

ڕاپۆرتەکە، ئاماژەی بەوەشکردوە، ئیسرائیلییەکان لە هێرشەکانیان بۆ سەر پێگەکانی ئێران لە عێراق، هەمان ئەو فڕۆکانە بەکاردەهێنن  کە ئەمریکا بەکاریدەهێنێت، ئەوەش  بە مەبەستی دوورخستنەوەی گومانەکان لەسەر ئیسرائیل، زیاتر تۆمەتبارکردنی ئەمریکا ،بە تایبەتی کە هێزەکانی ئەو وڵاتە لە ناو خاکی عێراق بوونیان هەیە، ساڵانێکیشە ئوپڕاسیۆنی بەردەوام دژ بە ڕێکخراوی داعش ئەنجامدەدەن.

.

ڕاپۆرتەکە لە کۆتایدا ئاماژەی بەوەکردوە، ئەگەر عێراقییەکان دڵنیاشبن لەوەی کە هێرشەکان ئیسرائیل ئەنجامیان دەدات، بە هیچ جۆرێگ توانای ئەوەیان نییە بەرگری لە ئاسمانی وڵاتەکەیان بکەن،  بە هۆی نەبوونی سیستمی بەرگریی ئاسمانی پێشکەوتوو، بە پێچەوانەی سوریاوە، کە زۆر جار سیستمی بەرگریی ئاسمانی ڕوسیا رێگرى بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل دروستدەکات.

.

 

 

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل