fbpx
Shadow Shadow

چۆن کەسوکارەکەى و ڕفێنەرانى ڕێککەوتن؟

چیرۆکى ڕفاندن و ڕزگاربوونى گه‌نجێكی کوردى ڕفێنراوى دەست داعش

09:56 سێ شه‌ممه‌ 07 كانونی دووه‌م 2020
article image

ناس کورد-

 

ئێوارەیەکى درەنگ لەکاتێکدا خۆر بەتەواوى بەرەو ئاوابوون دەچوو، دایک و باوکێکى شەکەت لە گەرمیانەوە ڕێگەیەکى دورودرێژیان بڕى، بۆ دیدارى ڕفێنەرانى کوڕەکەیان تا لەبەرانبەر مامەڵەیەکدا جارێکى تر لە ئامێزى بگرنەوە.

.

دوو مانگ لەمەوبەر و لەکاتێکدا حەسەن والى تەمەن 20 ساڵ، لە گوندى نارێن کە کۆتا گوندى کوردنشینە لە سنورى قەرەتەپە بە تراکتۆرەکەى سەرقاڵى جوتکردن بوو، سێ چەکدار سەرکەوتنە سەر تراکتۆرەکەیى و میلى چەکیان لێهێنایەوە و چاویان بەستەوە و بەرەو شوێنێکى نادیار ڕفاندیان.

.

دواى ماوەیەک چەکدارەکان پەیوەندى بە کەسوکارى حەسەنەوە دەکەن و داواى 40 دەفتەر دۆلار دەکەن، لەبەرانبەر ڕزگارکردنیدا، بەڵام ئەوان ڕەتیدەکەنەوە ئەو بڕە پارەیە بدەن.

.

قانع عەبدولکەریم خاڵى حەسەن بۆ ناس کوردى گێڕایەوە، لەماوەى ڕفاندنى تا ئازادکردنى، چەکدارەکان چوار جار پەیوەندیان پێیانەوە کردووە، هەر جارەى داواى بڕێک پارەیان کردووە، تا دوایین جار لەسەر شەش دەفتەر دۆلار ڕێککەوتوون.

.

بەدرێژایی ئەو دوو مانگەى کە حەسەن لەلاى گروپە چەکدارەکە بووە، کەسوکارەکەى هیچ زانیارییەکیان لەسەرى نەبووە، تەنها چەکدارەکان ئەوەیان پێ وتوون کە لە ژیاندا ماوە و ئەگەر پارەیان پێ بدەن ئازادی دەکەن.

.

ئەو گوندەى کە حەسەنى لێ ڕفێنرا، دەکەوێتە ناوچەیەکەوە کە لەدواى ڕووداوەکانى 16ى ئۆکتۆبەرەوە بۆشایی ئەمنى لێ دروستبووە، بەو پێیەى پێشتر هێزەکانى پێشمەرگەى لێ بووە و دواتر کشاونەتەوە.

.

بەهۆى نەبوونى هیچ هێزێکى ئەمنى و سەربازى لەو ناوچەیە، کەسوکارى حەسەن دەست بۆ بژاردە تاڵەکە دەبەن؛ مامەڵەکردن لەگەڵ چەکدارەکان، هەرچەندە دڵنیانابن لەوەى کە چەکدارەکان نیازی چییان هەیە.

.

 

قانع کە بەدرێژایی دوو مانگ لەگەڵ کەسوکارەکه‌یدا سەرقاڵى هەوڵدان بوو بۆ ڕزگارکردنى حەسەن، باسى لەوەکرد، ئێوارەیەکى درەنگى رۆژی (یەکشەممە)ی رابردوو، دایک و باوکى حەسەن لە ناحیەى ڕزگارییەوە بەرەو گوندى ئەبو عەلەکى عەرەبنشینى نزیک لەو گوندەى کە حەسەنى لێڕفێنرا بە ڕێکەوتن.

.

ڕێککەوتنەکە بەجۆرێک بوو دەبوو تەنها دایک و باوکى حەسەن بە بڕى شەش دەفتەر دۆلارەوە بچنە شوێنەکە، لەوێ دوو چەکدار چاوەڕوانیان دەکردن، بۆ تەواوکردنى مامەڵەکە لەگەڵ ئەو گروپە چەکدارییە کە بەوتەى قانع سەر بە داعش بوون.

.

قانع وتى “ئێمە چاوەڕوانى ئەوەمان نەدەکرد، چاوەڕوانى ئەوەبووین کە یارییەکى زۆرمان پێ بکەن، بەڵام بەهۆى بۆشایی ئەمنییەوە چەکدارەکان ئەوەندە بێترس بوون، تەنانەت 20 خولەکیش پێکەوە دانیشتین و پارەکەیان ژمارد”.

.

دایک و باوکى حەسەن سەرەتا ئامادەنەبوون پارەکە بدەنە چەکدارەکان، تا دڵنیانەبوونەتەوە لەوەى حەسەنیان ڕادەستدەکەن “پێیان وتوون بشمان کوژن پارەکەتان پێنادەین تا حەسەنمان پێ پیشان نەدەن، ئەوانیش دڵنیاییان پێدابوون و لەچەند خولەکێکدا چەند چەکدارێکى دیکە حەسەنیان بۆ هێناون”.

.

حەسەن بە سەر و ڕیشێکى زۆر و ڕوخسارێکى تەواو شێواوەوە باوەشى گەرمى بە دایک و باوکیدا کردەوە و جارێکى تر پێکەوە شادبوونەوە.

.

“کارەکە ئاسان نەبوو، دیار نەبوو چەکدارەکان بەتەواوى دەیانەوێت چى بکەن، بەڵام دایک و باوکى ریسکیان کرد و ئامادەبوون بچنە ئەو شوێنە بۆ هێنانەوەى کوڕەکەیان کە رۆژانە خەڵکى لێدەکوژرێت”، قانع وایوت.

.

حەسەن ئێستا تەندروستى تا ڕادەیەک باشە، بەڵام بەوتەى خاڵى، تەواو شێواوە و نەهاتووەتەوە سەر خۆى و هێشتا ترسى نەڕەویوەتەوە، بەو پێیەى لەماوەى ئەو دوو مانگەدا لەژێر زەمیندا بەند کراوە و یەکجار چاویان کردووەتەوە.

.

حەسەن دواى ڕزگاربوونى باسى ئەوەی بۆ خێزانەکەى کردووە کە هەموو ئەو گروپەى کە ئەویان ڕفاندووە بە عەبدوڵا بانگى یەکتریان کردووە.

.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل