Shadow Shadow

چۆن لە کوشتنی دیپلۆماتکار-بەرپرسەکەی میتی تورکیا لە هەولێر بڕوانین؟

14:48 دوو شه‌ممه‌ 22 ته‌موز 2019
article image

بیروڕا- کەمال چۆمانی

ئاسایش و دەزگای دژە-تیرۆری پارتی هیچ زانیارییەکی رازیکەریان لەگەڵ وڵاتییانی هەرێمی کوردستان بەشنەکردوە. ئێمەش روداوەکانی رابردومان لەبیرە کە چۆن پارتیی بۆ لێدان لە نەیارەکانی خۆی، بۆ نمونە تاوانبارکردنی کادیرێکی نیشتیمانپەرەوەری کۆمەڵی ئیسلامیی لە تەقینەوەیەکی هەولێردا، دەستگیرکرد و بە تاوانباری ناساند، کەچی دواتر دەرکەوت ئەو کادیرە بەڕێزە هیچ ئاگاداریییەکی سادەشی لەو تەقینەوەیە نەبوە. بۆیە نەک هەر بە گومانەوە تەماشای ئەو زانیارییانە دەکەین ئاساییش و دەزگای دژە-تیرۆری پارتیی بڵاویاندەکاتەوە، بەڵکو بڕواشی پێناکەین.

.

دۆخی ناوخۆیی تورکیا نە لەڕوی سیاسییەوە، نە لەڕوی ئابورییەوە سەقامگیر نین. نەیارانی ئەردۆغان دەرکەوتون و ئەگەری ئەوە بەهێزە هێزێکی دیکە دروستببێت کە زۆرینەی ئەکەپە لە پارلەمان هێندەی تر لاواز بکات.

.
بۆ داپۆشینی ئەو شکستە ئابوریی و سیاسییانەی تورکیا و ئەکەپە، ئەردۆغان پێویستی بە شەڕێکە وەک چۆن لە ٢٠١٥ پڕۆسەی ئاشتیی کۆتایی پێ هێنا. لەبارترین شەڕ هێرشکردنە سەر رۆژئاڤایە، بەتایبەت کە شەڕی سوریا تا رادەیەک بەرەو یەکلاییبونەوە چوە و هیوای لەسەرکارلابردنی بەشار ئەسەد و رژێمەکەی چیتر ئامانجی کۆتایی هاوپەیمانان نییە. بەڵام ئەو هێرشە ئەنجامدانی ئاسان نییە چونکە ئەمریکا بەتەواوی دژایەتیی هێرشێکی لەو جۆرە دەکات. پێگەی رژێم جارێکی تر هێندە بەهێز بۆتەوە کە تورکیا چیتر خەون لەسەر روخان و جێگرتنەوەی بە ئۆپۆزسیۆن بونیات نەنێت.

.
لەو چوارچێوەیەدا، تورکیا هێرشێکی زەمینیی بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە بیانوی هەبونی پەکەکە دەستپێکردوە، بەڵام پێویستیی بە شەرعییەتی زیاتر هەیە بۆ ئەو هێرشە، بە رادەیەک بەڵکو بتوانێت پشتیوانیی ناتۆش بەدەستبێنێت. ئەگەر هێرش بۆ سەر رۆژئاڤا سەرکەوتو نابێت و ئەنجامدانی مەحاڵ بێت، ئەوا بۆ سەر باشور هێندە مەحاڵ نییە چونکە ئەمریکا لە هەمبەری نییە و پارتیی دیموکراتیی کوردستانیش، کە ئێستا بەتەواوی حکومەتیشی کۆنترۆڵ کردوە، هاوکارە.

.
لە عێڕاق و هەرێمی کوردستاندا کە بۆتە پێگەی دەیان دەزگای هەواڵگریی ناوچەیی و دونیا، ململانێکان ئاسان دەکرێت بتەقنەوە، رەوشی سوریا و یەمەنمان هێشتا لەبەرچاوە. ئێران و ئەمریکا ململانێیەکی قوڵیان لەسەر پێگەی ئێران لە ناوچەکە دەستپێکردوە، هەر بۆیە هەر ململانێیەکی چەکداریی لە هەرێمی کوردستان یان عێڕاقدا، گەورەتر دەبن لەوەی شەڕی بچوکی رۆژ و مانگان بن.

.
ئەو هێرشەی تورکیا بۆ سەر پەکەکە درێژەبکێشێتە قەندیل گریمانەی ئەوە دەکرێت کە دەبێتە شەڕی ناوخۆیی نێوان پارتیی و پەکەکە، هێزی دیکەی باشوریشی تێدەکەوێت، کە دواجار دەبێتە شەڕی تورکیا و هێزەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی دابەشبونیان بەسەر هێزە ئیقلیمیی یان ناودەوڵەتییەکان.

.
تورکیا ئامانجەکانی دەپێکێت؛ لەلایەکەوە بزوتنەوەی ئازادیخوازیی لە باکور و رۆژئاڤا بێهێز دەکات، ئۆپۆزسیۆنی سیاسیی کوردیی و دەزگا کەلتورییەکانی کورد لە تورکیا زیاتر دەچەوسێنێتەوە. دوای ریفراندۆمیش بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ و باشتربونی پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ عێڕاق، تورکیا هەرێمی کوردستان وەک ئەو پێگە بەهێزە دەستورییەی عێڕاقی وەک جاران لا پەسەند نییە. تەماحی تورکیا بۆ سەر کەرکوک و ناوچەکانی موسڵ تەماحێکی ئابورییە کە قوڵایی مێژویی هەیە.

.

کە ئینسان ئەو راستییانە دەبینێت، ناتوانێت کوشتنی دیپلۆماتکار/بەرپرسەکەی میت لە هەولێر بە گەمەیەکی ئیستیخباراتیی تورکیا خۆی تێنەگات وەک چۆن خەتێکی ناو میت و دەوڵەتی تورکیا پارتییان هاندا بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم تا دواتر ئامانجەکانی خۆیان پێکا و پێگەی هەرێمیان بچوکتر کردەوە.

.

Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل