fbpx
Shadow Shadow

هەواڵی ڕاستەوخۆ

وردەکاری ڕووداوی ماڵەکەی سلێمانی

چوار فیشەک و دوو قیژە کۆتایی بە ژیانی خۆی و ژنەکەی و خەسویشی هێنا

20:03 دوو شه‌ممه‌ 03 شوبات 2020
article image

ناس کورد – ئەحمەد مستەفا

دەنگى چوار فیشەک و قیژەى دوو ژن بەس بوو بۆ ئەوەى دراوسێکانى ماڵى سەمیرە بزانن ڕووداوێکى گەورە ڕوویداوە کە کۆتایی بە ژیانى سێ کەس هێنا کە لەماڵەکەدا بوون.

.

ئەو سێ کەسە پێکهاتوون لە دایک و کچێکى و زاواکەیان کە پاش نیوەڕۆى ئەمڕۆ دووشەممە، 3ی شوباتی 2020، تەرمەکانیان لە ماڵێکدا لە گەڕەکى کانى کوردەى شارى سلێمانى دۆزرانەوە.

.

بەوتەى پۆلیس، پیاوەکە کە زاواى ماڵەکە بووە، چووەتە ماڵەکە و پاش ماوەیەک هاوسەرەکەی و دایکی هاوسەرەکەی و خۆشی  کوشتووە.

.

دراوسێیەکی ماڵەکە بەناوی (د – س) بە ناس کوردى ڕاگەیاند “کاتژمێر 2:30 خولەک لەناکاو دەنگی چوار فیشەکى دەمانچە دوو قیژە لەماڵى سەمیرەوە گەیشتە گەڕەک”.

.

پاش ئەو دوو قیژەیە کۆڵان شۆک و بێدەنگی دایدەگرێت، دراوسێکان دەدەن لە دەرگاى ئەو ماڵەی دەنگەکانی لێوە بیستراوە و کەس نەبوو دەرگا بکاتەوە، ناچار دەرگاکە دەشکێنن و لەو کاتەشدا پۆلیس دەگاتە شوێنەکە.

.

نزیکەى 10 ساڵ لەمەوبەر ئەو ماڵە چونەتە گەڕەکى کانى کوردە، کە پێشتر لە گەڕەکى کانى ئێسکان بوون، ئەوەش دواى ئەوەى مێردەکەى سەمیرە بەهۆى نەخۆشییەوە گیانى لەدەستداوە.

 

هەروەها زاواکەیان بەناوى (ش.م) کە بە وتەى پۆلیس ئەنجامدەرى تاوانەکەیە، خاڵۆزای باوکی هاوسەرەکەیەتى و تەمەنی نزیکەی 30 ساڵ دەبێت و دوو ساڵە هاوسەرگیری لەگەڵ کچەکەى سەمیرە کردووە و لە گەڕەکی بەکرەجۆی شاری سلێمانی ژیاون.

.

وەک ئەوەی دراوسێکانی بۆ پەیامنێری ناس کورد دەیگێڕنەوە، (ش، م) کاری فیتەری کردووە و هەوڵیشیداوە بچێتە دەرەوەی کوردستان و دواتر گەشتووە بە وڵاتی بەریتانیا و گەڕاوەتەوە پلانی ئەوەشی هەبووە هاوسەرەکەشی لەگەڵ خۆی ببات کە پەیمانگاى تەواوکردووە و دانەمەزراو بووە.

چوار فیشەک و دوو قیژە کۆتایی بە ژیانی خۆی و ژنەکەی و خەسویشی هێنا

دراوسێیەکی ماڵى سەمیرە وتى، “ماڵەکە هیچ گرفتێکیان نەبووە کە ئێمە ئاگاداری بین و بەڵکو پەیوەندیەکی تەندروستیان هەبووە و ماڵێکی زۆرباش بوون و دراوسێیەتیان تەواو کۆمەڵایەتی بووە، بەڵام هیچ دەربارەی کێشەی نێوان زاواکەیان و هاوسەرەکەی نازانین”.

.

کۆڵانەکە جگە لە هێزێکی پۆلیس کەسی دیکەی تێدا نەدەبینراو و بەشێک لەو ماڵانەشی لە گەڕەکەدا دراوسێیان بوون کەسوکاریان بەدەمیانەوە هاتبوون و ڕووداوەکە شۆکی کردبوون.

.

“زۆریشمان پێ ناخۆش بوو کە کچەکە بە منداڵی شووی کرد، دایکی بە نەبوونی و نەخۆشی سێ هەتیوی بەخێوکرد و بە بوون و نەبوون منداڵەکانی پێ گەیاند”، هاوڕێیەکی سەمیرەی خاوەن ماڵ بە پەیامنێری ناس کوردی وت.

.

لەسەر ڕووداوەکە چەند جارێک ناس کورد پەیوەندی بە بەرێوەبەر و وتەبیژی پۆلیسی سلێمانییەوە کرد، بەڵام کەسیان وەڵامیان نەدایەوە و ئەو هێزانەشی لە شوێنی ڕووداوەکە بوون ئامادەنەبوون هیچ قسەیەک لەسەر ڕووداوەکە بکەن.

.

تائێستاش ماڵەکە بە داخراوی هێڵدراوەتەوەو هێزیكی پۆلیس چاودێری دەکەن و تیمەکانی بەڵگە و تاوان لێکۆڵینەوەیەکی سەرەتاییان کردووە و هۆکاری سەرەکی ڕووداوەکەش لەزاری دەزگا ئەمنییەکانەوە ئاشکرا نەکراوە.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل