Shadow Shadow

لە سلێمانى فیلمێکى کوردى و فیلمێکى فارسی ژمارەى پێوانەییان تۆمارکرد

“پەیکەرى دڵ و مەتری شەش و نیو” لە کێبڕکێدان

22:19 هه‌ینی 07 حوزه‌یران 2019
article image

ناس کورد- پشتیوان جەلال

پەیکەرى دڵ و مەترى شەش و نیو، ئەو دوو فیلمەى هەوادارانى سینەماى لە سلێمانى کرد بە دوو بەشەوە، بە جۆرێک بلیتى ئەو دوو فیلمە سینەماییە کە یەکەمیان فیلمێکى کوردییە و دووەمیشیان فیلمێکى فارسى تا ئەمڕۆش بە زەحمەت دەست دەکەوێت.

.

فیلمى پەیکەرى دڵ لە دەرهێنانى سینەماکار شوان عەتوفە، کە بە قۆناغى هەستانەوەى سینەماى کوردى دەبیندرێت و لە سیتى سینەماى شارى سلێمانى پەخش دەکرێت، لە بەرامبەردا سینەما سالم فیلمى مەترى شەش و نیوى لە ڕۆژانى جەژندا نمایشکردووە کە لە دەرهێنانى سەعیدى ڕۆستایی دەرهێنەرى فارسە، بەڵام ئەکتەرێکى کوردى ڕۆژهەڵات بە نمایشە سەرنجڕاکێشەکانى هەوادارێکى زۆرى کۆکردووەتەوە لە فیلمەکە.

.

 

.

کێبڕکێى پەیکەرى دڵ و مەترى شەش و نیو لە سینەماکانى سلێمانى

هەوادارێکى سینەما لە پاش تەماشاکردنى فیلمى سینەمایی پەیکەرى دڵ بە ناس کوردى ڕاگەیاند، ئەو تەماشاى فیلمە سینەماییەکان دەکات بە بەردەوامى و خۆى بە فیلم دۆست دەزانیت، لەکاتى چونى بۆ فیلمى پەیکەرى دڵ متمانەى بە فیلمى سینەمایی کوردى نەبووە، بەڵام پاش فیلمەکە بڕیاریداوە بۆ لەمەودوا فیلمەکانى دەرهێنەر شوان عەتوف تەماشا بکات، لە وەسفى فیلمەکەدا دەڵێت: “بەڕاستی فیلمێک بوو جیاواز بوو لە هەموو فیلمە کوردییەکانى دیکە، تەنانەت ئەتوانم بڵێم لە ئاستی فیلمەکانی وڵاتانی تردا بوو”.

.

ئەو گەنجە ئاماژەى بەوەشکرد: “شتێک کە زۆر زۆرم بە دڵ بوو ئەویش ئەوە بوو کە وات هەست ئەکرد ڕاستیە واتە شێوازی قسە کردنیان بازاری بوو نەک وەکو هەندێک فیلم کە ئەزاندرا نواندنە، لەبەر ئەوە ئەتوانم بڵێم هەنگاوێکی باش بوو بۆ پێش کەوتنی سینەمای کوردی”.

.

"پەیکەرى دڵ و مەتری شەش و نیو" لە کێبڕکێدان

.

بە گوێرەى ئەو ئامارانەى کە پەڕەى فەرمى فەیسبوکى سیتى سینەما خستونیەتییەڕوو، لەماوەى تەنها سێ ڕۆژى جەژندا کە فیلمى پەیکەرى دڵ نمایشکراوە، حەوت هەزار و 600 تیکیتى ئەو فیلمە فرۆشراوە، کە وەک “ژمارەی پێوانەیی” وەسفى کردووە.

.

بەڵام بوونى ئەو ڕێژە زۆرەى بینەر و تەواوبوونى بلیتەکانى، فیلمەکەى لە ڕەخنەگرتن نەپاراست، بەشێکى ئەو گەنجانەى تەماشای ئەو فیلمە کوردییەیان کردووە، لەڕوى هونەرییەوە لە فیلمەکە ڕازین بەڵام دەڵێن، لە ڕوى سیناریۆ و ناوەڕۆکە فیلمەکە “دووبارە” بوو، هەرچەندە بۆ یەکەمجارە فیلمێکى میوسیکى بەرهەمبهێندرێت.

.

باهۆز نەسرەدین، پرۆدیوسەرى فیلمى پەیکەرى دڵ بە ناس کوردى ڕاگەیاند، ژمارەى تەماشاکەرانى فیلەمەکە لە سلێمانى و هەرێمى کوردستان لەسەروى پێشبینییەکانى ئەوانە بوو، وتیشی: “تا ئەمڕۆ کە چوارەم ڕۆژى پەخشێتى ژمارەى بینەرى فیلمى پەیکەرى دڵ 17 هەزارى تێپەڕاندووە، تا بینەرى هەبێت لە نمایشکردنى فیلمەکە بەردەوام دەبین”.

.

"پەیکەرى دڵ و مەتری شەش و نیو" لە کێبڕکێدان

.

 

گرانى بلیتى بینینى فیلمى پەیکەرى دڵ، ڕەخنەى هەوادارانى سینەماى بەدواى خۆیدا هێنا، لە پەڕەى فەرمى سیتى سینەما لە ڕیکلامەکانى کاتى نمایشکردنى پەیکەرى دڵ هەندێک گەنج نوسیویانە: “دەکرا نرخى بلیتەکانى فیلەمەکە کەمتر بن”.

.

لە بەرامبەردا پرۆدیوسەرەکەى پەیکەرى دڵ وتى، خەرجى فیلمەکە بەجۆرێکە تا پێش بڵاوکردنەوەى نزیکبۆتەوە لە نیو ملیۆن دۆلار، بۆیە نرخى بلیتى بینینى فیلمەکە لە نرخى بلیتى کۆنسێرتێک زۆر کەمترە، لەبارەى ئەوەى پارەى بلیتەکان بتوانێت خەرجییەکەى دەربهێنێتەوە ئاشکرایکرد: “ئەگەر بەمجۆرە تەماشاکەرى فیلمەکە زۆر بێت ئەگەرى هەیە بتوانێت خەرجییەکەى دەربهێنێتەوە”.

.

فیلمى مەترى شەش و نیو هاوشێوەى پەیەکەرى دڵ، هەوادارانى فیلمى فارسی و فیلمە سینەماییەکان، کێبڕکێی دەستخستنى بلیتى تەماشاکردنیان دەکرد، بەڵام ستافى بەڕێوەبردنى سینەما سالم، بچوکى تاقانە هۆڵى سینەماکەیان بە هۆکارى ئەوە دەزانن کە کەمتر توانیویانە بلیتى ئەو فیلمە بفرۆشن، بەڵام وێڕاى ئەوەش فیلمە فارسییەکە ژمارەى پێوانەیی لە تەماشاکردندا شکاندووە، چونکە لە سینەما سالم تا ئێستا هیچ فیلمێ هاوشێوەى ئەو فیلمە بلیتى نەفرۆشراوە.

.

لاوک ئەبوبەکر، ئەندامى ستافى بەڕێوەبردنى سینەما سالم لە سلێمانى، تایبەت بە ناس کوردى ڕاگەیاند: “لەبەر ئەوەى هۆڵەکەمان 375 کورسیە و لە هەندێک لە نمایشەکاندا 500 کەس لە ژوورەوە بوون، بە گوێرەى ئامارەکانمان لە سێ ڕۆژى جەژندا نزیکەى سێ هەزار کەس تەماشاى فیلمى مەترى شەش و نیویان کردووە لە سینەما سالم”.

.

ئەو ئەندامەى ستافى بەڕێوەبردنى سینەما سالم ئاماژەى بەوەکرد گەر بێت و هۆڵى دیکەیان هەبوایە ژمارەى بینەرانى ئەو فیلمە زۆر زیاتر دەبوون، نەشیشاردەوە هەرزانى نرخى بلیتى سینەما سالم و بەهێزى فیلمەکە و ڕۆڵى ئەکتەرى کورد نەوید محەمەد زادە کاریگەرى گەورەیان هەبووە لەسەر ئەوەى فیلمەکە ئەو ژمارە پێوانەییە لە بینەر تۆمار بکات.

.

"پەیکەرى دڵ و مەتری شەش و نیو" لە کێبڕکێدان

.

یەکێک لەو گەنجانەى کە چەند ڕۆژێک بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانى فیلمى مەترى شەش و نیوى کردووە، بە ناس کوردى ڕاگەیاند، خۆشحاڵە کە بلیتى دەستکەوتووە و لە دووەم ڕۆژى جەژندا تەماشاى فیلمەکەى کردووە، بە بڕواى ئەو ئەو فیلمە شایەنى بینینە و دەڵێت: “لە 10 پۆینت 10 دەدەم بەو فیلمە، نەوید هۆکار بوو بچم بۆ بینینى ئەو فیلمە بەڕاستى ڕۆڵەکەى بەجۆرێکە وەسف ناکرێت”.

.

ئەو هەوادارەى سینەما لە بارەى هەڵبژاردنى ئەو فیلمە بۆ ئەوەى تەماشاى بکات، وتى، ڕاستە نرخى بلیت هۆکارێکە بۆ چونى بینەر بۆ تەماشاکردنى فیلم بەڵام “فیلمى مەترى شەش و نیو گەر بلیتەکەى بە 25 هەزاریش بێت کەمە چونکە فیلمەکە زۆر بەهێز و کاریگەر بوو”.

.

"پەیکەرى دڵ و مەتری شەش و نیو" لە کێبڕکێدان

.

نمایشکردنى فیلمە فارسییەکە کاریگەرى هەبووە لەسەر ژمارەى بینەرى فیلمە کوردییەکە؟

.

هەرچەندە لە یەک کاتدا و لە جەژنى ڕەمەزاندا هەردوو فیلمى پەیکەرى دڵ و مەرتى شەش و نیو نمایش کران، بەڵام ستافى بەڕێوەبردنى سینەما سالم ڕەتى دەکەنەوە کە فیلمە فارسییەکە بۆ کێبڕکێی فیلمە کوردیەکەى دەرهێنەر شوان عەتوف، لەو کاتەدا نمایشکرابێت، بەڵکو پەیوەندییەکى باش لەنێوان ستافى فیلمى پەیکەرى دڵ و سینەما سالم هەیە.

.

لاوک ئەبوبەکر ئاشکرایکرد، بڕیارە سبەى شوان عەتوف و ستافى فیلمى پەیکەرى دڵ بێنە سینەما سالم و بینەرى فیلمى مەترى شەش و نیو بن، وتیشی: “ئێمەش وەک ستافى سینەما سالم لە یەکەم ڕۆژى پەخشیدا لە سیتى سینەما ئامادە بووین و تەماشاى فیلمى پەیکەرى دڵمان کردووە، هیچ کێشەکەیەک نییە و ئەکرێت لە شارێکدا چەند فیلمێکى بەهێز پەخش بکرێت”.

.

 

لە هەمان کاتدا باهۆز نەسرەدین، پرۆدیوسەرى فیلمى پەیکەرى دڵ، ئاماژەى بەوەکرد، خۆشحاڵن لە سلێمانیدا ئەو فیلمە بەهێزە کە ئەکتەرى کورد نەویدى تێدایە نمایشکراوە، پێى وایە ئەو دوو فیلمە سینەماییە کاریگەرى باشیان دەبێت لەسەر یەکتر نەک بە پێچەوانەوە کە لەیەک کاتدا نمایشکراون.

.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل