fbpx
Shadow Shadow

شەمەندەفەرى هەموارى دەستور کەوتەڕێ

پەیامەکانى بەرهەم ساڵح بۆ کورد و هۆشدارییەکانى بۆ لایەنە عێراقییەکان

20:55 سێ شه‌ممه‌ 05 تشرینی دووه‌م 2019
article image

ناس کورد-

 

لیژنەى پەرلەمانى عێراق تایبەت بە کارکردن بۆ هەموارى دەستور یەکەم کۆبوونەوەى ئەنجامدا، بەرهەم ساڵحیش چەند پەیامێکى لەبارەى پرسی دەستورەوە گەیاندووەتە بەرپرسانى هەرێم، هۆشداریشیداوەتە لایەنە عێراقییەکان لەبارەى دەستبردن بۆ مافەکانى کورد و هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەى.

.

لیژنە پەرلەمانییەکە کە لە حەوت ئەندام پێکهاتوون، لەکۆبوونەوەى ئەمڕۆیاندا لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن لەبارەى کارەکانى هەموارى دەستورەوە.

پەیامەکانى بەرهەم ساڵح بۆ کورد و هۆشدارییەکانى بۆ لایەنە عێراقییەکان

بەپێی ڕاگەیەنراوێکى سەرۆکى پەرلەمان کە سەرۆکایەتى کۆبوونەوەکەى کردووە، بڕیاردراوە بۆچوونى لیژنەى شارەزایان وەربگیرێت کە مەرجەعیەتى ئاینى داوایکردووە، لەگەڵ بۆچوونى پسپۆڕانى بوارى یاسا و دەستور.

.

لەگەڵ یەکەم کۆبوونەوەى لیژنە پەرلەمانییەکە، جموجۆڵە سیاسییەکان لەهەرێمى کوردستان دەستیان پێکرد، چەند کۆبوونەوەیەکى بەرفراوان بەئامادەبوونى بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمارى عێراق بەڕێوەچوون.

.

دواى کۆبوونەوەکان نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێم لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند “ئەگەر دەستور پێویستیشى بە هەموارکردنەوە بێت پێویستە لە کەشوهەوایەکی ئارامدا بێت، ئەگەریش بۆ مەبەستی ئەوەبێت کە دەستکەوتەکانی هەرێم کەمبکرێتەوە و قەوارەی هەرێم بچوکبکرێتەوە، ئەوا بێگومان سەقامگیری دروست ناکات”.

 

پەیامەکان بۆ کورد

پەیامەکانى بەرهەم ساڵح بۆ کورد و هۆشدارییەکانى بۆ لایەنە عێراقییەکان

سەرۆک کۆمارى عێراق لەکۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ بەرپرسانى هەرێم چەند پەیامێکى پێبووە، لەبارەى دۆخى عێراق و پرسی هەموارى دەستورەوە کە ترسی لەلاى کورد دروستکردووە.

.

سالار مەحمود راوێژکارى سەرۆک کۆمارى عێراق بە ناس کوردى ڕاگەیاند “پەیامى سەرۆک کۆمار بۆ کورد ئەوە بوو کە دەبێت بەخێرایی هاوپەیمانییەکى کوردستانى نیشتیمانى لە پەرلەمانى عێراق دروستبکرێت، یەک گوتارى پەیڕەو بکرێت بەرانبەر بارودۆخى عێراق”.

.

وتیشى “بەشێکى دیکەى پەیامەکان ئەوە بووە، بەرچاوڕوونى هەبێت لەبارەى ئەو دۆخەى لەعێراقدا هەیە ئەگەر بە بارێکى خراپدا بڕوات هەرێمى کوردستانیش وەک بەشێک لە عێراق دەبێت تێبگات کە دابڕاو نییە لەهەر ئەگەر و گۆڕانکارییەک”.

.

سالار مەحمود جەختیکردەوە، داواکارى خۆپیشاندەران پشتیوانیکراون لەلایەن سەرۆک کۆمار و کوردەوە “بەڵام دەبێت ئەوە بزانرێت کە هەرێم دابڕاو نییە لەو ڕوداوانە، بۆیە دەبێت هەڵوێستەکانى کوردستان و بەغدا یەکبخرێن، بۆ ئەوەى بتوانرێت هەم مافى خۆپیشاندەران پارێزراو بن، هەم بارودۆخەکە لەدەست دەرنەچێت”.

.

بەپێی ئەو وتانەى بەرپرسانى کورد لەسەرووى هەمویانەوە نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێم دواى کۆبوونەوەکان ڕایگەیاند، وەڵامى هەرێم بۆ ئەو پەیامانە “ئیجابی” بوون، بەتایبەت کە سەرۆکى هەرێم باسى لەوەکرد، بەم نزیکانە هاوپەیمانییەکى کوردى لەبەغدا ڕادەگەیەنرێت.

.

سالار مەحمود جەختیکردەوە، وەڵامى کورد بۆ پەیامەکانى سەرۆک کۆمار ئیجابی بووە “لەو ڕاگەیەنراوەى سەرۆکى هەرێم داویەتى دەردەکەوێت کۆبوونەوەکان ئیجابی و گرنگ بوون و توانراوە بەرچاوڕونییەک لەو بارەیەوە بخرێتەڕوو”.

.

هۆشداریی بۆ لایەنە عێراقییەکان

پەیامەکانى بەرهەم ساڵح بۆ کورد و هۆشدارییەکانى بۆ لایەنە عێراقییەکان

لەگەڵ گەیاندنى پەیام بەبەرپرسانى هەرێمى کوردستان، سەرۆک کۆمار هۆشداریشیداوەتە لایەنە عێراقییەکان لەبارەى دەستبردن بۆ مافەکانى کورد لەئەگەرى گۆڕانکاریی دەستوریدا.

.

سالار مەحمود وتى “سەرۆک کۆمار سورە لەسەر پاراستنى مافەکانى خەڵکى کوردستان لە دەستوردا، لایەنە عیراقییەکان خۆشیان دەزانن لە پرسی هەموارى دەستوردا ڤیتۆى بەهێز هەیە بۆ هەرێمى کوردستان”.

.

بەپێی دەستور، لەکاتى هەر گۆڕانکارییەکى دەستوردا، دوو لەسەر سێی دانیشتوانى سێ پارێزگا دەتوانن هەموارەکە ڕەتبکەنەوە، بەوەش هەموارەکە شکستدەهێنێت.

.

بەوتەى سالار مەحمود، سەرۆک کۆمار لەگفتوگۆدا لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان پێی ڕاگەیاندوون کە هەر گۆڕانکارییەکى دەستورى بکرێت دەبێت مافى پێکهاتەکان و گەلى کورد پارێزراو بێت، هیچ لایەک ناتوانێت مافى هیچ لایەکى دیکەش زەوتبکات.

.

جەختیشیکردەوە، ئەوە جۆرێک لە هۆشداریدان بووە لەو بارەیەوە، مافى هەر پێکهاتەیەک ئەگەر زەوتبکرێت سەرۆک کۆمار لەبەرئەوەى پارێزەرى دەستور و مافى پێکهاتەکانە، دەتوانێت مافى دەستورى خۆى بەکاربهێنێت.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل