ناس کورد –
پەرلەمانی کوردستان دوای ساڵێک لە هەڵبژاردنی نەیتوانیوە تەنها یەک یاساش دەربچێنێت و تەنها سێ یاساى خولى پێشووى هەموار کردووەتەوە.
.
ئەمڕۆ 30ی ئەیلولی 2019 ساڵێک بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، تێدەپەڕێت، لەو ماوەیەدا لەم خولەى پەرلەماندا تەنها سێ یاساى خولى چوارەمى پەرلەمانى کوردستان هەموارکرانەوە و هیچ یاسایەک تا ئێستا دەرنەکراوە.
.
ڕۆژی ( 11ی حوزەیرانی 2019) دەستەیەکی کاتی بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردرا و پەرلەمانتاران سوێندی یاساییان خوارد، لە بەدواداچوونێکى ناس کورد دەرکەوتووە”زیاتر لە 110 رۆژە بەفەرمی کارکردنی پەرلەمانى کوردستان دەستیپێکردوە و 14 دانیشتنیان لەخولی بەهارە و 3 دانیشتنیان لە خولی پایزە و 2 دانیشتنی نائاساییان ئەنجامداوە، واتە بەکۆی گشتی 19 دانیشتینیان ئەنجامداوە”.
.
لە بەدواداچوونەکانى ناس کورد دەرکەوتووە، تا ئێستا پەرلەمانی کوردستان بەکۆی سەرجەم ئەو دانیشتنانەی ئەنجامیداوە، نەیتوانیوە هیچ یاسایەک دەربکات، بەڵکو تەنها سێ یاسای هەموارکردووەتەوە، ئەوانیش هەموارکردنەوەی یاساکانی کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و هەموارکردنەوەی یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکان و هەموارکردنەوەی چەند ماددەیەکی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان.
.
هەروەها پەرلەمانی کوردستان لەو ماوەیەدا یەک بڕیاریشی دەرکردوە، ئەویش بڕیاری بە جینۆسایدناساندنی تاوانی ئێزدییەکان بوو.
.