fbpx
Shadow Shadow

پەرلەمانى عێراق گفتوگۆ لەسەر گۆڕینى پێنج وەزیر دەکات “کورد هێشتا بڕیارى نەداوە”

10:29 دوو شه‌ممه‌ 28 تشرینی یه‌كه‌م 2019
article image

ناس کورد- شەهرام عەزیز

 

هێشتا فراکسیۆنە کوردییەکانى پەرلەمانى عێراق هیچ بڕیارێکیان نەداوە لەبارەى هەڵوێستیان لەسەر گۆڕانکاریی وەزاریی، لەکاتێکدا چاوەڕواندەکرێت لەکۆبوونەوەى ئەمڕۆى پەرلەمانى عێراقدا گفتوگۆى لەبارەیەوە بکرێت.

.

هەرچەندە بڕیاربوو ڕۆژی شەممە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق لەبارەی داواکاری خۆپیشاندەرانی عێراقەوە ئەنجامبدرێت، بەڵام بەهۆی تەواونەکردنی ڕێژەی یاسایی دانیشتنەکە نەکراو و بڕیارە ئەمڕۆ دانیشتنەکە لە کاتژمێر یەک بەڕێوەبچێت و پێدەچێت لە دانیشتنەکەدا گفتوگۆ لەسەر گۆڕینی پێنج وەزیر بکرێت.

.

ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە ناس کوردی ڕاگەیاند “لە دانیشتنی ئەمڕۆدا یاخود دانیشتنەکانی دیکە تائێستا بڕیارمان نەداوە دەنگ بدەین بە گۆڕینی وەزیر یاخود نا، بەڵکو بەگوێرەی بارودۆخەکە بڕیار دەدەین”.

.

وتیشی “ئەگەر گۆڕانکارییەکەمان پێ باش بوو، زانیمان سودی دەبێت و کەسێکی باش دەخرێتە جێگەی وەزیرێک کە ڕەخنەی لەسەرە دەنگی پێدەدەین، بەڵام بەپێچەوانەوە دەنگی پێنادەین”.

.

سەبارەت بەوەی لەو بارەیەوە فراکسیۆنە کوردییەکان هەماهەنگیان هەیە، ڤیان سەبری ئاماژەی بەوەکرد، لەوبارەیەوە کۆنەبوونەتەوە، بەڵام بێگومان لەو پرسانەدا کورد لە بەغدا هەماهەنگی هەیە.

.

گۆڕانکاریى وەزارى یەکێکە لەو بڕیارە چاکسازییانەى عادل عەبدولمەهدى دەریکردووە بۆ هێورکردنەوەى توڕەیی خۆپیشاندەرانى بەغدا و شارەکانى دیکە، کە لەڕۆژى هەینى یەوە دەستیپێکردووەتەوە.

.

تەها حەمەدەمین، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی بە ناس کوردی ڕاگەیاند “ڕاستە خۆپیشاندەرانی عێراق داوای هەڵوەشاندنەوەی سێ سەرۆکایەتییەکە و دروستبوونی حکومەتی ڕزگاری نیشتیمانی دەکەن، بەڵام بۆ دۆخی عێراق ئەوە زۆر قورسە و دوورە شتێکی لەوشێوەیە ڕووبدات، نەک تەنها ئەوە، بەڵکو گۆڕینی وەزیریش لە ئێستادا قورسە”.

.

وتیشی “دانیشتنەکەی پەرلەمان زیاتر سودی ئەوەی دەبێت تاوتوێی ئەو خاڵە چاکسازییانە بکرێت کە لە کاتی خۆپیشاندانەکانی سەرەتای مانگەوە لە پەرلەمان دەرکران و ئومێدێک دەبێت بۆ خۆپیشاندەران، بەڵام دۆخی ئێستای پەرلەمان بەجۆرێک سەقامگیر نییە بتوانێت وەزیر بگۆڕێت، بەتایبەت کە هەندێک لایەن بایکۆتی دانیشتنەکانیان کردووە”.

.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشکرد، لەدوای ئەوەی عادل عەبدولمەهدی داوای لە دژەتیرۆری عێراق کردووە، بۆ کپکردنەوەی خۆپیشاندانەکان و بڕیاری هەندێک چاکسازیشی داوە، پێدەچێت خۆپیشاندانەکان بەرەو کزبوون و کۆتایی هاتن بچن.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل