Shadow Shadow

پەرلەمانتارێک: گەندەڵییەکی گەورە لە پێوەری ئاوی ماڵاندا کراوە

22:01 هه‌ینی 05 ته‌موز 2019
article image

ناس کورد- شەهرام عەزیز

کێشەکانی پێوەری ئاوی ماڵان بەتایبەت خوێندنەوەی هەوا بەردەوامە و پەرلەمانتارێکیش  پێیوایە، لە بنەڕەتەوە دانانی پێوەری ئاو هەڵە بووە، چونکە دەبوو ئاو 24 کاتژمێر هەبێت، دەشڵێت:”یەکشەممە لەگەڵ وەزارەتی شارەوانیدا لەسەر ئەو پرسە کۆدەبنەوە”.

.

دیاریكردنی نرخی ئاو بەگوێره‌ی ئامێری پێوەری زیرەک و هه‌ژماركردنی پاره‌یه‌كی زۆر له‌سه‌ر هاوبه‌شه‌كان کێشەی بۆ هاووڵاتیان دروستكردووه، بەشێوەیەک هاوڵاتی هەیە بۆ مانگێک زیاتر لە ملیۆنێک دیناری لەسەر هەژمار کراوە.

.

لەوبارەوە دابان محەمەد، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “هەر لە بنەڕەتەوە دانانی پێوەری ئاو پڕۆژەیەکی هەڵە بووە، چونکە ‌ بیرۆکەى ئەو پێوەرانە ئەوەیە ئاو ببێت بە 24 کاتژمێر، کە لێرە بەوشێوەیە نییە.”

.

بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە، بڕیار بووە ئەو دوو کۆمپانیایە یەکێکیان پێوەرى ئاوى ئەڵمانى و تورکى بۆ ماڵان دابنێت، ئەوی دیکەیان پێوەرى ئیتالى، بەڵام لە یەکەم هەنگاودا و هێنانى 100 هەزار پێوەردا 55 هەزار پێوەرى ئاو لە سینەوە هاوردە کراون.

.

ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیشیکردەوە، ئەو پێوەرانە پێش دانانیان، تاقینەکراونەتەوە و پێوەرە سینیەکان هەواش دەخوێنێتەوە، دەبوو لە پێش هەر پێوەرێک قوفڵێک هەبێت بۆ گرتنەوەى ئاو کە ئەوەش نییە و ئێستا داواى تەوافە دەکەن لە ناو تانکیەکان داینێن.

.

هاوکات بەناز ڕەوف، بەرپرسی بەشی فرۆشتن لە کۆمپانیایەکی تایبەت بە فرۆشتنی پێوەری ئاو لە سلێمانی بە ناس کوردی ڕاگەیاند، ئەوان پێوەری ئاوی ئیتاڵیان هەیە و تائێستا هیچ کێشەیەکی لەوشێوەیان تووشنەبووە، بەڵام پێوەرە ئەڵمانی و سینییەکان ئەو کێشەیان هەیە و هەوا دەخوێننەوە.

.

سەبارەت بە چۆنێتی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە ئاماژەی بەوەکرد، ئەوە پێویستە لایەنی بەرپرس و حکومەت چارەسەری بۆ بدۆزێتەوە و تائێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەک نەدراوە پێیان لەبارەی چۆنێتی چارەسەرکردنی کێشەکەوە.

.پەرلەمانتارێک: گەندەڵییەکی گەورە لە پێوەری ئاوی ماڵاندا کراوە

دەربارەی نرخی پێوەرەکان دابان محەمەد ئاماژەی بەوەكرد، نرخى هەر پێوەرێک بە کوالێتى بەرز و بەپێى تەندەرەکان لە نێوان 18 بۆ 20 دۆلاردا بووە ، بەڵام کەمترین پارە کە لە هاوڵاتى وەرگیرابێت 40 دۆلار بووە.

.

بە وتەى بەڕێوەبەرى ئاو و ئاوەڕۆى هەرێم، تا ئێستا نزیکەى 800 هەزار پێوەرى ئاو بۆ ماڵان دانراوە، بەپێی ئەو ژمارانە، ئەو دوو کۆمپانیایە  16 ملیۆن دۆلار قازانجیان کردووە، لەکاتێکیشدا، زیاتر لە دوو ساڵ بەسەر ماوەى تەندەرەکانى ئەو دوو کۆمپانیایە تێپەڕیوە، بەڵام تا ئێستا پێوەرى ئاو دەفرۆشن.

.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی ئاشکراکرد: “یەکێک لەو دوو کۆمپانیایەی کە پێوەرەکانیان هاوردە کردووە، کەسى پلە یەکى بەرپرسێکى باڵاى وەزارەتى شارەوانیە،  بۆیە سەیر نیە، کاتێک قسە لەسەر ئەو پرسە دەکەیت و فشار دەکەیت پرسیار لەسەر ئیش و کارى کۆمپانیاکان دەکەیت، وەزارەتى شارەوانى بەڕێوەبەرایەتى ئاو و ئاوەڕۆکان ڕادەسپێرێت، بۆ ڕونکردنەوە و کۆنگرەى ڕۆژنامەوانى”.

.

دابان محەمەد جەختیشیکردەوە، ئەوە پرسێکى گشتیە و پەیوەندى بە ماڵ بە ماڵى ئەم هەرێمەوە هەیە، بەڵێنیش دەدەن کۆڵ نەدەن لە بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە تا ئەو کاتەى پرۆسەکە لە سودى هاوڵاتیدا دەبێت، نەک چەند کۆمپانیایەک.

.

ڕاشیگەیاند، هەر لەسەر ئەو پرسە  لیژنەیەکیان پێکهێناوە و هەفتەی داهاتوو دەچنە وەزارەتی شارەوانی و گفتوگۆیان لەگەڵدا دەکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل