fbpx
Shadow Shadow

سیاسه‌تی

پەرلەمانتارێکی گۆڕان بۆ پارێزگاری سلێمانی و جێگری سەرۆکی حکومەت: واز لە خۆنمایشکردن بهێنن

20:52 پێنج شه‌ممه‌ 30 كانونی دووه‌م 2020
article image

ناس کورد-

پەرلەمانتارێکی گۆڕان لەبارەی پرۆژەی شەقامی 150 مەتری هەولێر و دەستپێنەکردنی شەقامی 100 مەتری سلێمانی ڕەخنەی توند لە حکومەت دەگرێت و بە پەراوێزخستنی سلێمانی تۆمەتباری دەکات، هەروەها پەیامێک بۆ جێگری سەرۆکی حکومەت و پارێزگاری سلێمانی دەنێرێت و دەڵێت، واز لە خۆنمایشکردن بهێنن.

،

دابان محەمەد، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ئاماژەی بەوەکردووە، له‌ په‌راوێزى شه‌قامى 150 مه‌ترى هه‌ولێر ئه‌ندازیارێك پێى وتووە: “ڕاوێژكارێكى وه‌زارتى شاره‌وانى و وه‌زاره‌تى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌، له‌پرسى شه‌قامى 100 مه‌ترى سلێمانیدا وتویانه‌، پێویست ناكات سلێمانى چاو له‌ هه‌ولێر بكات و پێویستى به‌ شه‌قامى 100 مه‌ترى نیه‌، 20 مه‌ترییه‌ك له‌ خوارى شاره‌وه‌ دروست بكرێت بۆ بارهه‌ڵگره‌كان، كێشه‌ى جاده‌ و بانى ئه‌و شاره‌ چاره‌سه‌ر ده‌بێت”.

،

باسی لەوەشکردووە: “له‌ كاتێكدا بڕیاره‌ ئه‌م كابینه‌یه‌ جیاوازبێت و جیاوازى ناوچه‌كان نه‌خوێنێته‌وه‌، به‌ڵام قسه‌ و به‌ڵێن بۆ سلێمانى و گرنگیپێدان و خزمه‌تكردنیش بۆ ناوچه‌كانى سنورى خۆیان، سه‌رۆكى حكومه‌ت جیاواز ناكات له‌وانى پێش خۆى”.

،

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان ڕەخنەی توندیشی لە هەڤاڵ ئەبوبەکر و قوباد تاڵەبانی گرتووە و نوسیویەتی” “پێویسته‌ جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت و پارێزگارى سلێمانیش، قسه‌ و خۆنمایش كردن كه‌م بكه‌نه‌وه‌ و بۆ جارێكیش بێت، ڕاشكاوانه‌ بۆ خه‌ڵكى خۆیان و حزبه‌كانیان ڕوون بكه‌نه‌وه‌، دۆخى سلێمانى بۆ به‌ ئێره‌ گه‌یشت کە كۆمپانیاكان سلێمانیان ‌جێهێشت، لێشاوى داخستنى كارگه‌كان ڕوى له‌م شاره‌ كرد و هه‌لى كار كه‌م بوه‌وه‌، كه‌رتى وه‌به‌رهێنان له‌ چه‌ند ده‌موچاوێكى حزبى و كۆمپانیاكانى سێبه‌ریاندا حزبدا قۆرخ كراوه‌، له‌ برى حكومه‌ت به‌شێكى خزمه‌تگوزرایه‌كان به‌ خێر و سه‌ده‌قه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برێت”.

،

دابان محەمەد ئەوەشی خستووەتەڕوو: “له‌م شاره‌ شه‌قامى 100 مه‌ترى بۆ دواكه‌وت و كوا شه‌قامى و 120 مه‌ترى و 150 مه‌ترى؟ بۆیە پێویستە له‌ برى كتێبێك له‌ قسه‌ و ئه‌لبومێك له‌ وێنه‌، له‌ برى ئاڵەنگاری و نمایشى دور له‌ پێویست و ناشرين، به‌ كردار چه‌ند پرۆژه‌یه‌كى ستراتیژى گرنك له‌ ماوه‌ى كاركردنیان بۆ دواى خۆیان به‌جێ بهێڵن”.

،

لە کۆتایی نوسینەکەیدا ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان ئاماژەی بەوەکردووە: “ئه‌م بیركردنه‌وه‌ى په‌راوێزخستن و ناعه‌داله‌تیه‌ له‌ ناوچه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ ناوچه‌یه‌كى تر، درێژكراوه‌ى كابینه‌كانى ڕابردووه‌، كه‌ له‌دواى ساڵى 1992 ه‌وه‌ یه‌كێتى حزورى هه‌بوه‌ تێیدا”.

،

ڕەخنەکانی ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان لەکاتێکدایە، لەماوەی ڕابردوودا شەقامی 120 مەتری لە شاری هەولێر کرایەوە و لەئێستاشدا کارکردن لە شەقامی 150 مەتریدا بەردەوامە، بەڵام لەگەڵ ئەوەی لە ساڵی 2014‌وە بڕیار لەسەر جێبەجێكردنی پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی درا، بەڵام تا ئێستە پڕۆژەكە جێبەجێ نەكراوە و لەئێستادا بۆ بەشی یەکەمی پڕۆژەکە 90 ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە، بەڵام تائێستا خەرجنەکراوە.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل