Shadow Shadow

پەرلەمانتارێکى گۆڕان ڕەخنە لە كۆبوونەوەكەی سبەینێی نێوان مەسرور بارزانی و فراكسیۆنە كوردییەكان دەگرێت

22:56 شه‌ممه‌ 07 ئه‌یلول 2019
article image

 

ناس کورد –

ئەندامێکى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى گۆڕان، رەخنە لە کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەى نێوان مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و سەرۆکى فراکسیۆنە کوردییەکان لە پەرلەمانى عێراق دەگرێت و ئاماژە بەوە دەکات “کۆبوونەوەکە هیچ عورفێکی تیدا نییە و کارنامەی کۆبونەوەکە حکومەتی هەرێم دایڕشتوە و هیچ پرسێک بە ئەندامان و فڕاکسیونە کوردییەکان نەکراوە”.

.

ئەمڕۆ (شەممە، 7ی ئەیلولی 2019) غالب محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی گۆڕان لەهەژماری خۆی لەفەیسبوك ڕەخنەی لە شێوازی كۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەى سبەینێ گرت و رایگەیاند “مەسرور بارزانی وادەزانێت پەرلەمانی عێراقیش پەرلەمانی کوردستانە، چونکە بە تەلەفونێک دەستەی سەرۆکایەتی بردە هۆڵی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران کە ئەمە یەکێکە لە حەوت سەرسوڕهێنەرەکەی دونیا پەرلەمان بڕوات بۆ لای ئەنجومەنی وەزیران.”

.

بەوتەى غالب محەمەد، جۆری بانگهێشتکردنى کۆبوونەوەکە هیچ عورفێکی تیدا نییە و جەختى کردەوە “کارنامەی کۆبونەوەکە حکومەتی هەرێم دایڕشتووە و هیچ پرسێک بە ئەندامان و فڕاکسیونە کوردییەکان نەکراوە، ئەمەیش نابێت چونکە حساب نەکردنە بۆ ئەندامانی پەرلەمانی عێراق.”

.

دەشڵێت “پێموایە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق کە لە پارتییە، مەسرور بارزانی وەک سکرتێری حکومەتی هەرێم حسابی بۆ کردوە، چونکە هیچ کەسێکی ئاگادارنەکردۆتەوە لە دانانی ئەجێندای کۆبونەوەکە کە پەیوەستە بە ژیانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان.”

.

غالب محەمەد رەخنە لەوە دەگرێت کە لە کاتێکدایە پرسى نەوت بابەتێکى گرنگى نێوان هەرێم و بەغدایە کەچى لە کۆبوونەوەکەى سبەینێدا باسى لێوە ناکرێت.

.

دەشڵێت “یەکێک لە کێشە گەورەکانی نێوان هەڕێم و بەغداد مەسەلەی نەوت و تەسلیمکردنی نەوتە، وەک دیارە نەوت بووە بە بەڵا بۆ هاووڵاتیانی هەرێم و بووە بەخێر و بەرەکەت بۆ کۆمپانیاکانی حزب و بنەماڵە، بەڵام لە بانگهێشتەکەدا بەهیچ شێوەیەک باس لە لیژنەی نەوت و وزە نەکراوە ئەوەیش بە پلانی پارتی و بە تایبەت مەسرور بارزانی کراوە، چونکە گەر ئەندامانی لیژنەی نەوت لەوێ بن بەڕاشکاوی باسی نەمانی داهاتی نەوت دەکەن بە داتای تەواو  هەروەها لەسەر غازی هەرێم قسەی جدی دەکەن، ئەمەش دەبێتە بێزاری بۆ مەسرور و ستافەکەیی و ناتوانن بەئاسانی خۆڵ بکەنە چاوی خەڵک و داتای نادروست بڵێن و جارێکی تر هاووڵاتیان و فەرمانبەرەکانمان لەهەرێمی کوردستان بێ مووچە و بودجە بکەن لەپێناوی تەسلیمنەکردنی نەوت بۆ دەوڵەمەندکردنی خۆیان و برسیکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستان.”

 

.

بڕیاره‌ سبه‌ینێ (یەكشەممە، 8ی ئەیلوولى 2019) سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌ كوردییەكانی په‌رله‌مانی عێراق و ئه‌ندامانی كوردی پەرلەمانی عێراق له‌ لیژنه‌ی دارایی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا كۆببنه‌وه.

.

 

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل