Shadow Shadow

ئەنجومەنى باڵاى خانمان ئەو ئامانجەى بەدی هێناوە کە بۆى دروستکرا؟

پەخشان زەنگەنە ڕەتى دەکاتەوە لە پۆستەکەى دوورخرابێتەوە

18:20 سێ شه‌ممه‌ 20 ئاب 2019
article image

ناس کورد- شەهرام عەزیز

سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای خانمان ڕەتیدەکاتەوە لەم کابینەیەدا لە پۆستەکەی لابدرێت و وەڵامی ئەو کەسانەش دەداتەوە، کە پێیانوایە ئەو ئەنجومەنە سودێکی ئەوتۆی نەبووە و بۆ پڕکردنەوەی پۆستی حزبی بوە، پێشی وایە بەهۆى نەبوونى یاسایەکى تایبەت بەخۆى ئەنجومەنەکە بێ دەستەڵات کردووە.

,

ماوەیەکە دەنگۆى ئەوە هەیە گوایە پەخشان زەنگەنە، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای خانمان لەم کابینەیەدا لە پۆستەکەى نامێنێت، هاوکات بەردەوام لەلایەن چاودێرانی کاروباری ژنانەوە ڕەخنە لەو ئەنجومەنە دەگیرێت کە نەیتوانیوە توندوتیژییەکانی دژی ژنان کەم بکاتەوە.

,

لەبارەى ئەو پرسەوە، پەخشان زەنگەنە بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “بەهیچ شێوەیەک ئەو هەواڵانە ڕاست نین و باس لە لادانی من نەکراوە و لە پۆستەکەمدا بەردەوام دەبم، ناشزانم کێ ئەو دەنگۆیانە بڵاودەکاتەوە، بەڵام تەنها سەرجامیان دوورن لە ڕاستییەوە”.

,

پەخشان زەنگەنە ڕەتى دەکاتەوە لە پۆستەکەى دوورخرابێتەوە

 

,

ساڵی 2009 ئەنجومەنی باڵای خانمان بە مەبەستی بەرەنگاربوونی توندوتیژی دژی ژنان و پاراستنی مافەکانیان لە هەرێمی کوردستان دامەزرا، بەڵام ئەنجومەنەکە تائێستا یاسایەکی تایبەتى بەخۆی نییە و بە وتەی خۆشیان ئەوە کێشەی بۆ دروست کردوون.

,

ژنە چالاکوانێکی بواری ژنان، پێیوایە دامەزاراندنی ئەنجومەنەکە ئەوەندەى بۆ پێدانی پۆست بووە بە هەندێک کەسی حیزبی، ئەوەندە سودی بۆ ژنان و پاراستنی مافەکانی ژنان نەبووە و هیچ دەسەڵاتێکیان نەدراوەتێ تا بۆ بەرژەوەندی ئافرەتان کار بکەن.

,

بەهار مونزیر، ژنە چالاکوانی بواری ژنان و ئەندامی بۆردی ناوەندی سیکۆلار لە کوردستان، بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “کێشەی ئەنجومەنی باڵای خانمان ئەوەیە ئەو کەسانەی تێیدا کار دەکەن، کەسانی حیزبین و دابەشکراون بەسەر پشکی حیزبەکاندا، هەر حیزبێکیش لە هەرێم بۆچوونێکی جیاوازی هەیە تایبەت بە پرسی ژنان، بۆیە سەرقاڵ بوون بە کێشەی حیزبییەوە، ئەوەش پرسی کاروباری ژنانی بیربردوونەتەوە کە بە جدی کاری لەسەر بکەن”.

,

ئەو ژنە چالاکوانە وتیشی، کێشەیەکی دیکەی ئەنجومەنەکە ئەوەیە، کە بێدەسەڵاتن لە ئەنجامدانی کارەکانیاندا و دەسەڵاتێکی ئەوتۆیان نەدراوەتێ لەلایەن حکومەتەوە، کە بە پێچەوانەوە پێویستە ئەو ئەنجومەنە حسابی وەزارەتێکی بۆ بکرایە، بۆیە تائێستا کارێکى گرنگیان بۆ ژنان نەکردووە.

,

ئەو چالاکوانە نەیشاردەوە کەسانی چالاکیش هەن لە ئەنجومەنەکەدا، بەڵام کەسانی دیکەشی زۆر تێدایە کە تەنها بۆ پڕکردنەوەی پۆست لە ئەنجومەنەکەدان.

,

 

,پەخشان زەنگەنە ڕەتى دەکاتەوە لە پۆستەکەى دوورخرابێتەوە

 

هاوکات پەخشان زەنگەنە ڕەتیکردەوە کاریان نەکردبێت و باسى لەوە کرد، ئەوەی ئێستا لە هەرێم دەگوزەرێت توندوتیژییەکی گشتییە، کە لە دوای ساڵی 2014ە و هاتنی داعش و دروستبوونی قەیرانی دارایی دروست بووە، نەک تەنها تایبەت بێت بە ژنان.

,

سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان ئاماژەی بەوەشکرد: “ئەوانەی دەڵێن کارمان نەکردووە، با سەیرێکی دۆخی کوردستان بکەن، بزانن کۆمەڵگا لە چ دۆخێکدایە، کوڕ باوکی خۆی دەکوژێت، برای خۆی دەکوژێت، ئەمە شتێک نییە تەنها تایبەت بێت بە ژنان، بۆیە پێویستە هەموومان پێکەوە هەوڵی چارەسەرکردنی بدەین، نەک ملی یەکتر بشکێنین”.

,

لاى خۆشییەوە مەم بورهان قانع، ئەندامى پەرلەمانی کوردستان بۆ ناس کورد ئەوەی ڕوونکردەوە، کە هەموو دەستە یاخود ئەنجومەنێک کە دادەمەزرێت، پێویستە یاسایەکی تایبەت بەخۆی هەبێت، بۆ دیاریکردنی دەسەڵات و ئەرک و مافەکانی، بەڵام ئەنجومەنی باڵای خانمان یاسایەکی تایبەت بەخۆی نییە و ئەوەش سەرلێشێواوی لە ئەنجومەنەکەدا دروست دەکات.

,

لەوبارەیەوە پەخشان زەنگەنە نەیشاردەوە کە نەبوونی یاسایەکی تایبەت بە ئەنجومەنەکەیان کێشەی بۆ دروستکردوون، هەرچەند لە ڕابردووشدا هەوڵیانداوە لە پەرلەمانەوە یاسایەکی بۆ دەربکرێت، بەڵام نەیانتوانیوە ئەو کارە بکەن و لەم خولەشدا دووبارە هەوڵدەدەنەوە.

,

سەبارەت بەوەی خۆی و ئەندامانی ئەنجومەنەکەش بە دابەشکاری حزبی پۆستیان وەرگرتبێت، پەخشان زەنگەنە ئەوەی ڕەتکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، ئەوان نوێنەری هیچ حیزبێک نین لە ئەنجومەنەکە.

,

,

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل