fbpx
Shadow Shadow

مێژوو خۆى دووبارە دەکاتەوە؟

پێشمەرگە شەڕى پەکەکە دەکات؟ [تایبەت]

14:45 سێ شه‌ممه‌ 02 ته‌موز 2019
article image

ناس کورد- شەهرام عەزیز

بۆردومان و لەشکرکێشى سوپاى تورکیا بۆ سەر خاکى هەرێمى کوردستان پێى ناوەتە قۆناغێکى تر و زیادى کردووە و چاودێرانى سیاسیش بەرکەوتنى هێزەکانى تورکیا و گەریلاکانى پەکەکە لە قەندیل، بەدوورنازانن.

.

هەرچەندە لەشکرکێشییەکەى سوپاى تورکیا دژ بە پەکەکە لە دەڤەرى خواکورک دەستى پێکردووە، بەڵام بەگوێرەى زانیارییەکانى ناس کورد تورکیا لەو ناوچەیەوە هەوڵى جێ قایمکردنى خۆى دەدات و کار بۆ دروستکردنى هەرێمێکى سەربازى و لۆجستى لە خواکورک دەدات، تا لەوێوە زەمینەى هێرشکردنە سەر قەندیل، خۆش بکات.

.

هەرچەندە بەرپرسانى وەزارەتى پێشمەرگە رەتیدەکەنەوە پێشمەرگە بەشدارى لە شەڕى چاوەڕوانکراوى نێوان سوپاى تورکیا و گەریلاکانى پەکەکەدا بکات، بەڵام هیچ گرەنتییەک بۆ تێوەگلانى هەر نەبێت بەشێکى هێزەکانى پێشمەرگە لەو شەڕەدا نییە بەتایبەتى کە لە نەوەدەکاندا هێزەکانى پێشمەرگە و پەکەکە رووبەڕووى یەک بوونەوە و شەڕ روویدا.

.

وەزارەتى پێشمەرگە: هیچ هێزێکمان لەسنورى ناوچەکانى پەکەکە و سوپاى تورکیا، نییە  

.

جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بە ناس کوردی ڕاگەیاند، وەزارەتى پێشمەرگە هیچ هێزێکیان لەو ناوچانە نییە کە هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و هێزەکانی تورکیای لێیە و ئاگاداری پلانە سەربازییەکانیان نین، بۆیە ناتوانن هیچ شتێک لەبارەیەوە بڵێن.

.

ناوبراو رەتیکردەوە لەبارەى ئەگەری ڕوودانی شەڕ لەنێوان تورکیا و پەکەکە و بەشدارى پێشمەرگە  لەو شەڕە چاوەڕوانکراوەدا لێدوان بدات.

.

بەگوێرەى یاسا بەرکارەکانى هەرێمى کوردستانیش، بۆ بەشداریکردن و جوڵە پێکردنى هێزیش تەنها نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمی کوردستان دەسەڵاتى ئەو کارەى هەیە.

.

فەرماندەیەکى سەربازى پارتى دیموکراتى کوردستان، لەو بارەیەوە راى جیاوازى هەیە و باسکردن لە ئەگەرى روودانى شەڕى سوپاى تورکیا و پەکەکە لە قەندیل بە پلانى ئێران دەزانێت بۆ داگیرکردنی ڕێگەیەکی بازرگانی لەو ناوچەیەدا و بە باشیشی دەزانێت پەکەکە بچێت لە باکوری کوردستان خەباتی خۆی بکات.

.

فەرماندەیەکى پارتى: با پەکەکە بچێت لە باکوری کوردستان خەباتی خۆی بکات.

.

تارق جاف، فەرماندە لە وەزارەتی پێشمەرگە لە پشکی پارتی بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “ئێران پلانی داناوە بۆ ئەو شەڕە، بۆ ئەوەی لە دوای شەڕەکە هێزێکی ئێرانی بە ناو عێراقی لەو ناوچەیە جێگیر بکات و ئێران دەیەوێت بیکاتە ڕێڕەوێکی بازرگانی بۆ خۆی، ئەگەر شەڕیش ڕووبدات پێموانییە پێشمەرگە بەشداری بکات”.

.

“من ئەم قسەیە دەکەم دڵنیام دەڵێن ئەوە پارتییە بۆیە وادەڵێت، بەڵام ئەم شەڕە هی هەرێم نییە و بە هەرێمی دەفڕۆشن، ناکرێت هێندە بە هەست و سۆز بیربکەینەوە، لە ڕاستیدا پێویستە پەکەکە ئەو سنورە چۆڵ بکات و بچێت لە باکوری کوردستان خەبات بکات، بەڵێن بێت بە هەمووشێوەیەک پشتگیرییان بکەین”، ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگە وای وت.

.

عێراق لە ڕووی دەستورییەوە سنورەکانی هەرێمی کوردستان بە سنوری خۆی دەزانێت و زۆرجار ئیدانەی بۆردومانەکانی تورکیای کردووە، لە بەرامبەردا چەند جارێک بە ئامانجگرتنی تورکیایان لەلایەن پەکەکەوە لە خاکی عێراقەوە ڕەتکردووەتەوە.

.

تەها حەمەدەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە ناس کوردی وت:”هەر هێرشێکی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان  و دروستکردنی سوپا لە خاکەکەیدا، شکاندنی سەروەری عێراقە و پێموانییە عێراق هەرگیز ئەوە قبوڵ بکات، بەتایبەتی کە ئێستا پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا لە ئاستێکی باشدایە”.

.

وتیشی، ئەگەر تورکیا بیەوێت کارێکى لەو جۆرەش بکات، دەبێت بە ڕەزامەندی حکومەتی عێراق بێت، کە مەحاڵە عێراقیش بەوە ڕازیبێت لە ئێستادا کە ناوچەکە مەترسی شەڕی ئێران و ئەمریکای لەسەرە، شەڕی تورکیا و پەکەکەش تووشی خۆی بکات.

.

بەوتەى ئەو پەرلەمانتارە، پێویستە پەکەکە دۆخی هەرێم و هاوڵاتیان لەبەرچاو بگرێت و سنورەکان نەبەزێنێت و پێویستە لایەنە کوردییەکانیش لەگەڵ پەکەکەدا گفتوگۆ بکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ئەو دۆخە.

.

بەوتەى بەرپرسانى ئەو پارت و لایەنە سیاسیانەى کە نزیکن لە (پەکەکە) و لە هەرێمى کوردستان بە تایبەت لە پارێزگاى سلێمانى بارەگایان هەیە و چالاکى سیاسى دەکەن، هاوکات لەگەڵ لەشکرکێشییەکەى ئەمجارەى سوپاى تورکیا لە هەرێمى کوردستان فشار بۆ سەر چالاکییەکانیان توندتر بۆتەوە و تەنانەت رێگەیان نادەن گردبوونەوەى جەماوەرى بۆ ئیدانەکردنى هێرشەکانى تورکیا، ئەنجام بدەن.

.

تەڤگەرى ئازادى: ڕێگە بە ڕێپێوانمان نادەن و مۆڵەتمان پێنادەن 

.

تارا حسێن، وتەبیژی تەڤگەری ئازادی بە ناس کوردی ڕاگەیاند،لە سەرەتای دروستبوونیانەوە ئاستەنگیان بۆ دروستکراوە، بەڵام لەو ماوەیەی ڕابردوودا ڕێگرییەکان لە بەردەمیاندا زۆر زیاتربوون، بەشێوەیەک بارەگاکانیان داخران و تەنانەت ڕێگە بە ڕێپێوانیشیان نادەن و مۆڵەتیان  پێنادەن.

.

تارا حسێن، هاوڵاتیانی هەرێمى لەوە ئاگادار کردەوە کە “چاوەڕێى ئەوە نەبن حکومەتی هەرێم لە هێرشی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێم بیانپارێزێت و وەڵامی هەبێت”.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل