fbpx
Shadow Shadow

لەسەر دزینى پارەى کۆنسێرتەکەى هانى و فرمێسک

پۆلیس چاوەڕوانى سکاڵایە بۆ ئەوەى لێکۆڵینەوە بکات

12:14 هه‌ینی 27 ئه‌یلول 2019
article image

ناس کورد- شەهرام عەزیز

 

لەسەر دزینی پارەی بلیتەکانی کۆنسێرتەکەی هانی و فرمێسک، پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، پێویستە چەند کەسێک بچن و سکاڵا تۆمار بکەن ئەوکات دەتوانن لێکۆڵینەوەی ورد لە تۆمەتبارەکە و سپۆنسەری کۆنسێرتەکەش بکەن، کە کەناڵی نێت تیڤی سپۆنسەری کۆنسێرتەکە بووە.

.

بڕیاربوو شەوی ڕابردوو بە سپۆنسەری کەناڵی نێت تیڤی کۆنسێرتێک بۆ هەردوو خانمە هونەرمەند هانى و فرمێسک لە هۆڵى سپى سلێمانى ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆى دزینى پارەى بلیتەکانى کۆنسێرتەکەوە، هەڵوەشێنرایەوە و ئەنجام نەدرا.

.

سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە ناس کوردی ڕاگەیاند “ئەو دۆسیەیە دەچێتە خانەی قۆڵبڕینەوە و پێویستە چەند کەسێک لەوانەی بلیتیان کڕیوە، بێن لە بنکەیەکی پۆلیس سکاڵا تۆمار بکەن، لەسەر ئەو کەسەی پارەکانی دزیوە و دەتوانن سکاڵا لەسەر ئەو لایەنەش تۆمار بکەن کەسپۆنسەری کارەکەی کردووە”.

.

وتیشی، هەرکات سکاڵایان تۆمارکرد ئەوان بەدواداچوونی ورد بۆ ئەو کەسە و سپۆنسەرەکەش دەکەن، بەپێچەوانەوە ئەگەر سکاڵا تۆمار نەکەن ئەوا دەکرێت داواکاری گشتی سکاڵا بجوڵێنێت.

.

لەبارەی ناسنامەی ئەو کەسەی تۆمەتبارە بە دزینی پارەکە، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، ناسنامەی ئەو کەسە ئاشکرایە و بە ڕەگەز ئێرانییە و ناوی “ز، م، ڕ”.

.

بۆ ئامادەبوون لە کۆنسێرتەکە 1200 کەس بلیتیان کڕیبوو، کە نرخەکانیان لەنێوان 15 بۆ 35 هەزار دیناردا بوو.

.

هێشتا ڕێکخەرانى کۆنسێرتەکە و کەناڵى نێت تیڤى کە سپۆنسەرى کۆنسێرتەکەى کردبوو بەناوى “گەورەترین و شاهانەترین” کۆنسێرت، هیچ ڕونکردنەوەیەکیان لەو بارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.

.

کەناڵى نێت تیڤى تەنها وتەى لەهەردوو هونەرمەند هانى و فرمێسک وەرگرتووە لەبارەى هەڵوەشاندنەوەى کۆنسێرتەکەوە، فرمێسک لەوتەکانیدا دەڵێت توشى شەرمەزارى بوون و شەرمەزاریشە بۆ کەناڵى نێت تیڤى کە ریکلامى بۆ کۆنسێرتەکە کردووە.

.

ناس کورد چەندینجار هەوڵیدا لێدوان لە بەرپرسانى کەناڵى نێت تیڤى وەربگرێت، بەڵام وەڵامى پەیوەندییەکانیان نەدایەوە.

.

لە ئێستادا کۆمپانیای میترۆنۆم پڕۆدەکشنى هونەرى ئەرکى ئەنجامدانى کۆنسێرتەکەى گرتووەتە ئەستۆ، لەدواى ئەوەى کۆنسێرتەکە هەڵوەشایەوە.

.

باهۆز نەسڕەدین، بەڕێوەبەری کۆمپانیای میترۆنۆم پڕۆدەکشن بە ناس کوردی ڕاگەیاند “وەک کۆمپانیاکەمان کاتێک ڕووداوەکەمان بیست زۆرمان پێناخۆش بوو، بۆیە بۆ ڕێز گرتنی ئەو خەڵکانەی کە بلیتیان کڕیبوو، هەروەها ئەو دوو هونەرمەند، بڕیارماندا ئێمە ئەرکی بەڕێوەبەردنی کۆنسیرتەکە بگرینە ئەستۆ”.

.

وتیشی، سبەینێ شەممە لە هەمان کات و شوێنی دوێنێ، کۆنسێرتەکە ئەنجام دەدەن و هەموو ئەو کەسانەشی کە بلیتیان کڕیبوو، دەتوانن بە هەمان بلیت بچنە ژوورەوە و بەشداری کۆنسێرتەکە بکەن.

 

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل