fbpx
Shadow Shadow

پڕۆژە چاکسازییه‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم دادوەرەکان  ناگرێتەوە.. به‌ %100ی موچه‌كانیان خانه‌نشین ده‌بن[تایبه‌ت]

23:01 چوار شه‌ممه‌ 15 كانونی دووه‌م 2020
article image

ناس کورد–

ئەو پڕۆژە چاكسازییەی حکومەتی هه‌رێم  ناردویەتیە پەرلەمان، دادوەرە گشتییەکانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە و بەشێک لە پەرلەمانتارانیش پشتگیری دەکەن و بەشێکیشیان داوا دەکەن چاکسازی خانەنشینی دادوەرەکانیش بگرێتەوە. په‌رله‌مانتارێكیش ده‌ڵێت “چۆن دەبێت پڕۆژەکە سەرۆکی هەرێم بگرێتەوە بەڵام دادوەرەکان نەگرێتەوە”.

.

کاروان گەزنەیی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی بە ناس کوردی راگه‌یاند “پڕۆژەی یاسای چاکسازی خانەنشینی و ڕێکخستنەوەی موچە سەرجەم فەرمانبەران و پەرلەمانتاران و وەزیرەکان و پلە باڵاکانی دیکەی حکومەت دەگرێتەوە و بەپێی پڕۆژەکەش سەرجەم پلە باڵاکان موچەی خانەنشینیان بۆ زیاتر لەسەدا 50% دادەبەزێ، ئەو پرۆژەیە سەرۆکی حکومەت و پەرلەمان و هەرێمیش دەگرێتەوە، حەق وایە سەرجەم دادوەرەکانیش بگرێتەوە”.

.

وتیشی :”فراکسیۆنەکەمان هێشتا کۆبونەوەی تایبەتی نەکردوە دەربارەی دەنگدان یاخود دەنگنەدان بە هەبونی دادوەرەکان لەو پڕۆژە یاسایەدا و سبەینێ پێش کۆبونەوەی پەرلەمان ئێمە کۆدەبینەوە بۆ ئەوەی له‌و باره‌یه‌وه‌ بڕیار بدەین”.

.

ئه‌ندامێكی فراكسیۆنی یه‌كگرتوو له‌ په‌رله‌مانی كوردستان پشتگیری فراكسیۆنه‌كه‌ی بۆ نه‌بونی دادوه‌ره‌كان له‌ناو ئه‌و چاكسازییه‌ی حكومه‌ت ده‌ربڕی و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد ژماره‌ی دادوه‌ره‌كان كه‌من و بارگرانییان بۆ حكومه‌ت دروست نه‌كردوه‌.

.

ئەبوبەکر هەڵەدنی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتو بە ناس کوردی وت: “لەهەموو وڵاتێکدا دادوەرە گشتییەکان موچەی ئاسایی و موچەی خانەشینیان لەموچەی سەرجەم فەرمانبەرانی دەوڵەت زیاترە”.

.

وتیشی :”دادوەرەکان ژیانیان تایبەتە ئەوان هەمیشە لەدادگاکان بڕیاری یەکلاکەرەوەی چارەنوسساز لەسەر چەندین دۆسیە دەدەن و ژیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە و ناتوانن وەکو هاوڵاتییەکی ئاسایی بچنە شوێنە گشتییەکان و لەبەر ئەوە وەرگرتنی ئەو موچەیە شایستەیانە و دەبێت ئەو بڕە موچەیە وەربگرن، بۆ ئەوەی لە بڕیارەکانیشیاندا سەربەست و سەربەخۆ بن و نەکەونە ژێر باری پێشکەشکردنی پارەوە، بۆیە ئێمە دەنگ بەوە دەدەین کە یاساکە ئەوان نەگرێتەوە”.

.

به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ ده‌یانه‌وێ دادوه‌ره‌كان له‌پڕۆژه‌كه‌ به‌ده‌ربكه‌ن، فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان دادوه‌ره‌كانیش بچنه‌ نێو ئه‌و سیستمه‌ چاكسازییه‌ و موچه‌كانی ئه‌وانیش به‌ر چاكسازی بكه‌وێت.

.

کاوە عەبدولقادر، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ به‌ ناس كوردی وت “ئێمە دەمانەوێت سەرجەم بەرپرسە پلە باڵاکان و پەرلەمانتاران موچەی خانەنشینی وەکو هاووڵاتی ئاسایی وەرگرن و ئەو جیاوازییە زۆرەی نەبێت لەگەڵ موچەی فەرمانبەران کە ئێستا هەیە”.

.

وتیشی “نابێت موچەی دادوه‌رەکان و فەرمانبەرانی ئاسایی هێندە جیاوازی هەبێت، پێشنیازیشمان كردووه‌ یاساکە ئەوانیش بگرێتەوە، لە دانیشتنەکەی سبەینێشدا بەشدار دەبین و دەنگ بەو پێشنیازانە دەدەین کە خۆمان کردومانن، ئەگەر بێتو داواکەشمان گوێی لێنەگیرێت ئەوا دەنگ بە کۆی پڕۆژەکە نادەین”.

.

ناس كورد زانیویه‌تی له‌ هه‌رێمی كوردستان 51 دادوه‌ری خانه‌نشین هه‌یه‌ و بە سەدا سەدی موچەکانیان خانەنشین دەبن كه‌ زیاتره‌ لە حەوت ملیۆن دینار.

.

 

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل