Shadow Shadow

"ئەو خێزانانەى مناڵى بێ سەرپەرشت دەگرنە خۆیان 150 هەزار دینار وەردەگرن"

پڕۆژەی خێزانی جێگرەوە سلێمانی دەکاتە پایتەختی بەخێوکردنی منداڵە بێلانەکان

10:41 پێنج شه‌ممه‌ 08 ئاب 2019
article image

ناس کورد- هۆرڤان ڕەفعەت

بۆ یەکەمجار پڕۆژەیەکی گرنگی خێزانی لەسەر ئاستی عیراق، لە شاری سلێمانی جێبەجێ دەکرێت و ژمارەیەک منداڵی بێلانە لەلایەن چەند خێزانێکەوە بەخێودەکرێن، پرۆژەکەش بە “خێزانى جێگرەوە” ناونراوە.

.

بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ چاودێری‌ و گەشەپێدانی‌ کۆمەڵایەتی‌ لە پارێزگای‌ سلێمانی پڕۆژەیەکی کۆمەڵایەتی بەناوی “پرۆژەی خێزانی جێگرەوە” جێبەجێ کردووە، ئامانج لە پڕۆژەکە پاراستن و پەروەردەکردنی‌ ئەو منداڵانەیە کە خێزانەکانیان بەشێوەی‌ کاتی‌ یان بەشێوەی‌ هەمیشەیی‌ لە دەستداوە، ئەو بەرنامەیە ماوەی سێ ساڵە دەستی پێکردووە و چەند قۆناغی‌ بڕیوە، ئەوەش لە چوارچێوەی‌ پرۆژەیەکدا کە بۆ یەکەمجارە لە هەرێمی‌ کوردستان و عێراق جێبەجێ دەکرێت.

.

عومەر گوڵپی بەڕێوەبەری گشتی‌ چاودێری‌ و گەشەپێدانی‌ کۆمەڵایەتی‌ سلێمانی بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “لەسەرجەم شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و عیراق کاتێک منداڵێک بێ سەرپەرشت دەبێت و بەهەر هۆکارێک، لە خێزانەکەی خۆی دووردەکەوێتەوە بەناچاری دەبرێتە ماڵەکانی‌ منداڵان، ئەو ماڵانەش ئەو سۆز و خۆشەویستی‌ و سیستەمە نەرمە سروشتییەی‌ تێدا نییە کە سروشتی‌ منداڵ دەیخوازێت، بۆیە بە خۆشحاڵیەوە لە کوردستانیش ئەو پڕۆژەیە دەستی‌ پێکرد بۆ ئەوەی‌ ببیتە چەترێک و ئەو منداڵانەی‌ کە خیزانەکانیان لەدەست داوە لەژیرى کۆدەبنەوە”.

.

عومەر گوڵپی ئاماژەی بەوەدا: “خێزانی‌ جیگرەوە شێواز و سیستمێکی نمونەیی نوێیە بۆ کێشەی‌ ئەو منداڵانەی‌ کە خێزانەکانیان لەدەستداوە، هەروەها بەخێوکردن و پەروەردەکردنیانە لەلایەن خێزانیکی جێگرەوەوە و ئامانجەکەشی بریتییه‌ له‌ دابینكردن ‌و ڕه‌خساندنی‌ هه‌موو جۆره‌كانی‌ چاودێری‌ بۆ ئه‌و منداڵانه‌ی‌ خێزانیان لەدەستداوە”.

.

لەبارەى مەرجەکانی‌ ئەو خێزانەی‌ کە دەتوانن ببنە خێزانی‌ جێگرەوە عومەر گوڵپی وتی: “بەپێی‌ ماددەی‌ پێنجەم لە ڕێنمایی‌ خێزانی‌ جێگرەوە، خێزانی‌ جێگرەوە دەبێت عێراقی‌ بێت‌ و دانیشتوی‌ هه‌رێم بێت و شایسته‌یی‌ یاسایی‌ هه‌بێت، هەروەها به‌ خوو ڕه‌وشتی‌ په‌سه‌ند‌و باش ناسراوبێت و نه‌خۆشی‌ گوازراوه‌شی‌ نه‌بێت، دەشبێت  توانای‌ له‌ خۆگرتن‌ و به‌خێوكردنی‌ منداڵ ‌و دابینكردنی‌ خزمه‌تگوزاری‌ چاودێریکردنی هه‌بێت‌ و تەمەنی ئەو دایک و باوکەش کە منداڵە وەردەگرن دەبێت لە 25 ساڵ زیاتر بێت”.

.

بەڕێوەبەری گشتی‌ چاودێری‌ و گەشەپێدانی‌ کۆمەڵایەتی‌ سلێمانی باسیلەوەشکرد، ئەو پڕۆژەیە منداڵێک دەگرێتەوە کە به‌ده‌ست گرفته‌ خێزانییه‌كانه‌وه‌ گرفتاره‌ یان چاودێری‌ دایك‌ و باوك یان یه‌كێكیانی‌ به‌هه‌ر هۆكارێك له‌ده‌ستداوه‌، منداڵی تەمەن یەک رۆژ تاوەکو هه‌ژده‌ ساڵ وەردەگیرێت و پێویسته‌ پێشتر له‌ یه‌كێك له‌ ماڵه‌كانی‌ تایبه‌ت به‌ چاودێری‌ نه‌وجه‌وانان بمێنێته‌وه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك به‌ر له‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ خێزانه‌ جێگره‌وەكه‌‌ بكات.

 

.

پڕۆژەی خێزانی جێگرەوە سلێمانی دەکاتە پایتەختی بەخێوکردنی منداڵە بێلانەکان

.

لە ئێستادا پڕۆژەکە قۆناغی یەکەمی بڕیوە و 39 خێزان ناوی خۆیان تۆمار کردووە بۆ ئەوەی منداڵ وەبگرن، تا ئێستاش 18 خێزان پەسەند کراون و بۆ ئەوەی ببەن خێزانی‌ جێگرەوە، هەروەها 11 منداڵیش براونەتە لای خێزانە جێگرەوەکان.

.

“ئەو خێزانانەی کە دەبنە خێزانی جێگرەوە، بۆ هەر مانگێک 150 هەزار دینار و هەندێک پێداویستیشیان پێدەدرێت، ئەویش بۆ ئەوەی ئەو خێزانانەی منداڵ وەردەگرن خەمی خەرجییان نەبێت، هەروەها پارەکەش لەلایەن ڕێکخراوی‌ یونسێف و ستێپی‌ بەریتانییەوە دابین دەکرێت، بەڵام ئێمە پڕۆژەیەکمان داوەتە ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی مانگی 300 هەزار دینار مووچە بۆ ئەو خێزانە دابین بکرێت”، عومەر گوڵپی وای وت.

.

لەلایەکى دیکەوە، یەکێک لەو توێژەرانەی کە دابین کراوە بۆ چاودێری خێزانە جێگرەوەکان و منداڵەکان، کە نەیویست ناوى ئاشکرا بکرێت، بە ناس کوردی وت: “مانگانە دەچینە لای خێزانە جێگرەوەکان و لەگەڵ منداڵەکە و خێزانەکەش قسە دەکەین، بۆ ئەوەى بزانین چەند بە یەکتری ئاسودەن و هەر کاتێک بزانین کێشەکەیان هەیە ئەوا هەوڵی چارەسەرکردنی دەدەین و بەتەواوەتی کار بۆ ئەوە دەکەین کە ئەو خێزانە وەکو خێزانێکی راستەقینەی لێبێت بۆ منداڵە”.

.

ئەو توێژەرە کە توێژەرێکى ئافرەتە و چاودێرى خێزانەکان دەکات، باسی لەوەشکرد: “ئەوەی مایەی خۆشحاڵییە بەشێک لەو خێزانانەی کە دەیانەوێت ببەنە خێزانی جێگرەوە خۆیان خاوەنی منداڵن، بەڵام وەکو خێرێک ئامادەییان بۆ بەخێوکردنی ئەو منداڵانە دەربڕیوە، هەروەها هەر خێزانێک بەپێی ویستی خۆی و هەڵسەنگاندنی ئێمە بۆ خێزانەکە دەتوانێت منداڵێک یان زیاتر وەبگرێت و دەشکرێت ئەو منداڵانە کە وەردەگیرێن پێشتر لە یەک خێزان نەبوبن، بەڵام بچنە لای ئەو خێزانە جێگرەوانە”.

.

پرۆسەى وەرگرتنى منداڵەکان لەلایەن ئەو خێزانە جێگرەوانە، بەجۆرێکە بۆ ماوەى سێ ڕۆژ، توێژەرێک قسە لەگەڵ منداڵەکەدا دەکات و سازى دەکات بۆ ئەوەى بچێتە ناو ئەو خێزانەوە، دواتریش سەردانى بەردەوامى منداڵەکە دەکرێت، بۆ ئەوەى دڵنیا ببنەوە لەوەى بە باشى بەخێو دەکرێت.

.

خێزانى جێگرەوە، وێڕاى ئەوەى وەک پرۆژەیەک لە سلێمانى تاقیکراوەتەوە و سەرکەوتووە، بەڵام تا ئێستا نەکراوە بە یاسا، لە ئێستاشدا لەلایەن بەڕێوبەرایەتی‌ گشتی‌ چاودێری‌ و گەشەپێدانی‌ کۆمەڵایەتی‌ سلێمانییەوە، ڕەشنوسی پرۆژەیاسای‌ خێزانی ‌جێگرەوە ئامادە کراوە و دراوە بە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی و ئەنجومەنی وەزیران، بۆ دەرچوواندنی‌ وەک یاسایەکی‌ تایبەت بە خێزانی‌ جێگرەوە، تا دادگاکان باشتر بتوانن هاوکار و پاڵپشتی‌ خێزانی‌ جیگرەوەبن لە پێناو بەرژەوەندی‌ منداڵدا.

.

دوای کۆتایی هاتنی قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە، بەڕێوبەرایەتی‌ گشتی‌ چاودێری‌ و گەشەپێدانی‌ کۆمەڵایەتی‌ سلێمانی دەیەوێت لە قۆناغی دووەمدا پڕۆژەکە فراوان بکات بۆ دەرەوەی پارێزگای سلێمانی بۆ قەزا و ناحییەکان، هەروەها تا ئێستا تەنها تا منداڵی تەمەن چوار ساڵ دراوە بە خێزانەکان، بەڵام لە قۆناغى دووەمدا پرۆژەکە فراوان دەکرێت و تا منداڵى تەمەن 18 ساڵ دەدرێت بە خێزانى جێگرەوە لەگەڵ منداڵانى خاوەن پێداویستى تایبەت.

.

ئەو منداڵانەى لە خانەى بێ سەرپەرشت و ماڵى بەخێوکردنى منداڵانى بێ سەپەرشت بەخێو دەکرێن، بریتین لەو منداڵانەى کە لەلایەن دایبابیانەوە فڕێدراون، یان ئەو منداڵانەى بەهەر هۆکارێک بێ سەرپەرشت بوون، ئەو خێزانانەشى تا ئێستا داوایان کردووە ببن بە منداڵى بێ سەرپەرشت، جیاوازییان نەکردووە لە نێو منداڵەکان.

.

 

 

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل