fbpx
Shadow Shadow

"پڕۆژەکە بۆ بەرژەوەندی چەند بازرگانێکی دەسەڵاتدارە"

سلێمانی.. هەوڵی یەکخستنی تاقیگەکانی پشکنینی ئۆتۆمبێل نیگەرانی دروستکردووە

23:17 هه‌ینی 26 ته‌موز 2019
article image

ناس کورد- شەهرام عەزیز

پڕۆژەیەک بۆ یەکگرتنی سەرجەم تاقیگەکانی پشکنینی ئۆتۆمبێل لە سنوری پارێزگای سلێمانی پێشکەشکراوە و بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانیش بە بڕیارێکی باشی دەزانێت و پێیوایە دەبێتەهۆی کەمبوونەوەی “واستەکردن” لە تاقیگەکاندا، لە بەرانبەردا ژمارەیەک لە خاوەن تاقیگەکان ڕەخنەی توندی لێدەگرن.

.

ژمارەیەک تاقیگە ناڕازین بە بڕیارەکە و بە وتەی خاوەنی یەکێک لەو تاقیگانە، ئەو پڕۆژەیە قازانجی کۆمەڵێک بازرگانی دەسەڵاتداری تێدایە، دەشڵێت: “لەسەر ناڕازیبوونەکەم لەلایەن بەرپرسێکی پێشووی وەزارەتی ناوخۆوە هەڕەشەم لێکراوە.”

.

فەرەیدون عومەر، بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی بە ناس کوردی ڕاگەیاند، بەشێک لە خاوەن تاقیگەکانی شاری سلێمانی خۆیان داوایانکردووە سەرجەم تاقیگەکانی سنورەکە یەکبگرن و پێکەوە کار بکەن وەک کۆمپانیایەکی پشکدار.

.

وتیشی: “بەپێی پڕۆژەکە، تاقیگەکان لە هەمان شوێنەکانی خۆیان کاری خۆیان دەکەن بەڵام لەژێر چاودێری بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆدا و بەڕێوەبەرایەتییەکیان بۆ دروست دەکرێت، کە سەرجەم تاقیگەکان پەیوەست دەبن پێوەی و لەژێر سەرپەرشتیدا کاردەکەن.”

سلێمانی.. هەوڵی یەکخستنی تاقیگەکانی پشکنینی ئۆتۆمبێل نیگەرانی دروستکردووە

سەبارەت بە داهاتی تاقیگەکان، بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، بەوپێیەی تاقیگەکان دەبن بە کۆمپانیایەکی پشکدار داهاتی تاقیگەکانیش دەبن بە یەک و مانگانە دابەشدەکرێتەوە بەسەر خاوەن پشکەکاندا، واتە خاوەن تاقیگەکان.

.

بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی پڕۆژەکە بە کارێکی باش دەزانێت، بەڵام خاوەنی یەکێک لەو تاقیگانەی ناڕازین بە پڕۆژەکە پێیوایە، پڕۆژەکە فێڵکردنە لە کۆمەڵێک کەس بۆ قازانجی کۆمەڵێک بازرگانی دەسەڵاتدار.

.

دڵسۆز ئەحمەد، خاوەنی تاقیگەیەکە لە سنوری گەرمیان، ئەو بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “من خاوەنی تاقیگەیەکم نزیکەی یەک ملیۆن دۆلاری تێچووە ، بەڵام تاقیگە هەیە لە سلێمانی تەنها 10 هەزار دۆلاری تێچووە، ئێستا چۆن دەکرێت من تاقیگەکەی خۆم بخەمە ئاستی تاقیگەیەکی واوە”.

.

ئاماژەی بەوەشکرد، تاقیگەکەی ئەو  بۆ ئۆتۆمبیلی بچوک و گەورەشە و لە یەک کاتدا دەتوانێت پشکنین بۆ شەش ئۆتۆمبێل بکات، بەڵام تاقیگە هەیە، دەتوانێت یەک ئۆتۆمبێل بپشکنێت، دەکرێت داهاتی ئەو دوو تاقیگەیە تێکەڵ بکرێت و خاوەنی هەردوو تاقیگەکە مانگانە وەک یەک داهاتیان هەبێت.

.

باسی لەوەشکرد، زۆرێک لەو تاقیگانە تائێستا مۆڵەتیان نییە یاخود بە “واستە” مۆڵەتیان وەرگرتووە و بەو کارەش دەیانەوێت عەیبەکانی خۆیان داپۆشن، ئەگەرنا هیچ مەرجێکی تاقیگەیان تێدانییە.

.

خاوەنی ئەو تاقیگەیە  ئاماژەی بەوەدا “بەرپرس هەیە لە وەزارەتی ناوخۆ بووە لە کابینەی پێشووی حکومەت و خۆی سێ تاقیگەی هەیە، هەر ئەوانەشن پڕۆژەکەیان پێشکەشی وەزارەتی ناوخۆ کردووە، ئێستاش کە زانیویانە کە من ڕازی نیم بە بڕیارەکە هەڕەشەیان لێکردووم کە تاقیگەکەم پێدادەخەن.”

سلێمانی.. هەوڵی یەکخستنی تاقیگەکانی پشکنینی ئۆتۆمبێل نیگەرانی دروستکردووە

لە بەرامبەردا، بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی پڕۆژەکە بە کارێکی باش دەزانێت و پێیوایە، ئەوکات بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ زیاتر دەتوانێت ئەو یاسانەی کە دەری دەکات تایبەت بەو تاقیگانە جێبەجێیان بکات.

.

لە پارێزگای هەولێر، تەنها یەک کۆمپانیای پشکنینی ئۆتۆمبێل هەیە و دوو لقی هەیە، بەڵام لە پارێزگای سلێمانی 17 تاقیگەی جیاواز هەن و بەوتەی بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی وەزارەتی ناوخۆ دەیەوێت ئەو ڕێژە زۆرە تاقیگەیە ڕێکبخات.

.

لە بەرامبەردا دڵسۆز ئەحمەد دەپرسێت: “کێ بووە مۆڵەتی بەو 17 تاقیگەیە داوە؟ هەر وەزارەتی ناوخۆ نەبووە؟.”

.

ئەو باسی لەوەشکرد، ئەوان چوون بە واستە و ئاسانکاری مۆڵەتیان داوە بەو تاقیگانە کە هیچ مەرجێکیان تێدانییە و ئێستا دەیانەوێت لەگەڵ تاقیگە باش و پێشکەوتووەکاندا ڕێکیان بخەن، با وانەکەن، بچن تاقیگە خراپەکان دابخەن، ئەگەر دەتوانن.

.

بەپێی یاساکانی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان شۆفێران پێویستە ساڵانە پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلەکانیان ئەنجام بدەن و هەر کێشەیەکی تێدابێت چاکی بکەن، ئەوکات نوسراوێکی پێدەدەن کە بەڵگەی پشکنینی ئۆتۆمبێلەکەیە و بۆ ماوەی ساڵێک کاری پێدەکرێت.

.

هەر بەپێی یاسا 15٪ی داهاتی تاقیگەکان دەگەڕێتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ، بەڵام ناس کورد زانیویەتی کە بەشێکی زۆری تاقیگەکان ئەو پارەیە ناگەڕێننەوە.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل