fbpx
Shadow Shadow

پڕۆژەکەی هێڤیدار ئەحمەد بۆ زیادکردنی ڕێژەی منداڵ چی لێهات؟

21:33 پێنج شه‌ممه‌ 09 كانونی دووه‌م 2020
article image

ناس کورد-

دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا هۆشداریدا لە کەمبوونەوەی دانیشتووانی هەرێم لەبەرامبەر دانیشتووانی عێراقدا و ڕاپۆرتێکی دایە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، هێڤیدار ئەحمەد ڕایگەیاند، ئێستا پەرلەمان سەرقاڵی پڕۆژەی چاکسازییە و پێدەچێت لە خولی بەهارەی پەرلەماندا کار لەسەر ئەو پرسە بکرێت.

،

چەند مانگێک لەمەوبەر و لە بەرواری 17ی ئەیلولی 2019، لە دانیشتنێکی پەرلەمانی کوردستاندا، هێڤیدار ئەحمەد، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕاپۆرتێکی دەربارەی مەترسییەکانی کەمی دانیشتوانی هەرێم بەرامبەر دانیشتوانی عێراق خستەڕوو و داواى لە حکومەت و پەرلەمان کرد، هاوڵاتیان هان بدەن بۆ ئەوەی منداڵیان زۆر بێت و هەر هاوڵاتییەک، لە پێنج منداڵ زیاتری هەبوو، ڕێزی لێبنرێت و دەرماڵەی منداڵی شەشەمی دوو هێندە بێت.

،

لەبارەی چارەنوسی ڕاپۆرتەکەیەوە، هێڤیدار ئەحمەد بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “لەئێستادا ئەولەویەتی کارەکانی پەرلەمانی کوردستان لەسەر پڕۆژەی چاکسازییە و زۆرترین کارەکان لەسەر ئەو پڕۆژەیاسایەن، نەک کار و پڕۆژەی دیکە”.

،

وتیشی، ئێستا پشووی پەرلەمانە و بۆ پڕۆژەی چاکسازی خولی پایزە درێژکراوەتەوە، دوای پەسەندکردنی پڕۆژەکەش پشوو دەستپێدەکات، بۆیە پێدەچێت، لە خولی بەهارەدا، پەرلەمان کار لەسەر ئەو پرسە بکات.

،

هێڤیدار ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد: “من کاری خۆم کردووە و مەترسییەکانم خستووەتەڕوو، ئەوەی دەمێنێتەوە لەسەر پەرلەمان و حکومەتە کاری لەسەر دەکەن یاخود نا”.

،

هێڤیدار ئەحمەد لە ڕاپۆرتەکەیدا کە لە پەرلەمان خستیەڕوو، ئاماژەی بەوەکرد، لە ساڵی 2018دا ڕێژەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان 137 هەزار کەس زیادی کردووە، لە بەرامبەردا لە عێراق 847 هەزار کەس زیادیکردووە، واتە ڕێژەی زیادبوونی دانیشتوان لە عێراق شەش جار لە هەرێم زیاترە.

،

ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەشکرد، ڕێژەی دانیشتوانی هەرێم  زۆر بە خاوى و کەمى زیاد دەکات، زۆرینەی ئەوانەی لەدایک دەبن تەنها شوێنی مردوان دەگرنەوە، ئەو زیاد بوونی ڕیژەیەش ساڵ بە ساڵ کەم دەکات، بەگوێرەی ئامارەکان ساڵی 2010یش ڕێژەی زیادبوونی دانیشتووان 2.8% بووە، بەڵام لە 2018 بۆ 2.4% کەمبووەتەوە.

،

بەوتەی هێڤیدار ئەحمەد، بەگوێرەی ئامارەکانی دەستەی ئاماری هەرێم، لە 67٪ی ژنانی هەرێمی کوردستان حەبی ڕێگریکردن لە منداڵبوون “مەنع” بەکاردەهێنن، بۆ ئەوەی منداڵیان نەبێت، داواشی کرد، پێویستە حکومەتی هەرێم و پەرلەمان ڕێگەچارەی خێرا بۆ ئەو پرسە بدۆزنەوە و سیاسەتێکیان هەبێت بۆ زیادکردنی ڕێژەی دانیشتوان و هاوڵاتیان هان بدەن بۆ ئەوەی منداڵیان زۆر بێت و هەر هاوڵاتییەک، لە پێنج منداڵ زیاتری هەبوو، ڕێزی لێبنرێت و دەرماڵەی منداڵی شەشەمی دوو هێندە بێت.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل