fbpx
Shadow Shadow

پڕکردنەوەی فۆڕم ڕێگە لە خانەنشینبوونی پەرلەمانتاران دەگرێت؟

22:55 سێ شه‌ممه‌ 21 كانونی دووه‌م 2020
article image

ناس کورد-

بەشێک لە ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان سەرقاڵی پڕکردنەوەی فۆڕمی ڕەتکردنەوەی خانەنشینین و ڕاوێژکارێکی یاساییش لە پەرلەمان دەڵێت، هێشتا یاساکە بەرکار نەبووە و دەشێت ڕەتبکرێتەوە بۆیە ئەوە لە ڕووی یاساییەوە دروست نییە.

.

پەرلەمانتارێک کە فۆڕمەکەی پڕکردووەتەوە دەڵێت، ھەرچەندە پرکردنەوەی فۆرم رێ لە وەرگرتنی خانەنشینی پەرلەمانتاری ناگرێت، ئەو ڕاوێژکارە یاساییەش ئەوە ڕووندەکاتەوە، بۆچوونی جیاواز هەیە لەسەر ئەوەی ئەو فۆڕمە لە داهاتو کاری پێدەکرێت یاخود نا.

.

لاوەند جەلال، ڕاوێژکاری یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “ئێمە لە پەرلەمانی کوردستان فۆڕمەکان وەردەگرین، بەڵام لە ڕاستیدا لەئێستادا ئەوە لەڕووی یاساییەوە دروست نییە، چونکە هێشتا سەرۆکی هەرێم واژۆی لەسەر یاساکە نەکردووە و بەرکار نییە، واتە دەکرێت یاساکە بگەڕێندرێتە پەرلەمان و گۆڕانکاری تێدا بکرێت”.

.

وتیشی: “ئەگەریش یاساکە وەک خۆی خرایە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوکات دەشێت بەرواری نوسراوەکان بگۆڕدرێت، یاخود ئەو پەرلەمانتارانە دووبارە فۆڕمی دیکە پڕبکەنەوە”.

.

شایان عەسکەری، کە ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕانە و فۆڕمەکەی پڕکردووەتەوە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی نوسیویەتی: “ھەرچەندە پرکردنەوەی فۆرم ڕێ لە وەرگرتنی خانەنشینی پەرلەمانتاری ناگرێت، بەڵام خەلک ئەو قەناعەتەیان لا دروست بووە کە بە پڕکردنەوەی فۆڕم دەستبەرداری خانەنشینی پەرلەمانتاری دەبین، بەڵام لە کۆتاییدا فۆڕمەکەم پڕکردەوە”.

.

لەوبارەیەوە، ئەو ڕاوێژکارە یاساییەی پەرلەمان ڕوونیکردەوە، ڕاستە بۆچوونی جیاواز هەیە لەسەر ئەوەی کە ئەو فۆڕمە ڕێ لە وەرگرتنی خانەنشینی بگرێت لە داهاتوودا و بۆچونێک هەیە کە وەرگرتنی خانەنشینی مافی ئەو کەسانەیە کە لەکاتی خزمەتدا موچەیان لێبڕدراوە و هەروەها مافی منداڵەکانی ئەو کەسەیە و دەکرێت لە داهاتوودا منداڵی هەر پەرلەمانتارێک کە کۆچی دوایی دەکات داوای خانەنشینی پەرلەمانتارەکە بکات.

.

لاوەند جەلال باسی لەوەشکرد، ئەوەی ئێستا دەکرێت کێبڕکێیەکی ناتەندروستی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمە و سودێکی ئەوتۆشی بۆ هاوڵاتیان نییە، چونکە ئەگەر سەرجەم پلە تایبەت و پلە باڵاکانی هەرسێ سەرۆکایەتییەکە، خانەنشینی ڕەتبکەنەوە و وەری نەگرن، هیچ قازانجێکی بۆ هاووڵاتیان نییە، چونکە کە پارەکە بۆ ئەوان نەگەڕێتەوە سودی چییە.

.

ئەو ڕاوێژکارە یاساییە ئاماژەی بەوەشکرد: “من بەهەموو شێوەیەک پشتگیری ئەو پڕۆژەیاسایەم و هەنگاوێکی زۆر گرنگە، بەڵام دەکرا باشتر بێت و دەکرا موچەی سەرجەم موچەخۆران دادپەروەری تێدا بێت و جیاوازییەکی زۆری نەبێت، ئێستاش کە یاساکە پەسەندکراوە، کە موچەی کەسانی دیکە هەر وەک خۆی کەم بێت، ڕەتکردنەوەی خانەنشینی هیچ شتێک ناگۆڕێت”.

.

یاسای چاکسازی پێنجشەممەی ڕابردوو لە پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی 89 پەرلەمانتار پەسەندکرا و دواتر و ڕۆژی یەکشەممە ئاڕاستەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرا بۆ واژووکردن، بەڵام تائێستا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم واژووی نەکردووە.

.

لەلایەکی ترەوە، لەتیف شێخ مستەفا، یاساناسی دیاری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ڕەتکردنەوەى خانەنشینی جائیز نییە ئەگەر فەرمانبەر خۆشی بیەوێت.

.

ئەمڕۆ سێشەممە، 21ی کانونی دووەمی 2020، لەتیف شێخ مستەفا لە نوسینێکدا لەژێر ناوی “دوبارە سەبارەت بە ڕەتکردنەوەی خانەنشینی” دەڵێت، “پارەی موچەی خانەنشینی بریتیە لە پارەی بڕدراوی موچەی فەرمانبەرخۆی بۆی کۆدەکرێتەوەو کۆتایی خزمەتەکەی مانگانە دەیدرێتەوە، کۆی داھاتی سندوقی خانەنشینی فەرمانبەران بریتیەلە کۆی بڕداروی مانگانەی ھەموو خانەنشینان خۆیان.

.

لەتیف شێخ مستەفا بۆچوونەوەکەى لەبارەى ڕەتکردنەوەى خانەنشینی لە چوار خاڵدا کۆکردووەتەوە؛

یەکەم: بڕینەوەی خانەنشینی بۆ کەسێک کە شایستە نەبێت وەک ئەوە وایە کۆمەڵێک خەڵک سولفە بکەن و ھەر مانگەی بدرێت بە یەکێکیان ،بەڵام کەسێکی غەریب کە بەشداری نەکردوە بێت و بڵێ من بەشی خۆم دەوێت لەو سولفەیەی ئێوە.

.

دووەم: ڕەتکردنەوەی خانەنشینیش بۆ کەسی شایستە وەک ئەوە وایە کەسێک لەگەڵ چەند کەسێکی تر سولفە بکات و ھەموو قیستەکانی خۆشی بدات بەڵام دوایی بڵێ من بڕە پارەکەم ناوێت.

.
سێیەم: بۆیە تکایە شتەکان وەک خۆی لێ بکەنەوە،دەستبەردار بوون لە موچەی خانەنشینی شایستە جائیز نییە ئەگەر فەرمانبەر خۆشی بیەوێ، چونکە تەنھا حەقی خۆی نییە و حەقی ماڵ و مناڵ و میراتگرەکانیشیەتی و یاسای وڵاتان جەخت لەوە دەکەنەوە کە نابێ و جائیز نیە موچەی خانەنشینی وازی لێ بھێنرێ.

.
چوارەم: لەجیاتی ئەوە موچەی باڵا کەم بکەنەوە و ئەوەی مەرجی تەمەن و ساڵانی خزمەتی فیعلی و لێبڕینی فیعلی خانەنشینی نەبێ موچەی خانەنشینی نابێ بدرێتێ

.
لە کۆتاییدا دەڵێت، “ئەوکات ئەو پەرلەمانتارە یان وەزیرە یان پلە تایبەتەی مەرجی تێدا نییە دەتوانێ بگەڕێتەوە پیشەی پێشوی ئەگەر فەرمانبەر بوو ،ئەگەر فەرمانبەریش نەبوو بڕێک پارەی پێ دەدرێ بەناوی مکافەئەی کۆتایی خزمەت ھێندەی ئەوەی مانگانە لێی بڕاوەو بۆی کۆکراوەتەوە.”

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل