ناس کورد –
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ئاشکرایکرد، هێرشەکەی تورکیا بۆسەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەبەرژەوەندی داعشدا بووە و لەدواى ئەو هێرشانەوە ئەو ڕێکخراوە دەستیکردووە بە ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانی.
.
ئەمڕۆ، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، پنتاگۆن ڕاپۆرتێکی دەربارەی دوایین جموجوڵەکانی داعش لەناوچەکە بڵاوکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە “داعش کشانەوەی ئەمریکا لەباکور و ڕۆژهەڵاتی سوریای قۆستووەتەوە و هێرشەکانی تورکیاش بۆسەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا سودیان بەداعش گەیاندووە، بۆ ئەوەی ڕیزەکانی خۆی ڕێکبخاتەوە و خۆی بۆ هێرشی نوێ ئامادە بکات”.
.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، لەدوای هێرشەکانی تورکیا بۆسەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لە هەندێک ناوچە هەسەدە کشاونەتەوە و بۆشایی ئەمنی دروستبووە، داعشیش ئەو هێشانەی بە هەل زانیوە بۆ ئەوەی تواناکانی خۆی ڕێکبخاتەوە و پلانی نوێ دابنێت بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی ڕۆژئاوا.
.
پنتاگۆن باسی لەوەشکردووە “بەپێی ئەو زانیارییە هەواڵگریانەی دەستیان کەوتووە، داعش ئامادەکاریی دەکات بۆ ئەوەی لەکاتێکی دیاریکراودا هێرش بۆسەر وڵاتانی ڕۆژئاوا ئەنجام بدات، هەروەها لە ئێستادا کار دەکات بۆ پاڵپستیکردن و بەهێزکردنەوەی گروپ و شانە نهێنییەکانی لە جیهاندا”.
.
دەشڵێت”ئەگەری ئەوە هەیە لەماوەی داهاتودا داعش دەستبەسەر چەندین ناوچەی نیشتەجێبوونی هاوڵاتییان لە سوریا بگرێت”.
.
ڕۆژی 6ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کشانەوەی سەرجەم هێزەکانی وڵاتەکەیی لە سوریا ڕاگەیاند، ئەوەش بە هەڵکردنى گڵۆپى سەوز بۆ تورکیا لێکدرایەوە کە هێرشبکاتە سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.