fbpx
Shadow Shadow

پرۆسه‌ى ده‌رهێنانى ڕوفاتى ئه‌نفالكراوانى سەماوە به‌هۆى سكاڵایه‌كى ته‌یمورى ئه‌نفاله‌وه‌ ڕاگیراوه

19:25 چوار شه‌ممه‌ 25 ئه‌یلول 2019
article image

ناس کورد-‌

تا ئێستا دیار نییه‌ كه‌ى ڕوفاتى ده‌رهێنراوى ئەنفالکراوان لە سەماوە، دەهێندرێنەوە بۆ زێدى خۆیان، وه‌زاره‌تى شەهیدانى هەرێمیش ئاشکرایدەکات، به‌هۆى سكاڵایه‌كى ته‌یمورى تاقانه‌ى ئه‌نفاله‌وه‌ پرۆسه‌ دەرهێنانى ڕوفاتى دیکەى ئەنفالکراوان ڕاگیراوه‌.

,

تاقانه‌كه‌ى ئه‌نفالیش بۆ ناس کورد دووپاتى کردەوە، پێشێلکارى دەرهەق بە ڕوفاتى ئەنفالکراوەکان کراوە، دەشڵێت، تا وەڵامى داواکارییەکانى وەرنەگرێت سور دەبێت لەسەر سکاڵاکەى.

,

سیروان جەلال، به‌رێوه‌به‌رى گۆڕەبه‌كۆمه‌ڵه‌كانى سه‌ر به‌وه‌زاره‌تى شەهیدان و ئەنفالکراوانى هه‌رێم، به‌ناس كوردى ڕاگه‌یاند: “پاش ده‌رهێنانى ڕوفاتى 171 شه‌هیدانى ئه‌نفال، له‌ گۆڕستانه‌كانى سه‌ماوه‌، له‌ئێستادا ڕوفاته‌كان له‌ پزیشكى دادوه‌رى به‌غدان‌”.

,

بەڕێوەبەرى گۆڕەبەکۆمەڵەکان وتیشی: “له‌لایه‌ن چه‌ند پزیشكێكى ئه‌كادیمى پسپۆڕ له‌پشكنین، پرۆسه‌ى سامپڵى ئێسك وه‌رده‌گیرێت له‌مانگى داهاتوشدا پرۆسه‌كه‌ ته‌واو ده‌بێت و ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ش كه‌ له‌گۆڕه‌كانه‌وه‌ ده‌رهێندراون به ‌شێوازێكى زانستى پاككراونه‌ته‌وه‌، دواتریش پۆلێن ده‌كرێنه‌وه‌ و ڕه‌وانه‌ى دادوه‌ر ده‌كرێن”.

,

مانگى ته‌موزى ئه‌مساڵ، له‌لایه‌ن تێمى هاوبه‌شى تایبه‌تمه‌ند به‌ گۆڕەبه‌كۆمه‌ڵه‌كانى هه‌رێم و حكومه‌تى فیدراڵ، پرۆسه‌ى ده‌رهێنانى ڕوفاتى شه‌هیدانى ئه‌نفال له ‌سنورى پارێزگاى سه‌ماوه‌ ده‌ستپی پێكرد، پاش دروستبوونى گرفتێك له‌نێوان كه‌سوكارى ئه‌نفالکراوان و تیمى گۆڕه‌به‌كۆمه‌ڵه‌كاندا، له‌لایه‌ن تاقانه‌یه‌كى ئه‌نفالى ڕزگاربوى جینۆسایدى ئه‌نفاله‌وه‌ سكاڵا له‌سه‌ر تیمه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ تۆمار كرا، دواى ده‌رهێنانى ڕوفاته‌كانیش ئه‌و گۆڕستانه‌ له‌ئێستادا پرۆسه‌كه‌ ڕاگیراوه‌.

,

لاى خۆشییەوە ته‌یمور عه‌بدوڵا، تاقانه‌ى ئه‌نفال تایبەت به ‌ناس كوردى ڕاگه‌یاند: “ده‌رهێنانى ڕوفاته‌كان به‌شێوه‌یه‌كى ئه‌كادیمى و زانستى نه‌كراوه‌، بگره‌ سوكایه‌تى و پێشلیكاریش له‌ڕوى یاسایى و مرۆییه‌وه‌ له‌كاتى ده‌رهێنانى ڕوفاته‌كاندا ڕویانداوه،‌ بۆیه‌ دژى تیمه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ سكاڵام تۆمار كردووه‌ و ئه‌نجامه‌كه‌یم ده‌وێت و كۆڵ له‌و پرسه‌ ناده‌م”.

,

له‌سه‌ر ورده‌كارى پرۆسه‌ى پشكنینى ڕوفاته‌كان دواى ڕه‌وانه‌ كردنیان بۆ پزیشكى دادوه‌رى به‌غداد، سیروان جه‌لال ڕونی كرده‌وه‌، دادوه‌ره‌كان تێبینی خۆیان له‌سه‌ر ئه‌و به‌ڵگه‌نامانەى دۆزراونه‌ته‌وه‌ ده‌نوسن بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌گه‌ر كه‌سێك بو به ‌خاوه‌نى ئه‌و ڕوفاته،‌ به‌پێى ده‌ستور قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ بیگرێته‌وه‌.

,

پرۆسه‌ى ده‌رهێنانى ڕوفاتى ئه‌نفالكراوانى سەماوە به‌هۆى سكاڵایه‌كى ته‌یمورى ئه‌نفاله‌وه‌ ڕاگیراوه

,

“مه‌راسیمى هێنانه‌وه‌ی ڕوفاتەکان بودجه‌ى تایبه‌تى پێویسته”

پێشتر گەڕاندنەوەى ڕوفاتى ئه‌نفالكراوان بۆ زێدى خۆیان بە ‌مه‌راسیمێكى تایبەت بوە، له‌ ئێستاشدا لیژنه‌یه‌كى تایبه‌تمه‌ند له‌لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێم به‌ هاوكارى وه‌زاره‌تى شه‌هیدان دروستکراوە بۆ ئامادەکارى بۆ گەڕاندنەوەى ڕوفاتى ئەو 171 ئەنفالکراوە، سیروان جه‌لال ئاشکرایکرد: “وه‌ک ئه‌ندامى لیژنه‌كه‌، له‌ئێستادا سه‌رقاڵى ئاماده‌كردنى ده‌رخسته‌یه‌كین به ‌مه‌به‌ستى خه‌مڵاندنى تێچوى پرۆسه‌كه‌، دواتریش ڕه‌وانه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ى بودجه‌یه‌كى تایبه‌ت بۆ ڕایكردنى كاروباره‌كان ته‌رخانبكرێت”.

 

به‌رێوه‌به‌رى گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كانى هه‌رێم ئاماژەى بەوشکرد، تا ئێستا دیار نییه‌ چ كاتێك ڕوفاتى ئه‌نفالکراوان، ده‌هێندرێنه‌وه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان، به‌ڵام به‌هۆى سكاڵایه‌كى ته‌یمورى تاقانه‌ى ئه‌نفال له‌سه‌ر پارێزگارى سه‌ماوه‌ و تیمى گۆڕه‌به‌كۆمه‌ڵه‌كانى عێراق و هه‌رێم، پرۆسه‌ى دۆزینه‌وه‌ و ده‌رهێنانى ڕوفاتى ئه‌نفالكراوان ڕاگیراوه‌ تا ئه‌نجامى سكاڵاكه‌ یه‌كلا ده‌بێته‌وه‌.

,

“ته‌یمور وێنه‌ى گۆڕێكى ترى له‌نوگره‌ سه‌لمان گرتوه،‌ ئه‌و گۆڕه‌ نه‌بوه‌ كه‌ تیمى هاوبه‌شى به‌غداد و هه‌رێم به‌شێوه‌یه‌كى زانستى و بێ كێشه‌ ڕوفاته‌كانیان ده‌رهێناوه‌، به‌ڵكو ئه‌و گۆڕه‌ى كه‌ شێوێندراوه‌ له‌لایه‌ن كۆه‌یتییه‌كانه‌وه‌ بوه‌ نه‌ك تیمى هاوبه‌ش”، سیروان جەلال واى وت.

,

 

,پرۆسه‌ى ده‌رهێنانى ڕوفاتى ئه‌نفالكراوانى سەماوە به‌هۆى سكاڵایه‌كى ته‌یمورى ئه‌نفاله‌وه‌ ڕاگیراوه

ته‌یمور ڕاى پێچەوانەى هەیە

ته‌یمور عه‌بدوڵا وتى: “پێش ده‌ستپێكردنى ده‌رهێنانى ڕوفاته‌كان له ‌گۆڕستانه‌كانى سه‌ماوه‌ داوام كرد ئاماده‌ى پرۆسه‌كه‌ بم، به‌و پێیه‌ى ئه‌و گۆڕستانه‌ كه‌سوكاره‌كه‌مى تێدابو، به‌ڵام گوێم لێنه‌گیرا و پرۆسه‌كه‌ش به‌شێوه‌یه‌كى زۆر ناشیرین و نایاسایى ده‌ستى پێكرد بۆیه‌ سكاڵام تۆمار كردووه‌”.

,

“دواى 20 ڕۆژ له‌ ده‌رهێنانى ڕوفاته‌كان چومه‌ته‌ سه‌ر گۆڕه‌كه‌ى سه‌ماوه‌ نه‌ك شوێنى دیکە، قوتوى معەله‌بات و پاكه‌تى جگه‌ره‌ و چه‌ند پاشماوه‌یه‌كى ترى تیمهکە‌ جێهلێدراون‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى ‌بێڵ و خاكه‌ناس بۆ ده‌رهێنانى ڕوفاته‌كان به‌كارهێنراون، به‌وه‌ش چه‌ند ئێسك و پروسكێك شكاون‌ و تێكه‌ڵ به‌یه‌ك بوون و به‌شێوه‌یه‌كى گشتى ڕه‌چاوى لایه‌نى زانستى و مرۆیى تێدا نه‌كراوه”، ته‌یمورى واى وت.

,

له ‌په‌ڕاوى تۆماركردنى سكاڵاكه‌یدا ته‌یمور داواى كردووه‌، پڕۆسه‌كه‌ به‌ زانستى بكرێت و حكومه‌تى عێراقیش به‌ فه‌رمى دان به‌ جینۆسایده‌كه‌دا بنێت و قه‌ره‌بوى كه‌سوكاریشیان بكرێته‌وه‌.

,

تاقانه‌كه‌ى ئه‌نفال ئەوەشى وت، كۆڵ له ‌سكاڵاكه‌ى نادات تا داواكارییه‌كانى جێبه‌جێ نه‌كرێن، به ‌وته‌ى خۆشى داوكارییه‌كانى داواى سه‌رجه‌م كه‌سوكارى ئه‌نفالكراوانه‌ و په‌یوه‌ندى به ‌پرسى نه‌ته‌وەییەوە‌ هه‌یه‌.

,

بەگوێرەى زانییاریەکانى ناس کورد، تا ئێستا دوو جار تەیمور بۆ ئه‌و پرسه‌ چوه‌ته‌ دادگا، له‌ كاتێكیشدا خۆی نه‌یتوانى بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌رێم، پارێزه‌ره‌كه‌ى ئاماده‌ ده‌بێت.

,

دواى ئه‌وه‌ى مانگى ته‌موز ته‌یمور چۆتەسه‌ر، گۆڕه‌كه‌ى سه‌ماوه‌ له‌كاتێكدا تیمى هاوبه‌ش سه‌رقاڵى ده‌رهێنانى ڕوفاته‌كان بوون، به‌تۆمه‌تى ده‌ستوه‌ردان له ‌كاروباریان و ڕێگریكردن لێیان تیمى گۆڕەبه‌كۆمه‌ڵه‌كانى به‌غداد سكاڵاى یاسایى له‌سه‌ر ته‌یمور تۆمار کردووە، بە وتەى سیروان جەلال: “تیمى گۆڕەبه‌كۆمه‌ڵه‌كانى حكومه‌تى فیدراڵ، چه‌ند جارێك داواى لێكردووین سكاڵا له‌دژى ته‌یمور بجوڵێنین، به‌ڵام به ‌بڕیارى وه‌زیرى شەهیدان ئه‌و كاره‌ ئه‌نجام نه‌دراوه‌، چونكه‌ ناوبرا و تاقانه‌ى ئه‌نفاله‌ و موراعاتى هه‌ست و سۆزى كراوه‌”.

,

,

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل