Shadow Shadow

پرسە بۆ شەهیدێکى هێرشەکەى دوێنێ شەوى کوڵەجۆ دانەنرا

22:07 پێنج شه‌ممه‌ 01 ئاب 2019
article image

ناس کورد-دڵشاد سەید عه‌لی

یەکێک لە شەهیدەکانى هێرشەکەى شەوى رابردووى شارەدێى کوڵەجۆ لە دواى بەخاکسپاردنى، وەک بەجێهێنانى وەسێتێکى خۆى کەسوکارەکەى پرسەیان بۆ دانەنا.

.

دره‌نگانێكی شه‌وی رابردوو (چوارشه‌ممه، 31ى تەموزى 2019) ‌ چه‌كدارانی داعش هێرشیاكرده‌ سه‌ر  بازگه‌یه‌كی ئاسایش له‌ نزیك شاره‌دێی كوڵه‌جۆ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ باشوری ڕۆژئاوای شاری كه‌لار له‌ سنوری ئیداره‌ی گه‌رمیان، به‌هۆی هێرشه‌كه‌وه‌ 4 کارمەندى ئاسایش و هێزەکانى دژە تیرۆر شەهید بوون و ژمارەیەکى تر برینداربوون.

.

پشتیوان محه‌مه‌د، یه‌كێك بوو له‌ شه‌هیده‌كانی هێرشه‌كه‌ی دوێنێ شه‌و، ئەو کارمەندى هێزەکانى دژە تیرۆر بوو لە کەلار،  له‌سه‌ر وه‌سێتى خۆی له‌‌ دوزخورماتوو به‌خاك سپێردراو هیچ پرسه‌یه‌كی بۆ دانه‌نرا.

 

.

شوانه‌ محه‌مه‌د،برای شه‌هید پشتیوان بە ناس كوردى راگەیاند :”شه‌هید پشتیوانی برام كارمه‌ندی ده‌زگای دژه‌ تیرۆر بوو‌ له‌ كه‌لار، دوێنێ شه‌و له‌ ئه‌ركی خۆیدا بووه‌ له‌ دره‌نگانێكی شه‌ودا داوای پاڵپشتیان لێكراوه‌‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ده‌م هێزه‌كانی ئاسایشه‌وه‌ بچن له‌ سنوری كوڵه‌جۆ، پشتیوانی برام له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی تریدا له‌ نزیك كاتژمێر 12 چون‌ به‌هانای بازگه‌كه‌ی ئاسایش و له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌یان له‌ ڕوداوه‌كه‌ بۆمبێك  به‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌یاندا ته‌قیوه‌ته‌وه و‌ به‌داخه‌وه‌ پشتیوانی برام و هاوڕێیه‌كی شه‌هید بوون”.

.

وتیشى، پشتیوانی براى چه‌ند ڕۆژێك پێش رووداوەکە پێى وتوون هه‌ستدەکات زۆرى نه‌ماوه‌ له‌ژیاندا و مردنى نزیكبوه‌ته‌وه، داوای کردووە لێیان ئه‌گه‌ر مرد له‌ دوزخورماتوو له‌ زێدی خۆى بینێژن و داوایكردووە‌ پرسه‌ی بۆ دانه‌نێن، ئەوانیش له‌سه‌ر وه‌سێتی براكه‌یان پرسه‌یان بۆ دانه‌ناوە.

.

پشتیوان محه‌مه‌د، له‌ساڵی 1989 له‌دایكبووه ‌و  دانیشوی شاری دوزخورماتوه، خێزانداره‌ و خاوه‌نی دوو كوڕ و دوو كچه.

.

دره‌نگانێكی دوێنێ شه‌و چه‌كدارانی داعش له‌ نزیك كوڵه‌جۆ سه‌ره‌تا به‌چه‌كی هاوه‌ن شاره‌دێكه‌یان هاوه‌ن بارانكرد و دواتر به‌ قه‌ناس په‌لاماری بازگه‌ی ئاسایشی جه‌له‌ولایاندا له‌ نزیك كوڵه‌جۆ، دواتر ژماره‌یه‌ك بۆمبیان له‌ دوای خۆیان دانا‌، له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی هێزه‌كانی دژه‌ تیرۆر به كاروانی ئۆتۆمبیله‌كانیاندا ته‌قیوه‌ته‌وه ‌و  به‌هۆیه‌وه‌ دوو كارمه‌ندی دژه ‌تیرۆر شه‌هید بوون و  ژماره‌یەك برینداری لێكه‌وته‌وه‌، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆش بۆمبێك به‌ به‌ڕێوبه‌ری ئاسایشی كوڵه‌جۆدا ته‌قییه‌وه‌و  زیانی گیانی نه‌بوو‌ جگه‌ له‌ زیانی مادی.

.

بەگوێرەى دواین ئامار کە ناس کورد لە فەرمانگەى تەندروستى ناوچەکەوە وەریگرتووە، به‌هۆی هێرشه‌كه‌وه‌،  2 كارمه‌ندی ئاسایش و 2 كارمه‌ندی دژه‌ تیرۆر له‌ هێرشه‌كه‌دا  شه‌هید بوون و هه‌شت كه‌سی تر برینداربوون كه‌ له‌ نێویاندا هاووڵاتی مه‌ده‌نی هەیە كه‌ به‌هۆی هاوەن بارانەوە به‌ركه‌وتوون و برینی هه‌ندێكیان سه‌خته.‌

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل