fbpx
Shadow Shadow

پرسی کورد و میتۆدۆلۆجیای سیاسی

11:50 چوار شه‌ممه‌ 06 تشرینی دووه‌م 2019
article image

بیروڕا-سەردار عەزیز

بۆ ئەوانەی کە بە زمانێکی ئەوروپی دەنوسن، زۆر ڕونە کە چەند سەختە وەک کوردێک دیدی خۆت بۆ دونیا بەیان بکەیت. هەمیشە هەمو بڵاوکراوەکان چوارچێوە و ئایدەلۆژیا و سپۆنسەر و میتۆدلۆجیای تایبەتیان هەیە کە دەبێت پرسی کورد لە گەڵیاندا بگونجێنیت. بۆیە بە گشتی ئەوەی لە سەر کورد نوسراوە بۆ خەڵکانێکی تر نوسراوە، بە زمانێک کە بۆ ئەوان بشێت و ئەوان بیانەوێت بیخوێننەوە. لە ئەنجامدا هەرگیز ئەوەی هەیە وەک خۆی دەرناکەوێت. دیارە ئەمە لە میانەی کات و بە پێی ڕوداوەکان دەگۆڕێت.

.
بوارێک کە زۆر زاڵە، بەڵام کەم زەقە، بواری میتۆدۆلۆجیای سیاسیە. دەتوانین بە ئاسانی بڵێین کە دوو چەمک سەرتاپا میتۆدۆلۆجیای ڕۆژئاوایی لە بواری سیاسەتدا دادەڕێژن، ئەوانیش جوت چەمکی هێز و دەوڵەتن. لە میژونوس و باوکی ڕیالیزمی ڕۆژئاوایی کە ثیوسیدادسی یونانیە؛ میتۆدێک داڕێژراوە کە دەڵێت: بەهێزەکان ئەوە دەکەن کە دەخوازن یان ئیرادەیان هەیە، لاوازەکان ئازاری ئەوە دەچێژن کە پێویستە بیچێژن. هەرچەندە دەکرێت بوترێت کە ئامانجی سەرەکی ثیوسیدادس ئەوە نەبوە، بەڵام ئەمە لە ئەنجامدا بوەتە ئەو دۆگمایەی کە ڕەفتاری سیاسی هێزەکان لە قاڵب ئەدات. ئەمە لە سەردەمی ئیمپریالیزم و کۆلۆنیالیزمدا بە بەرفراوانی بەرجەستە دەبوو. بەڵام لە سەردەمی دەوڵەت و پۆست-کۆڵۆنیالیزمدا بەردەوامی هەیە.

.
دەوڵەت شێوازێکی مۆدرێنی ڕێکخستنی هێزە بۆ بەرهەمهێنانی هێزی زیاتر لە بواری بەرفراواندا. ئەگەر هێز هەمو شتێکی بۆ ڕەوایە، ئەوا لە ناو کایەی دەوڵەتدا، لە هەناو سیستەمی نێودەوڵەتیدا هێز یان دەوڵەت خاوەن بڕیاری ژیان و مەرگی ئەوانیترە. ئەمە بە زەقی لە فیگەری سەروەر یان سۆڤریندا دەردەکەوێت. ئەم سۆڤرنە، کە لای هۆبز و زۆر بە زەقی لای کارل شمیت دەردەکەوێت، لای هەندێک مایەی ڕەخنەیە بەڵام لە سەر ئەرزی واقیع پیادەدەبێت. دەوڵەت کە هێز قۆرغ دەکات، بە پێی ماکس ڤیبەر، مافی ئەوەی هەیە کە ئەوەی نەیاری بێت لە مرۆڤبونی بخات. فیگەری تیرۆریست پێش هەموو شتێک لە مرۆڤخستنی مرۆڤە، پاشان لێسەندنەوەی هەمو شەرعیەتێک لە پرسەکەی.

.
ئەگەر هێز و دەوڵەت بنەمای فیکری سیاسی ئەوروپین و کورد لە هەردوکیان بێبەرییە، ئەوا ڕاستەوخۆ کورد هەموو ئیرادەیەک لە دەست دەدات. سەرەتا ئیرادەی ئەوە لە دەست دەدات کە هەبێت. پاشان ئیرادەی ئەوەش لە دەست دەدات کە مافی ئەوەی هەبێت کە هەبێت و تەنانەت مافی داکۆکیش. لە ثیوسەدایسەوە هەتا کیسنجەر و جەیمس جێفری هەمو لە سەر ئەو ئاگاییەن کە خەڵکێک دەوڵەتی نیە، هاوپەیمانی لە گەڵیاندا ئامرازە نەک ئامانج، بۆ گەیشتن بە ئامانجی دەوڵەت لە ناو کایەی نێودەوڵەتیدا. بە جۆڕیک دەوڵەت هەرچی بکات، هەرگیز نابێتە تیرۆریست. دیارە چەمکی تیرۆری دەوڵەت هەیە، بەڵام هێندە پێگە و سەنگی نیە.

.
ئێمە دەزانین کە بەهێزەکانی دونیا، سەرزەمینی لاوازەکانی دونیایان داڕشتوە و بە پێی قەیران و بەرژەوەندەیەکان ئیدارەی دەدەن. لەم هاوکێشەدا کورد ئەستەمە پێگە و ڕۆڵی هەبێت. ئەم واقیعە زاڵە داڕێژەی میتۆدۆلۆجیای سیاسیە.
ئەمە ئەگەر قەیرانەکانە لە گەڵ میتۆدی ڕۆژئاواییدا، ئەوا بە سەرهەڵدانی میتۆدی ناڕۆژئاوایی، چەمکەکانی وەک پۆست-کۆلۆنیال یان ڕۆژهەڵاتناسی، ئۆریەنتالیزم، یان چەمکی تر، نەبونە هۆکاری ئەوەی کە کورد بتوانێت وەک خۆی لە هەناو میتۆدۆلۆجی سیاسیدا ئامادەبێت. بۆ نمونە چەمکێکی وەک پۆست-کۆلۆنیال، ئاماژە بە ئەوە ئەدات بە جۆرێک لە جۆرەکان کۆلۆنیالیزم تەواوبوە. وەک ئەم ڕۆژانە لەتیف تاش، ئاماژەی پێدا، ئەم دیدە تەنها ڕۆژئاوا بە کۆلۆنیال لە قەڵەم ئەدات. بۆیە دەبینین تێزێکی وەک تێزەکەی ئیسماعیل بێشکچی چەند توشی قەیران دەبێتەوە. بینینی وڵاتانی ناوچەکە وەک وڵاتانی پۆست-کۆلۆنیال، نکوڵیکردنە لە بونی کۆلۆنیالی ناوچەیی یان هەرێمی. ئەمەش لە ئەنجامدا ڕەوایی دەدات بە کۆلۆنیالی هەرێمی. بۆیە پرسی کورد لە ئەنجامدا دەبێتە پرسی ناوخۆیی. بەو مانایە پرسێکە کە هیچ پەیوەندی بە سەروەری و ئازادی و شوناسی جودا و جیابونەوەنیە. هەروەها لە ناو کایەی نێودەوڵەتیدا بەمانای ئەوە دێت کە پرسێکە نابێت بچێتە ئاستی نێودەوڵەتی و لە ناوەندە نێودەوڵەتیەکاندا ببێتە پرس.

.
لە راستیدا کاریگەری کوشندەی هەژەمۆنیەتی میتۆدۆلۆجی ڕۆژئاوایی تەنها لەوەدا نیە کە ڕێگرە لە دەربڕینی دۆخەکە وەک خۆی، بەڵکو لە هەمانکاتدا کاریگەری هەیە لە سەر ئەوەی کە کورد خۆی چۆن بیر دەکاتەوە. دەبینین هەمیشە ڕەوایی بۆ پشتێکردنی ئەمریکا وەها دەهێنرێتەوە کە دەوڵەت لە گەڵ دەوڵەتدا مامەڵە دەکات. ئەم میتۆدە نادەوڵەت وەها لێدەکات کە تەنها وەک ئامرازێکی مامەڵەی هێز بونی هەبێت، نەک وەک خەڵكێک، یان کۆمەڵێک مرۆڤ، یان خواستێک یان کێشەیەک. ئەمە هەروەها لە پرسی تری وەک نەتەوە و ئیتنیکدا بە هەمانشێوە زەق دەبێتەوە. گەلێک ناتوانێت نەتەوەبێت ئەگەر دەوڵەتی نەبێت. گەلی بێدەوڵەت ئیتنیکە. لە دونیای ئەمڕۆدا ئیتنیک وەک نێگەتیفێک دەبینرێت. ئەمە بەکاردێت وەک پاڵنەرێک بۆ بون بە فیگەری گونجاو لە هەناوی دەوڵەتدا، نەک رکەبەری دەوڵەت.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل