fbpx
Shadow Shadow

ساڵێكه‌ بڕیاری داخستنیان دراوه‌

پاڵاوگە نایاساییەکانی هەرێم بۆچی داناخرێن؟ [تایبه‌ت]

17:22 یه‌ك شه‌ممه‌ 23 حوزه‌یران 2019
article image

ناس کورد- شەهرام عەزیز

 

ئەگەرچی نزیکەی ساڵێکە بڕیاری داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکانی هەرێم دراوە و ماوەی چوار مانگیشە هێزێکی هاوبەش لە وەزارەتی ناوخۆ بۆ ئەو مەبەستە پێکهێندراوە، بەڵام تائێستا ئەو بڕیارە نه‌چۆته‌ بواری جێبەجێكردنه‌وه‌ و لە ئێستادا پەرلەمانیش ناتوانێت بەدواداچوون بۆ بابەتەکە بکات.

.

سامی جەلال، سەرۆکی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ بە ناس کوردی ڕاگەیاند:”چاوەڕوانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتین بۆ ئەوەی دەست بە کارەکانمان بکەین و بەپێی بڕیارەکە سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەکان دادەخەین”.

.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، داوای زەوییەکیان لە ئەنجومەنی وەزیران کردووە، بۆ ئەوەی لەکاتی داخستنی ئەو پاڵاوگانەدا کەرەستەکانی لێ دابنێن، بەڵام تائێستا ئەنجومەنی وەزیران زەوییەکەی بۆ دابین نەکردوون.

.

هاوکات، سەرۆکی پێشووی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، لە ساڵی 2015ەوە داوای داخستنی ئەو پاڵاوگانەی کردووە، بەڵام دانەخراون، بەهۆی ئەوەی بەرپرسانی حزبی لە پشتی پاڵاوگەکانەوەن.

.

غالب محەمەد، سەرۆکی پێشووی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە ناس کوردی ڕاگەیاند:”لە ساڵی 2015  داوام لە پارێزگاری سلێمانی کرد ئەو پاڵاوگانە دابخات کە لە سنوری سلێمانین، بەڵام نەیکرد، دواتر داوام لە وەزارەتی سامانه‌ سروشتییەکان کرد، دواتر لە ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام هیچکامیان ئەو کارەیان نەکرد و تائێستاش ئەو پاڵاوگانە بەردەوامن له‌ كاركردن”.

.

غالب محه‌مه‌د له‌و بڕوایه‌دایه هۆكاری ئه‌وه‌ی‌ ئەو بڕیارە دەرکراوە و تائێستا جێبەجێنەکراوە، بەهۆی ئەوە دەسەڵاتی حزب و بەرپرسە حزبییەکان زاڵن بەسەر حکومەتدا و تا بەو شێوەیەش بەردەوام بێت ئەو پاڵاوگانە ناتوانرێت دابخرێت، به‌پێویستیشیزانی یەکجار بەرپرسە حزبیەکان وەلا بنرێن و بیر لە بەرژەوەندییەکانیان نەکرێتەوە.

.

بەهۆی ئەوەی کابینەی ئێستای حکومەت بەرپرسیار نییە بەرامبەر پەرلەمانتارانی ئەم خولە، بۆیە پەرلەمان ناتوانێت لە ئێستادا بەدواداچوونی ورد بۆ ئەو پرسە بکات، بەڵام لەئێستاوە لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان کارەکانیان دەستپێکردووە، بۆ ئەوەی لەگەڵ پێکهێنانی کابینەی نوێدا بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە بکەن.

.

سەرکۆ گەڵاڵی، ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند:”لیژنەکەمان سێ لیژنەی لاوەکی لەهەر سێ پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر و دهۆک پێکهێناوە، بۆ بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە و لەگەڵ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتدا بەجددی دەست بە کارەکانمان دەکەین بۆ داخستنی ئەو پاڵاوگانە”.

.

سەبارەت بەوەی بەرپرسانی حزبی لە پشت ئەو پاڵاوگانەوە بن،ئەو ئەندامەی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان ئاماژەی بەوەکرد، هەرچەندە قورسە بەشێوەی یاسایی سەلماندنی ئەوەی کێ لە پشت ئەو پاڵاوگانەوەیه‌، بەڵام بەدواداچوونی وردە دەکەن و هەر بەرپرسێک پەیوەندی هەبێت بەو پاڵاوگانەوە ئەوا ناوەکانیان بڵاودەکەنەوە و بۆ خەڵکی ئاشکرادەکەن.

.

سەركۆ گەڵاڵی ڕوونیکردەوە، ئەوان بەپێی یاسا مامەڵە دەکەن و ناتوانن هەرلەخۆوە بڵێن، فڵان بەرپرس له‌ پشتی ئەو پاڵاوگەوەیە، بەڵام بەشێوەی یاسایی هەرشتێکیان بۆ دەربکەوێت ئاشکرای دەکەن بۆ ڕای گشتی.

.

لە ‌ھەرێمی کوردستان نزیکەی 200 پاڵاوگەی نایاسایی ھەیه‌ و 40 پاڵاوگەیان دەکەوێتە سنووری پارێزگای سلێمانی، زۆرینەی پاڵاوگە نایاساییەکانی سلێمانیش دەکەوێتە ناوچەی تانجەرۆ.

.

بەوتەی غالب محەمەد، پاڵاوگە نایاساییەکان ھەم لە رووی پیسکردنی ژینگە و ھەم لە ڕووی دروستکردنی بەرھەمێکی بێ کوالێتی کاریگەری خراپیان بەجێ ھێشتووە، وەک ئەو دەڵێت:”ئەو پاڵاوگانە شوێنی سپیکردنەوەی نەوتی ڕەشن”.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل