fbpx
Shadow Shadow

گۆڕان و پارتی چاوەڕێی کۆبونەوەیەکی سێ قۆڵین لەگەڵ یەکێتیدا

پارتی هۆکاری دواکەوتنی پێدانی پۆستەکانی حکومەت بە گۆڕان روونکردەوە

15:57 یه‌ك شه‌ممه‌ 01 ئه‌یلول 2019
article image

ناس کورد –

پارتی هۆکاری دواکەوتنی پێدانی بەرکەوتە وزارییەکانی کابینەى نوێى حکومەتى هەرێمى بە بزوتنەوەی گۆڕان ڕوونکردەوە و ئاماژە بەوە دەدات “هۆکارەکەى تەکنیکییە”.

.

ئەمڕۆ (یەکشەممە،1ی ئەیلولی 2019) شاندێکی باڵای گۆڕان سەردانی هەولێری کرد و لە پیرمام لەگەڵ شاندێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی کۆبوەوە.

.

کۆبوونەوەکە لەبارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی لەپیرمام بەڕێوەچوو، شاندەکەی بزوتنەوەی گۆڕان لەلایەن عومەر سەید عەلی، ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەکە سەرۆکایەتى دەکرا و هەرچى شاندى پارتییە فازڵ میرانی، سەرۆکایەتی دەکرا.

.

پاش کۆبوونەوەکە هەریەک لە مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئاراس وەلی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان لە پرێس کۆنفرانسێکدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان خستەڕوو.

.

مەحمود محەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و وتەبێژی پارتی ڕایگەیاند: “لە کۆبوونەوەکەماندا هەندێ پرسمان تاوتوێ کرد و باسمان لەوە کرد لەوانەیە حکومەتی بەغدا بە گوێرەی ئەو یاسایەی کە دایان ناوە، هەوڵیدابێت حزبە بچووکەکان لە دەسەڵاتە ناوچەییەکان بێبەش بکات، جیا لەمانەش لەوانەیە لە کەرکوک و موسڵ و ناوچە کێشە لەسەرەکان و سنووری مادەی 140 بەهۆی ئەو کێشەیەی کە دوای 16ی ئۆکتۆبەر پێشهات، تووشی گرفت بین”.

.

وتەبێژى پارتى وتیشى، کۆمەڵێک بابەتی پەیوەندیدار هەیە کە پێویست بەوە دەکات لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش دابنیشین و بەتەماین کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی لەنێوان پارتی و یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕان ئەنجام بدرێت.

.

مەحمود محەمەد، روونیکردەوە، بۆ پرسی بەغدا و پرسی کەرکووک، جیا لەم سێ حزبە، لەگەڵ حزبەکانی دیکەش کە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئۆپۆزسیۆنن کۆ دەبنەوە و ئەو بابەتەى بە بابەتێکى نیشتمانی ناوبرد.

.

دەربارەی دواکەوتنی پێدانی بەرکەوتەکانی گۆڕان لە کابینەی نوێ، وتەبێژى پارتى جەختى کردەوە “هەندێک لە دواکەوتنەکان بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە بووە و چاوەڕێی ئەو گۆڕانکارییە یاسایی و ئیداریانە بوون کە لەپۆستەکاندا بکرێت، هەروەها هەندێک لە پۆستەکانی دیکەی وەکو ئەوانەی ئەنجومەنی وەزیران و جێگرانی سەرۆکی هەرێم، پۆستی نوێن و هێشتا دروست نەکراوون دەبێت لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە دروست بکرێن و بنێردرێن بۆ پەرلەمان”.

.

لە بەشێکى ترى کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، ئاراس وەلی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان وتی:”ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆمان چەند تەوەرێک بوو، کە یەکێکیان یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بوو کە پێمانوایە یاساکە گرفتی تێدایە و تێبینیمان لەسەری هەیە و ڕوانگەکانمان لەگەڵ پارتی لە یەکترەوە نزیک بوون”.

.

وتیشى “باسمان لەوە کرد کە ئەگەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بکرێت، چۆن بەشداریی تێدا بکەین، ئایا بە یەک لیست بەشداری بکەین؟ بۆ ئەوەی سەنگ و قورسایی کورد دەربکەوێت”.

.

ئاراس وەلی، روونیکردەوە :”پرسێکی دیکە کە باسمان لێوە کرد، مەسەلەی شەفافیەت بوو لەبارەی ئەو زانیارییانەی پرسی نێوان بەغدا و هەرێم کە بۆ هاووڵاتیانی بگوازینەوە و جەختمان لەوە کردەوە هەموومان یارمەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین بۆ ئەوەی گرفتەکان لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە چارەسەر بکەین”.

.

 

ئەندامەکەى جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان، ئاماژەى بەوە کرد “باسمان لە پەیوەندییە سیاسییەکانى ئێمە و پارتی و لایەنەکانی دیکە کردوە و هەروەها هیودارین لەگەڵ یەکێتی و پارتی کۆبونەوەیەکی سێ قۆڵی ئەنجام بدەین”.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل