fbpx
Shadow Shadow

سیاسه‌تی

عەلاوى لەنێوان بەڵێ و نەخێرى لایەنە کوردییەکاندا 

پارتى و یەکێتى بژاردەى ئۆپۆزسیۆنى ناچاری هەڵدەبژێرن؟

20:39 هه‌ینی 21 شوبات 2020
article image

ناس کورد-

 

هەنگاوەکانى محەمەد تۆفیق عەلاوى بۆ پێکهێنانى حکومەتێکى سەربەخۆ، لایەنە کوردییەکانى دابەشکردووە، پارتى و یەکێتى دژى هەنگاوەکانى وەستاونەتەوە و دورنییە بە ناچارى بژاردەى ئۆپۆزسیۆن هەڵبژێرن، ئەگەر پەرلەمان متمانەى پێبدات، لەکاتێکدا گروپى 15 پشتیوانى دەکەن و ئەگەر هەیە دەنگى پێ بدەن.

.

بەدرێژایی ساڵانى دواى ڕوخانى ڕژێمى سەدام حوسەین و پێکهێنانى حکومەتە یەک لەدواى یەکەکانى عێراق، لایەنە کوردییەکان بەتایبەتى پارتى و یەکێتى بەشدارى حکومەتەکانیان کردووە، بەڵام ئێستا لەبەردەم بژاردەیەکى تاڵدان، بژاردەى ئۆپۆزسیۆن، دواى ئەوەى سەرۆکوەزیرانى نوێ داواکانیانى ڕەتکردەوە.

.

داواى سەرەکى پارتى و یەکێتى لە محەمەد تۆفیق عەلاوى ئەوەیە، خۆیان وەزیرەکانیان دیارى بکەن، ئەوەش بەلاى ئەوەوە ڕەتکراوەیە، بەو پێیەى بەڵێنى پێکهێنانى کابینەیەکى سەربەخۆى داوە دوو لەدەستى حزبەکان.

.

ڕۆژى پێنج شەممە وەفدى لایەنە کوردییەکان کە لەلایەن پارتى و یەکێتییەوە سەرۆکایەتى دەکرا بەدەستى بەتاڵ گەڕانەوە هەرێم، دواى ئەوەى دانوستانەکانیان لەگەڵ عەلاوى لەو بارەیەوە بێ ئەنجام بوو.

.

هەرچەندە وەفدەکە نوێنەرى بەشى زۆرى لایەنە کوردییەکانى دەرەوەى پارتى و یەکێتیشى تێدا بوو، بەڵام پەرلەمانتارانى ئەو لایەنانە لەناو گروپێکى پەرلەمانیدا بەناوى گروپى 15 خۆیان ڕێکخستووە و دەنگى پشتوانى عەلاوى لەناویاندا زاڵترە وەک لە دژایەتیکردنى، ئەوەش ئاماژەى پەرتبوونى لایەنە کوردییەکانى لەبارەى کابینەکەى عەلاوییەوە هێناوەتە ئارا.

.

سەرچاوەیەکى سیاسی ئاگادار لەدانوستانى لایەنە کوردییەکان و عەلاوى بە ناس کوردى ڕاگەیاند، عەلاوى بە وەفدى کوردى وتووە کە بەرنامەیەکى هەیە بۆ دانانى وەزیرەکان بەشێوەیەک پارێزگارى لە پشکى پێکهاتەکان دەکات، کەسانى سەربەخۆ دیاریدەکات بەبێ دەستوەردانى حزبەکان.

.

وتیشى “مەرجەکان مەرجى هەموو لایەنە کوردییەکان نییە، زیاتر پارتى جەختدەکاتەوە کە وەزیرەکانى بمێنێتەوە بەتایبەت فوئاد حسێن، ماناکە ئەوە نییە کورد ئاوت دەکرێت، بەڵکو پشکى کورد پارێزراوە وەک عەلاوى خۆى بەڵێنیداوە”.

.

بەوتەى سەرچاوەکە، عەلاوى بە وەفدە کوردییەکەى وتووە با ئەوە لەلایان گرفت نەبێت، چونکە ئەم حکومەتە بۆ ساڵێکە تا سەرپەرشتى هەڵبژاردنى پێشوەخت بکات، دواتر هەر حزبەکان حکومەت پێکدەهێننەوە “ئەو لە پشتى حزبەکانەوە وەزیر دانانێت، رێگریش نییە لەوەى ناوى پێشکەش بکەن، بەمەرجێک کەسێکى تەواو حزبى نەبن، شیعەکانیش کردویانەتە مەرج بەسەرییەوە کە دەبێت بۆ کورد و سوننەش هەمان ڕێگا بگیرێتە بەر”.

.

تا ئێستا عەلاوى ناوى کاندیدەکانى لاى خۆی هێشتووەتەوە و کوتلە سیاسییەکانى ئاگادارنەکردووەتەوە لەناوەکانیان، هەرچەندە چەند لیستێکى جیاواز لە میدیا عێراقییەکان بلاوکراوەتەوە.

.

بەوتەى سەرچاوەکە، عەلاوى لەکۆبوونەوەیدا لەگەڵ وەفدى کوردى جەختیکردووەتەوە کە جگە لەخۆى کەس ئاگادار نییە و بەهیچ هێزێکى نەوتووە، سەرجەم ئەو لیستانەش کە بڵاوکراوەتەوە ناڕاستن، هەروەها نورى مالیکیش سوێندى بۆ وەفدى کوردى خواردووە کە ئاگادار نییە لەوەى عەلاوى کێ کاندیددەکات.

.

وەڵامدانەوەى عەلاوى و رەتکردنەوەى داواکانى وەفدى لایەنە کوردییەکان بەتایبەتى پارتى و یەکێتى، دەرگاى لەبەردەم بەشدارینەکردنى ئەو دوو حزبە کردووەتەوە لەو کابینەیەدا کە ئەرکى سەرەکى ئامادەکاریی دەبێت بۆ هەڵبژاردنى پێشوەخت.

.

بڵێسە جەبار فەرمان ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکێتى لە هەژمارى خۆى لە فەیسبوک نوسیویەتى “بەبێ بەشداریکردنی کورد لەوانەیە حکومەتەکەت پێکبھێنرێت، بەڵام حکومەتێکی ناتەواو دەبێت و سەرکەوتوو نابێت”.

.

هەروەها پێیوایە، باشترین بژاردە بۆ کورد بەشدارینەکردنە لەو حکومەتە و نەک چوون بۆ بەغداد و دانوسان لەگەڵیدا بە ناوی گروپی ١٥ ناوی ترو فراکسیۆنە جیاجیاکانی کورد.

.

بەوتەى ئەو پەرلەمانتارە “پیاوێک بەوپەری بێرێزییەوە پێشوازی لە شاندی کوردی بکات دەبێت دوای دانیشتنی لەسەر کورسی دەسەڵات چۆن بەرخورد بکات؟”.

.

بڕیارە دووشەممەى داهاتوو پەرلەمان بۆ متمانەدان بە کابینەکەى عەلاوى کۆبێتەوە، لەئەگەرى یەکگرتوویی ناوماڵى شیعە ئەگەر هەیە حکومەتەکە  تێپەڕێنرێت، بەڵام هێشتا ئەو یەکگرتووییە بە تەواوى نابینرێت، ئەوەى پشتیوانى دەکات بە ئاشکرا تەنها فراکسیۆنەکانى سائیرونى موقتەدا سەدر و فەتحى هادى عامرییە.

.

بەڵام لەئەگەرى پەرتبونى ماڵى شیعەدا، دەنگى لایەنە کوردییەکان کە پێکەوە خاوەنى 57 کورسی پەرلەمانن قورستر دەبێت، ئەگەر سەرجەمیان دژى کابینەکە بوەستنەوە، بەڵام پێدەچێت لایەنە کوردییەکانیش دابەشبن، بەتایبەت کە واپێدەچێت گروپى 15 خواستى پشتیوانى ئەو کابینە نوێیەیان هەبێت.

.

غالب محەمەد ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى گۆڕان کە هاوکات ئەندامى گروپى 15 یە بە ناس کوردى ڕاگەیاند “پارتى و یەکێتى و هاوپەیمانێتییەکەى حەلبوسى بەتەواوەتى دژى عەلاوین، ئەگەر شیعەکان تەبابن تێدەپەڕێت، تا ئێستاش تەبان”.

.

وتیشى “ئەگەر هەیە کابینەکە متمانەى پێبدرێت، کورد دابەش بووە، پارتى و یەکێتى لەلایەک، ئەوانەى تر لەلایەکى تر کە ئەگەر هەیە دەنگى پێبدەین، بەتایبەت ئەگەر بەڵێنەکەى بباتە سەر کە کێشەى موچە و بودجە بخاتە دەرەوەى کێشەکان لەگەڵ بەغدا”.

.

لەبارەى ئەوەى ئەگەر هەیە پەرتبوون لەناو گروپى 15 رووبدات لەکاتى دەنگدان بە کابینەکەى عەلاوى، ئەو پەرلەمانتارە باسى لەوە، گرنگ نییە لەناو گروپى 15 کێ دەنگدەدات و کێ دەنگنادات، “ئەگەر نوێنەرى خەڵکین ئەو دەڵێت کار بۆ خەڵک دەکات با دەنگى پێبدەین، ئەگەر نوێنەرى حزبیشین و حزبەکەمان لەبەر خاترى وەزیر دەڵێت دەنگمەدەن، با دەنگنەدەن و خەڵک بزانێت کێ دەنگیداوە و کێ دەنگینەداوە”.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل