fbpx
Shadow Shadow

خانەنشینى پلە باڵاکان درز دەخاتە نێوانیانەوە

پارتى هۆشداری دەداتە یەکێتى و گۆڕان “ڕێککەوتنەکان تەنها لەناو حکومەتدا نەبن و لە پەرلەمانیش ڕەنگبدەنەوە”

14:01 شه‌ممه‌ 11 كانونی دووه‌م 2020
article image

ناس کورد-

پڕۆژەى چاکسازیی لە خانەنشینى موچە و دەرماڵە، درزى خستووەتە ڕێککەوتنەکانى پارتى و یەکێتى و گۆڕانەوە، یەکێتى و گۆڕان تێبینیان لەسەرى هەیە و پارتیش جەخت لە دەنگدان لەسەر پڕۆژەکە دەکاتەوە.

.

بڕیارە سبەینێ پەرلەمانى کوردستان خوێندنەوەى دووەم بۆ پڕۆژە یاساى چاکسازیی لە خانەنشینى موچە و دەرماڵە بکات و دواتر پڕۆژەکە بخرێتە دەنگدانەوە و پەسەند بکرێت.

 

پارتى هۆشداریدەدات

پارتى هۆشداری دەداتە یەکێتى و گۆڕان "ڕێککەوتنەکان تەنها لەناو حکومەتدا نەبن و لە پەرلەمانیش ڕەنگبدەنەوە"

فراکسیۆنى پارتى لە پەرلەمانى کوردستان هۆشداریدەداتە هەردوو فراکسیۆنى یەکێتى و گۆڕان کە چۆن وەزیرەکانیان لە حکومەت دەنگیان لەسەر پڕۆژەى چاکسازى داوە، دەبێت لە پەرلەمانیش دەنگى پێبدەن و دەست لە “موزایەدەکردن” هەڵگرن.

.

زانا مەلا خالید پەرلەمانتارى فراکسیۆنى پارتى لە پەرلەمانى کوردستان بە ناس کوردى ڕاگەیاند “ئێمە رێککەوتنێکمان هەیە لەگەڵ گۆڕان و یەکێتى بۆ چوار ساڵى کارکردنمان لەناو پەرلەمان و حکومەت، نابێت ئەو ڕێککەوتنە تەنها لەناو کابینەى حکومەتدا بمێنێتەوە، بەڵکو دەبێت ڕەنگدانەوەى هەبێت لەسەر کارەکانى پەرلەمان”.

.

وتیشى “وەزیرى دارایی لەسەر پشکى گۆڕان لە حکومەت سەرپەرشتى تەواوى پڕۆژەکەى کردووە و لە حکومەت کۆدەنگى لەسەر بووە، ناکرێت لایەنێکى سیاسی لە حکومەتدا ڕایەکى هەبێت کە پڕۆژەکە بڕوات و لە پەرلەمانیش نەیار بێت”.

.

زانا مەلا خالید جەختیکردەوە، دەبێت بۆ پڕۆژەکانى دیکەش گۆڕان و یەکێتى بەتەواوى پابەندبن بەو ڕێککەوتنە و لەهەر حاڵەتێکى دیکەشدا هەڵوێستى خۆیان دەبێت.

.

قسەکانى ئەو پەرلەمانتارەى پارتى لەکاتێکدایە، هەردوو نوێنەرەکەى گۆڕان و یەکێتى لە لیژنەى دارایی پەرلەمانى کوردستان سەرەڕاى واژۆکردنى ڕاپۆرتى تایبەت لەسەر پرۆژەکە نوسیویانە کە تێبینیان لەسەر ماددەکانى تایبەت بە خانەنشینى پلە باڵاکان هەیە.

.

گۆڕان و یەکێتى هەڵوێستیان جیاوازە

پارتى هۆشداری دەداتە یەکێتى و گۆڕان "ڕێککەوتنەکان تەنها لەناو حکومەتدا نەبن و لە پەرلەمانیش ڕەنگبدەنەوە"

بزوتنەوەى گۆڕان بەفەرمى فراکسیۆنەکەى ئاگادارکردووەتەوە، کە خانەنشینی پلە باڵاکان یان نەمێنێت، یان دەبێت لە نزمترین ئاستدا بێت ھاوشێوەی بەغدا.

.

عەلى حەمە ساڵح سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان ڕایگەیاند “نوێنەرانی ئێمە لە لیژنەی دارایی و یاسایی ئەو بڕگەیان پەسەند نەکردووە کە تایبەتە بە خانەنشینى پلە باڵاکان، فراکسیۆنی گۆڕان بەتەواوی پەیوەستە بەرنامەی گۆڕان بۆ خانەنشینی پلە باڵاکان”.

.

هەروەها زیاد جەبار، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان (یەکێتى) بە ناس کوردی ڕاگەیاند “هێشتاش بەشێک لە ڕەخنەکان هەر ماون لەسەر پڕۆژەکە لەلایەن بەشێک لە لایەنەکانەوە، بەڵام ڕەنگە لە هۆڵی پەرلەمانیش لە ڕۆژی یەکشەممەدا گۆڕانکاری دیکەی تێدا بکرێت.

.

بەپێی پڕۆژەکە، کەمترین موچەی خانەنشینی پلەباڵاکان لە 25٪ بۆ 70٪ی موچەى بنەڕەتیان پێکدێت، هەروەها مەرجى 45 ساڵ دیاریکراوە وەکو تەمەنى خانەنشینى.

.

زانا مەلا خالید پەرلەمانتارى پارتى وتى “ئەوانەى کە تەمەنى خانەنشینى نایانگرێتەوە حکومەت پشتى بەستووە بە یاساى خانەنشینى پلە باڵاکانى عێراق، ئەوانەى نایانگرێتەوە دەگەڕێنەوە سەر وەزیفەکانى خۆیان، هیچ بڕە پارەیەکیش بۆ ئەو کەسانە دانەنراوە کە نەگەیشتونەتە تەمەنى یاسایی لە پڕۆژەکەى حکومەتدا و ئێمە پشتگیریی لەوە دەکەین”.

.

جەختیشیکردەوە، بەتەواوى پشتیوانى پرۆژەکە دەکەن و دەنگى پێ دەدەن، “هەر موزایەدەیەک کە دەکرێت بۆ ئەوەیە لە گرنگى پڕۆژەکە کەمبکرێتەوە، چونکە پڕۆژەکە تۆکمەیە و سەرجەم سێکتەرەکان دەگرێتەوە، دەستپێکێکە بۆ چاکسازیی ریشەیە، دواى ئەم پڕۆژەیە حکومەت بەرنامەى دیکەى هەیە بۆ سێکتەرەکانى دیکە”.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل