fbpx
Shadow Shadow

پارتى لە رێککەوتنەکەى لەگەڵ گۆڕان پەشیمان بوەتەوە؟ [تایبەت]

20:06 هه‌ینی 27 ئه‌یلول 2019
article image

ناس کورد- تایبەت

ئەندامێکى سەرکردایەتى پارتى دیموکراتى کوردستان وەڵامى ڕەخنەى پەرلەمانتارێکى گۆڕان لەسەر ڕێککەوتنى نێوان پارتى و گۆڕان دەداتەوە و ڕایگەیاند ئەو پەرلەمانتارە گومرگ لەسەر قسەکانى نییە.

.

عەدنان کەرکوکى، ئەندامى ئەنجومەنى سەرکردایەتى پارتى کەرکوک، گەرمیان ، بەناس کوردى ڕاگەیاند” وتارەکەى هۆشیار عەبدوڵام خوێندەوە کە بەناوى سێ درز لەڕێککەوتنەکەى نێوان پارتى و گۆڕان نوسیبووى، من تەنها ئەوەندە دەڵێم ئەو پەرلەمانتارە هیچ گومرگێک لەسەر قسەکانى نییە و ئیتر هیچى ترى لەبارەوە ناڵێم”.

.

لەمانگى شوباتى ئەمساڵدا بزوتنەوەى گۆڕان و پارتى دیموکراتى کوردستان بەمەبەستى پێکهێنانى کابینەى نۆیەمى حکومەت ڕێککەوتنێکى سیاسیان واژۆ کرد و بەپێى ناوەڕۆکى ڕێککەوتنەکە کە لەسەر پرسەکانى تایبەت بەهەرێم و بەغداد و پەیوەندییەکانى دەرەوەدا بوو پارتى وەکو براوەى یەکەمى هەڵبژاردنەکان ناچار کرابوو پابەندبێت بەجێبەجێکردنى شەفافیەت لە دۆسیەى نەوت و یاساى چاکسازى و پۆستەکانى گۆڕان و دابینکردنى کۆمەڵێک خزمەتگوزارى تر.

.

دواتریش100  ڕۆژ وەکو سەقفى زەمەنى لەلایەن بەرپرسانى گۆڕانەوە بۆ جێبەجێکردنى ڕێککەوتنەکە دیاریکرا و دیاریکردنى ماوەى زەمەنیش خاڵێکى گرنگى ڕێککەوتنەکە بوو.

.

بەڵام ئەمڕۆ (هەینى) لەلایەن پەرلەمانتارێکى گۆڕانەوە لەپەرلەمانى عێراق درزتێکەوتنى ڕێککەوتنەکە ڕاگەیەنرا و ئەوەش باسکرا پارتى تا ئێستا ڕێککەوتنەکەى جێبەجێ نەکردووە و ئەو نیەتەشى نییە.

.

شاخەوان ڕەئوف بەگ، ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لەفراکسیۆنى گۆڕان بەناس کوردى وت “تا ئێستا بەفەرمى شتێکى لەو شێوەیە باس نەکراوە، هیچ مەسج و پەیامێک لەو بارەوە نەهاتووە کەڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکرێت”.

.

لەبارەى  خاڵى یەکەمى وتارەکەى هۆشیار عەبدوڵا پەرلەمانتارى گۆڕان کەباسى لەوە کردووە تا ئێستا پارتى نەوتى هەرێمى کوردستانى ڕادەستى بەغداد نەکردووە و  بەشێک بووە لەڕێککەوتنەکەى نێوان پارتى و حزبەکەى، شاخەوان رەئوف بەگ، روونیکردەوە “ئەو پرسە پەیوەندی بە سیاسەتى  نێوان بەغداد و هەرێمەوە هەیە، ئەگەر بێتو حکومەتى هەرێم ڕۆژانە ئەو بڕەى دیاریکراوە ڕادەستى بەغداد نەکات ئەوا مووچەى پێنادرێت و منیش لەگەڵ ئەو خاڵەدام دەبێت جێبەجێ بکرێت و قسەکەى هۆشیار لەو بارەوە دروستە”.

.

لەسەرپرسى پڕۆژە یاسای چاکسازیش، پەرلەمانتارەکەى گۆڕان وتی “پڕۆژە یاساکە لەحکومەتە و بڕیارە لەئایندەیەکى نزیکدا بێتە پەرلەمان و گفتوگۆى لەبارەوە بکرێت”.

.

لەسەر زیادکردنى پۆستى یاریدەدەر بۆ سەرۆکى حکومەت بەدەر لەیاسا و ڕاگرتنى دڵى گۆڕان لەو بارەوە، شاخەوان ڕەئوف بەگ، جەختى لەسەر ئەوە کردەوە، وەکو بزوتنەوەى گۆڕان تێبینیان هەیە و قسەشیان دەبێت و نیگەرانیەکانیان لەسەر ئەو پرسە دەگەیەننە پارتى.

.

بەلاى پەرلەمانتارەکەى گۆڕانەوە، هێشتا ئەو هەستە دروست نەبووە کە پارتى بیەوێت ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکات، بەوتەى ئەو ” ئەگەر هەر لایەک سستى لە جێبەجێکردنى کرد هەقوایە لەیەکتر ئەو کارە قەبوڵ نەکەن”.

.

ئەمڕۆ (هەینى، 27ى ئەیلوولى 2019) لەوتارێکدا بەناونیشانى (سێ درز لەڕێککەوتنەکەى گۆڕان و پارتى)، هۆشیار عەبدوڵا، پەرلەمانتارى گۆڕان لەپەرلەمانى عێراق ئاماژەى بەوە کرد “پارتى تا ئێستا لەسەر دۆسیەى فڕۆشتنى نەوت پابەندى ڕێککەوتنەکە نەبووە و ئامادە نییە ئەو بڕە نەوتەى دیاریکراوە لەبەرامبەر ناردنى مووچەى فەرمانبەراندا ڕادەستى بەغداى بکات”.

.

بەلاى ئەو پەرلەمانتارەوە بەڵێنەکەشى لەسەر پرسى پڕۆژە یاساى چاکسازى و پۆستى یاریدەدەرى سەرۆکى حکومەت جێبەجێ نەکردووە و خواستى گۆڕانیشى لەسەر ئەو پرسە شکاندووە.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل