fbpx
Shadow Shadow

سیاسه‌تی

"ئامانجەکە ئەوەیە هاوپەیمانان لەسنوری یەکێتیدا نەمێننەوە"

پارتى بە هەوڵى داخستنى بنکەیەکى ڕاهێنانى پێشمەرگە لە سلێمانى تۆمەتباردەکرێت

15:33 چوار شه‌ممه‌ 22 كانونی دووه‌م 2020
article image

ناس کورد –

بڕیارى گواستنەوەى بنکەیەکى مەشقى هاوپەیمانان بە هێزەکانى پێشمەرگە لە سلێمانى مشتومڕى دروستکردووە، پەرلەمانتارێکى یەکێتى پێیوایە پارتى لەو ڕێگەیەوە هەوڵى “داخستنى” بنکەکە دەدات، سەرچاوەیەک لە وەزارەتى پێشمەرگەش دەڵێت لە هەوڵى چارەسەرکردنى ئەو پرسەدان.

.

ڕۆژی یەکشەممە، 19ی کانونی دووەمی 2020، فەریق جەمال ئیمینیکی، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە کە سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانە ئاگاداری ناردووە بۆ بنکەی مەشقی پیادەی سلێمانی کە بنکەکەیان سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەیە بۆ ئەوەی بنکەکە بگوێزرێتەوە سەر هێزەکانی 70 کە لەو بنکەیەدا هاوپەیمانان ڕاهێنان دەدەنە پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ.

.

باڵامبۆ محەممەد، ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان (یەکێتى) بە ناس کوردی وت “ئەم هەڵوێستەی سەرۆک ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، 180 پلە دژی ئەو یاسایەیە کە ئێمە دەرمان کردوە لە پەرلەمان بۆ ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دژی کارکردنی هاوبەش و حکومڕانی هاوبەش”.

پارتى بە هەوڵى داخستنى بنکەیەکى ڕاهێنانى پێشمەرگە لە سلێمانى تۆمەتباردەکرێت

.

ئاماژەى بەوەشکرد، بەپێی یاسا، دەبێت هەموو هێزە سەربازییەکان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە ڕێکبخرێنەوە، تەنانەت هێزەکانی حەفتا و هەشتاش بخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، نەوەک هێزی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە بخرێنە ناو ئەو هێزانەوەی کە سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە نین و یەکەی جیاوازن.

.

بەوتەى ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی “ئەو کارەی سەرۆک ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە کە سەر بە پشکی پارتییە ئامانج لێی ئەوەیە کە هێزەکانی هاوپەیمانان لە سنوری یەکێتیدا نەمێننەوە و بگوازرێنەوە بۆ هەولێر و هیچ بنکەیەکیان لە سلێمانی نەبێت”.

.

وتیشى، “ئەگەر ئەو بنکەیە بگوازرێتەوە سەر یەکەکانی 70 ،هاوپەیمانان ئیتر ڕاهێنانیان پێناکەن چونکە ئەوان تەنها ڕاهێنان بەو هێزانە دەکەن کەسەر بە وەزارەتی پێشمەرگەن”.

پارتى بە هەوڵى داخستنى بنکەیەکى ڕاهێنانى پێشمەرگە لە سلێمانى تۆمەتباردەکرێت

.

بنکەی مەشقی پیادەی سلێمانی، لەساڵی 2010ەوە دامەزراوە و سەر بە سەرۆکایەتی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگەیە و لەدوای هاتنی هێزەکانی هاوپەیمانان لەساڵی 2015 لەو بنکەیە ڕاهێنانی بە هێزەکانی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکان کراوە.

.

ڕزگار حەمەد، بڕیاردەری لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانى کوردستان بەناس کوردی وت، “ئێمە بەهیچ شێوەیەک ئەو هەنگاوە قبوڵ ناکەین و دژی دەوەستینەوە و هەوڵ دەدەین ڕیگریشی لێبکەین چونکە ئەو بریارە هیچ گونجاو نییە بۆ هێزەکانی پێشمەرگە”.

.

وتیشی، “ئێمە دەمێکە پلانی ئەوەمان داناوە کە یەکەکانی حەفتا و هەشتا کە سەدان هەزار پێشمەرگەن بخرێنە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەوە، ئیتر چۆن دەبێت ڕێگا بدەین بنکەیەکی فەرمی سەر بەوەزارەتی پێشمەرگە دابخرێت و بخرێتە سەر یەکەکانی حەفتا ئەو پلانەکان تێک دەدات و قببوڵ ناکرێت”.

پارتى بە هەوڵى داخستنى بنکەیەکى ڕاهێنانى پێشمەرگە لە سلێمانى تۆمەتباردەکرێت

.

بەپێی ڕێککەوتنی نێوان  وەزارەتی پێشمەرگە و هاوپەیانی نیودەوڵەتی دژی داعش، بڕیارە هاوپەیمانان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2020 بەردەوام بن لە ڕاهێنان بە هێزەکانى پێشمەرگە لەو بنکەیە.

.

سەرچاوەیەکی باڵا لەوەزارەتی پێشمەرگە بەناس کوردی وت، “ئاگادارین کە ئەو بابەت گفتوگۆی لەسەر کراوە و داواکارییەکەش ئاڕاستەی بنکەی مەشقی سلێمانی کراوە، بەڵام ئێمە لە ئێستادا نامانەوێت هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو بابەتە بڵاو بکەینەوە”.

.

وتیشی “تاوەکو ئێستاش بنکەی مەشقی سلێمانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە و لەهەوڵداین بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بابەتەکە و هەوڵی چارەسەرکردنی دەدەین”.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل