fbpx
Shadow Shadow

وەهمی بە پاڵەوانکردن راگرن

12:35 سێ شه‌ممه‌ 17 ئه‌یلول 2019
article image

ناس بیروڕا – سەرکەوت شەمسەدین

.

لەدوای شکستی ئۆپۆزسیۆنی تەقلیدی، بەتایبەتی لە دوای مەرگی کاک نەوشیروان، وە لەدوای بە کۆمیدیکردن و “قەشمەرکردنی” سیاسەت و ئۆپۆزسیۆن بوون لە لایەن سەرۆکی “نەوەی نوێ،” و کەوتنی ماسکەکانی و ئامێتەبونی لەگەڵ یەکێتی، وە بەیعەت دان و سەرەگرتنی ئەوانیتریش بۆ دیداری بارزانی باوک(پیاوێک کە ئەبوو ئێستا لەزیندان بێت بۆ ئەو فەزاحەتەی بە ناوی ریفراندۆم کردی)، رۆشبیر و میدیاکارانی نزیک لە ئۆپۆزسیۆنی پێشو بێ دەرەتان ودۆش داماون و بەدوای فریادرەسێک دا ئەگەرێن تا بیکەن بە گژ پارتیدا. کارەساتە کوڕانی تاڵەبانی بە فریاد رەس بزانی.

.
بەڵام ئەبێ ئەو هاوڕێیان بزانن ئەوان خراونەتە ناو هەڵمەتێکی ساختەی بە پاڵەوانکردن و دروستکردنی فریاد رەسی وەهمی.
جارێ یەکێتی بەرپرسە لە تەواوی ئەم تاڵانکاری و سیاسەتی ئیحتیکاری بەسەر نەوت و کەرتی وزە و بازار و بازرگانی دەرمان و جگەرە، چ بە هاوبەشیکردن لەگەڵ پارتی (وەک تێپەراندنی یاسای نەوت و غاز، وەک درێژکردنەوەی وادەی سەۆکایەتی هەرێم)، چ بە پاشکۆبونی پارتی، بە تایبەت لە دوای دروستبونی گۆڕان (سازشکردن و ملدان بۆ تاکرەوییەکانی مەسعود بارزانی لە رابردوو، بە رازیبون بە ریفراندۆمە شومەکەی بارزانی لە کەرکوک، بە تەسلیمکردنی سەروەت و سامانی سلێمانی بە پارتی و وشککردنی سلێمانی)، پاشان بەو پاشاگەردانیەی لە سلێمانی دروستیان کردوە کە هەر تەپۆڵکەیەک و ناوچەکە مافیایەک حوکمی ئەکات، لەم لاش سەرانە لەکۆمپانیا و بازرگانەکانە رەسەنەکانی شار وەردەگرن ناچار بە چۆڵکرنی شاریان ئەکەن.

.

هەموو ئەمانە یەکێتی، لەسەروی هەموی ماڵی تاڵەبانی، لێی بەرپرسن، ئیتر واز بێنن لە دروستکردنی پاڵەوانی وەهمی گوایە کورێکی تاڵەبانی بەنیازە لەگەڵ بەغداد رێبکەوێت، کە جگە لە هاش و هوش خۆ پاڵەوانکردن هیچی تر نیە. ئەمانە چەندە توانیان لە کەرکوک دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەن، هێندەش لە سلێمانی ئەتوانن ئەوەبکەن.

.

چەندە توانیان کەرکوک بپارێزن لە سەرکێشی و هەڵەکانی بارزانی بەناوی ریفرندۆم و دواتریش لە نەعرەتی میلیشیاکان هەر ئەوەندەش ئەتوانن لە بەغداد کاریگەر ببن.

.
ئەم کەمپینەی ماڵی تاڵەبانی بۆ دروستکردنی وەهمی فریاد رەس تەواو ساختە و بێ بەرهەمە و پێویستە میدیاکاران وریابن

.

ئەگەر یەکێتی چارەسەرێکی هەیە بۆ ناچێ لەرێگەی جێگری سەرۆکی حکومەتەکەی بیکات، یان ئەو هەموو وەزیرە لە کابینەیەی بارزانی کوڕ ئیشیان چیە؟

.

تاکە رێگە چارە کارکردنە بۆ بەهێزکردنی بەرەی نارازی و ئۆپۆزسیۆنی جەماوەری و زاڵکردنی دیدی رەخنەگرانە لەسەر دەسەڵات لەبەرامبەر کەمپینی چەواشەی بارزانی کوڕ وەهمەکانی بنەماڵە و دارودەستەکانیان لە دەرەوەی دەسەڵات. ئۆپۆزسیۆنی مەدەنی و دیدی رەخنەگرانە بنەمای دروستبونی ئۆپۆزسیۆنێکی رەسەن و بەهێزە، بۆیە تکایە مەکەونە تەڵەی پاڵەوانە وەهمی و ساختەکانەوە و هێندەی تریش ئەو خەڵکە بێ هیوا مەکەن، چونکە نەوەیەکی خوێندەوار و خاوەن دید و جیهانبینی فراوان بەرێوەیە کە راگرتنی ئەستەمە.

وشە كلیلەكان:

Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل