fbpx
Shadow Shadow

وەزیر ڕادەسپێرێت و ئاسانکاریش دەکات.. بارزانی ڕۆڵی سەرۆکایەتییەکانی هەرێم دەبینێت؟

16:31 هه‌ینی 24 كانونی دووه‌م 2020
article image

ناس کورد-

کۆبوونەوە و تەوەری گفتوگۆکانى مەسعود بارزانی، سەرۆکى پارتی دیموکراتی کوردستان ڕۆڵی سەرۆکایەتى هەرێم و حکومەتى “لاواز” کردووە بەوپێیەی ئەو بابەتانە ئەرکی سەرۆکى هەرێم و سەرۆکى حکومەتن.

.

دوێنێ پێنجشەممە، 23ی کانونی دووەمی 2020، ئەحمەد ڕیاز، وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق لە هەولێر سەردانی مەسعود بارزانی کرد و گفتوگۆیان کرد لەبارەى “ئامادەکارییەکان بۆ میوانداریکردنی جامی یارییەکانی عەرەبی 2021 لە بەغدا و بەسرە و هەولێر و سلێمانی.”

.

لە ڕاگەیەنراوی وەزارەتى وەرزش و لاوانی عێراقدا هاتووە کە “کۆبوونەوەکان لەگەڵ بەڕێز مەسعود بارزانی و بەرپرسانی تری هەرێم بۆ ئاسانکاری بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتییە بەرز دەنرخێنن.”

وەزیر ڕادەسپێرێت و ئاسانکاریش دەکات.. بارزانی ڕۆڵی سەرۆکایەتییەکانی هەرێم دەبینێت؟

.

ڕۆژێک پێش ئەو کۆبوونەوەش، مەسعود بارزانی لە بارەگا تایبەتەکەى خۆی بە ناوی “بارەگای بارزانی” پێشوازی لە ژمارەیەك نوێنەری پارێزگای نەینەوا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد.

.

لەبارەى کۆبوونەوەکە، شیروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری پارتی لە بەغدا کە خۆی ئامادەى کۆبوونەوەکە بووە لە فەیسبوکی خۆی نوسیویەتی، “کەمێک پێش ئێستا چاوپێکەوتنمان لەگەڵ فەخامەتی سەرۆک مەسعود بارزانی کۆتایی هات لەبارەى گەڕانەوەى گوندە کوردییەکان و وەزیری ناوخۆیی ئاڕاستەکرد کە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگای نەینەوا بکات.”

وەزیر ڕادەسپێرێت و ئاسانکاریش دەکات.. بارزانی ڕۆڵی سەرۆکایەتییەکانی هەرێم دەبینێت؟

 

دواى زیاتر لەدوو ساڵ بەسەر دەستلەکارکێشانەوەى مەسعود بارزانیدا وەکو سەرۆکى هەرێم بەڵام لەسەر ئاستى واقیع پیادەى بەشێک لە هەمان دەسەڵاتەکانى پێشووى دەکات و هەژمونەکانى لە سێبەردا ماوەتەوە تەنها ناونیشانەکەى لە سەرۆکى هەرێمەوە بۆ سەرۆکى حزبێک گۆڕاوە.

.

عەدنان کۆچەر، خوێندکارى دکتۆرا لە زانستە سیاسیەکان بە ناس کوردى ڕاگەیاند، “نەبونى ئۆپۆزسیۆنى جدى و نەمانى ئۆپۆزسیۆنى سیاسى خاوەن بەرنامە و ئیرادەش یەکێکە لەو هۆکارانە کە دامەزراوە سەرەکییەکانى هەرێم نەچنە سەر ڕێچکەى خۆیان و هەر لەسنورى بەرژەوەندییەکانى خێڵ و بنەماڵەدا بسوڕێنەوە”.

.

کۆچەر دەشڵێت کە ئەگەر “ئۆپۆزسیۆنى پێشوو دەستکارى میکانیزمەکانى دەسەڵاتى بکردایە ئێستا هەندێ دیاردە بەردەوامیان نەدەبوو.”

.

بارزانى لەدواى ڕیفراندۆم

دواى دەستلەکارکیشانەوەشى بارزانى لە پۆستی سەرۆکی هەرێم، هێشتا پیادەى هەمان ڕۆڵە سەرەکیەکەى دەکات، شاندە بیانییەکان دەبنێت و ڕاسپاردەیان بۆ دەردەکات، لەبرى حکومەت بڕیار دەدات لە نوێترین پیادەکردنى ئەو ڕۆڵەیدا کە پێشتر هەیبوو، پێشوازى کردنیەتى لە وەزیرى وەرزش و لاوانى عێراق.

.

هاوکات، ئەکرەمى سەید خالید، چالاکى سیاسى لە شارى دهۆکەوە بە ناس کوردى ڕاگەیاند، “تاکحزبى و یەک سەرۆکى بووەتە ئەمرى واقیع و حزبەکانى ترى هەرێمیش وەکو چاولێکەر گرێدراون بەو سیستمە سەقەتەوە بۆیە کۆى پرسەکە بەسەقەتى بەڕێوەدەچێت، سەرۆک سەروەرى و ڕابەرى نەک لاى پارتى بەڵکو لاى حزبەکانى تر پیادە دەکرێت ئێستاش نەک تەنها بەڕێز بارزانى بەڵکو هەردوو جوت ئامۆزاکەش لای پارتى هەم باوکە و هەم سەروەر و مەرجەعن”.

.

سەید خالید هۆکارى ئەو دۆخە بۆ ئەوە دەگەڕێنیتەوە کە “شۆڕشەکانى کورد لەسەر بنەماى بنەماکانى ماف و پاراستنى نیشتیمان و دەزگا سەرەکییەکانى سەریهەڵنەداوە بۆیە لەسەر بنەماى کۆنەپەرستى بنیاتنراوە بەهاوکارى وڵاتانى دەرەکى لە ئاکامیشدا کۆى سیستمەکەى کردووەتە بنەماڵەى بۆیە ئەو سەرۆکانە هەر ڕۆڵى خۆیان دەگیڕن.”

.

عەدنان کۆچەر ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد کە “لەم ئان و ساتەدا هەموو دەزگا سەرەکییەکانى هەرێم بەئاڕاستەى بەرژەوەندییەکانى بارزانییەکدا وەردەچەرخێت ئەوەش بەکۆمەڵێک هۆکار”.

.

کۆچەى ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد، “پارتى سیاسى لە هەرێمى کوردستاندا وەکو دامەزراوەیەکى فیکرى بوونى نەماوە، و دامەزراوەکانیش لەوانە سەرۆکایەتى هەرێم هەر لە بنەماوە دامەزراوەیەکى شکستخواردبووە و بووەتە بارێک بەسەر شانى خەڵکەوە و هەر لەسەر بنەماڵەى داڕێژراوە و هەموو شتێکى کراوەتە خزمەتى سیستمى خێڵەکیەوە بۆیە هەمان ڕۆڵ ئێستا دووبارە دەبێتەوە.”

.

بەوتەى عەدنان کۆچەر، “پیادەکردنى ئەو ڕۆڵە فراوانەى کە لەئێستاشدا مەسعود بارزانى وەکو سەرۆکى حزبێک دەیگێڕێت کە هەمان ڕۆڵى پێشوویەتى وەکو سەرۆکى هەرێم بەهۆى ئەوەیە کە حزبى سیاسى بەهەموویانەوە ئامادە نین کادیرى باڵا بنێرنە پەرلەمان و حکومەت و زیاتر بەدواى ئەو خەڵکانەدا دەگەڕێن کە بەرنامەکانیان جێ بەجێ دەکەن ئەمەش واى کردووە بۆشایەک لەو دامەزراوانەدا دروستبێت و لەو ڕێگەیە و سیستمى خیڵ جیگەى خۆى بکاتەوە و بەوهۆیەشەوە گروپى بارزانى دروستبوون کە کەس نیە کێ بەرکێیان بکات.”

.

بۆ چارەسەرکردنى ئەو دۆخەکەش، عه دنان کۆچەر دەڵێت، “دەبێت ئەوە بۆ خەڵکى ڕوونبێتەوە ئەوەى چووە دەسەڵاتەوە بە مودیر عامێکیش ئەوا دەبێتە بەشێک لە دەسەڵات، بۆیە پێویستە ئۆپۆزسیۆنێک دروستبێت بڕواى بەم دەسەڵاتە نەبێت بۆ ئەوەى هیچ نەبێت ڕێگرى بکرێت لە شوێنکەوتەکانى حزبى بنەماڵەى و تاکحزبى”.

 

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل