fbpx
Shadow Shadow

بەشى زمانى چینى لە زانکۆى سەڵاحەدین کرایەوە

وەزیرى خوێندنى باڵا: زانکۆکانی کوردستان ئامادەن بۆ پیشوازیکردن لە خوێندکارانى وڵاتى چین

15:26 سێ شه‌ممه‌ 03 کانونی یەکەم 2019
article image

ناس کورد-

بەشى زمانى چینى لە زانکۆى سەڵاحەدین لە هەەولێر کرایەوە، بۆ ئەمساڵى خوێندنیش 18 خوێندکار لەو بەشە وەرگیراون بۆ بەدەستهێنانى بڕوانامەى بەکالۆریۆس لە زمانى چینى.

,

ئەمڕۆ 3ى کانونى یەکەمى 2019، لە ڕێوڕەسمێکدا لە هەولێر بە ئامادەبوونى کونسوڵى گشتیى چین لە هەرێم و بەشێک لە بەرپرسانى هەرێم، بەشى زمانى چینى لە زانکۆى سەڵاحەدین کرایەوە، ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا لەو مەراسیمەدا ڕایگەیاند: “هیوامان وایە کردنەوەی بەشى زمانى چینى ببێتە مایەی زیاتر پتەوکردنی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری میلی چین”.

,

وەزیرى خوێندنى باڵا ئەوەشى خستەڕو: “کۆماری میلی چین یەکێکە لە ئابوریە بەهێزو کاریگەرەکانی جیهان، دەوڵەتێکی بەهێزی پیشەسازییە و لەڕوی ئابورییەوە زۆر بەخێرایی گەشە دەکات و کەرتی خوێندنی باڵاش لە چین زۆر کاریگەر و فراوانە، زانکۆکانی ئەم وڵاتە لە ڕیزبەندی باشترین زانکۆکانی جیهانن، لەبواری خەرجییەکانی توێژینەوە و پەرەپێدان لەسەر ئاستی جیهان لە ڕیزبەندی دوەمدان، بەپێی نوێترین ڕاپۆرتی (World Bank) خەرجی توێژینەوە و پەرەپێدان لە کۆماری میلی چین لە ساڵی 2019دا دەگاتە 500 ملیار دۆلار، کە دەکاتە 22%ى خەرجی توێژینەوە و پەرەپێدانی هەمو جیهان”.

,

ئارام محەمەد قادر ئاماژەى بەوەشکرد، ئەوان هیوا دەخوازن بتوانن پەیوەندی زیاتر لەگەڵ زانکۆکان و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵای کۆماری میلی چین دروست بکەن، وتیشی، دەیانەوێت بە هاوکاری لەگەڵ کونسوڵی گشتی ئەو وڵاتە کار بکەن بۆ رەخساندنی هەماهەنگی زانستی و ئاڵوگۆڕی مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکاران و ئەنجامدانی کار و توێژینەوەی هاوبەش لەگەڵ زانکۆکانی چین.

,

وەزیرى خوێندنى باڵا ڕاشیگەیاند، زانکۆکانی کوردستان ئامادەن بۆ پیشوازیکردن لەو خوێندکارانەی چین کە دەیانەوێت لە هەرێم بخوێنن لە ئاستی بەکالۆریۆس و خوێندنی باڵا، هەروەها پیشوازی لەو خوازیارانەش دەکات کە دەیانەوێت بۆ وەرگرتنی کۆرسی کورت خایەن یان بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی بێنە هەرێمی کوردستان.

,

بەگوێرەى ڕاگەیەندراوێکى خوێندنى باڵاى هەرێم، هەر لە ڕێوڕەسمى کردنەوەى بەشى زمانى چینى لە زانکۆى سەڵاحەدین، هەریەک لە ئەحمەد دزەیى، سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەدین و نی روچى، کونسوڵى گشتیى چین لە دوو وتەى جیادا، ئاماژەیان بە گرنگى و هەنگاوەکانى کردنەوەى بەشى زمانى چینى لە کۆلێژى زمانى زانکۆى سەڵاحەدین کردووە، ئەوەش ئاشکراکراوە بۆ ساڵى خوێندنى 2019-2020، ژمارەى خوێندکارانى وەرگیراو لەو بەشە نوێیە بریتییە لە 18 خوێندکار.

 

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل