fbpx
Shadow Shadow

"یەکێتی باوەڕی بەئەنجامی ئەو لیژنەیە نییە"

وەزارەتی ناوخۆ: لەبارەى رێگریکردن لە مەحمود سەنگاوى ئاگاداری پێکهێنانی هیچ لیژنەیەک نین [تایبەت]

19:17 شه‌ممه‌ 21 ئه‌یلول 2019
article image

ناس کورد –

ژمارەیەک بەرپرسی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم بێئاگایى خۆیان دەردەبڕن لە پێکهێنانی هیچ لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەبارەى ڕووداوی ڕێگریکردن لە مەحمود سەنگاوی، ئەندامى مەکتەبى سیاسى یەکێتى بۆ چوونە ناو شارى هەولێر و پەرلەمانتارێکی یەکێتیش جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە “ئەگەر لیژنەش پێکبهێنرێت سودی نابێت و باوەڕیان پێی نییە”.

.

ڕۆژی (پێنجشەممە، 21ی ئەیلولی 2019)، لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان رایگەیاند “لەبازگەی نازەنین، ڕێگری لە مەحمود سەنگاوی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کراوە بۆ ئامادەبوون لە کۆبوونەوەى مەکتەبى سیاسى بچێتە شاری هەولێر و گەڕێندرایەوە بۆ سلێمانی”.

.

لەبەرامبەر بە کاردانەوەکانى یەکێتیش لەسەر ئەو رووداوە، وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێم راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا جەختى لەسەر ئەوە کردەوە “لیژنەیەکى لێکۆڵینەوە لەبارەى رووداوەکە پێکدەهێنن”.

.

جەلال شێخ کەریم، بریکاری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ناس کوردی وت “بەهیچ شێوەیەک ئاگادار نیم کە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەو ڕوداوە پێکهاتبێت و هەتا ئێستاش هیچ شتێکیان لەو بارەیەوە بە ئێمە نەوتوە”.

.

وتیشی، نازانم ئەو لیژنەیە پێکهێنراوە یاخود نا و جگە لەو  راگەیەندراوەى وەزارەت هیچی ترم نەبیستوە.

.

موئەید سەڵاح، بەڕێوبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهەمان شێوە بێئاگایی خۆی نیشاندا لە پێکهێنانى هەر لیژنەیەک لەو بارەیەوە بۆ ناس کوردی روونکردەوە “نازانم کە لیژنەیەکی لەو شێوەیە بۆ لێکۆڵینەوە لەو بارەیەوە پێکهێنرابێت”.

.

باڵانبۆ محەمەد، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی و لیژنه‌ى پێشمه‌رگه‌ و ناوخۆ لە پەرلەمانی کوردستان، پێکهێنانى تەنها لیژنەیەک لە بارەى رووداوەکە بە وەڵامدەرەوەى تەواوى یەکێتى نابینێت و بە ناس کوردی وت “پێکهێنانی وەها لیژنەیەک نابێتە وەڵام بۆ یەکێتی و لیژنەیەکی ئاوهاش ناشتوانێت ئەنجامەکانی ئەو ڕوداوە دەربخات چونکە ڕاستەوخۆ بەرپرسانی باڵای پارتی و سەرۆکی حکومەت بەرپرسیارن لەو ڕوداوە و ئێمە باوەڕیشمان بەو لیژنەیە نییە ئەگەر دروستیش بکرێت”.

.

ئاماژەی بەوەشدا “پارتی خۆی بەرپرسیارە لەو ڕوداوە و بەشێوەیەکی فەرمیش پەیوەندیان پێوەکردوین و داوای لێبوردنیان کردوە لەڕێگای تەلەفۆنەوە و پێیان وتوین سەرۆکی حکومەت ئاگاداری ئەو ڕوداوە نەبوە، بەڵام ئەگەر سەرۆکی حکومەت هەر بە ڕاستی سەرۆکی هەموو حکومەتی هەرێم بێت چۆن ئەبێت ئاگاداری ڕوداوێکی وا نەبێت و چۆن ئەبێت لێکۆڵینەوە نەکات و لایەنی کەمتەرخەم سزا نەدات و ئیتر ئەفسەر بێت یان کارمەند بێت یان هەر کەسێکی بازگەکە بێت، ئەگەر لەسەر داواکاری بەرپرسانی پارتی نەبێت چۆن ئەفسەرێک دەتوانێت کارێکی ئاوها بکات”.

.

بەوتەى ئەو پەرلەمانتارەى یەکێتى “یەکێتی کاتێک واز لەو بابەتە دەهێنێت کە دەبێت پارتی بەفەرمی لە میدیاکانەوە داوای لێبوردن بکات و هەروەها ئەو لایەنەش ئاشکرا بکات کەو ئەو ڕێگرییەی ئەنجام داوە، وە ئەو ڕوداوەش زیانى گەورە لەحکومەت دەدات و دەسیسەلمێنێت کە پارتی تەنها لەزۆنی زەردا حکومەتە و خەونی حکومەتی هاوبەش لەناو دەبات”.

.

رووداوى رێگریکردن لە مەحمود سەنگاوى، ئەندامى مەکتەبى سیاسى یەکێتى بۆ چوونە ناو هەولێر کاردانەوەى جۆراوجۆرى دروستکرد و هاوکات لەگەڵ ئەو رووداوەدا لە شارى سلێمانى و لە درەنگانێکى شەودا تەقە لە بارەگاى لقى ٤ى پارتى کرا و شەوێک دواى ئەو رووداوەش لە شارى هەولێر تەقە لە دوو بارەگاى یەکێتى کرا.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل